قیرغستان 99 ژن و منداڵی خێزانەکانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان دەگەڕێنێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان 27 ژن و 72 منداڵی خێزانە داعشەکان رادەستی شاندێکی کۆماری قیرغستانی کرد کە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی رۆژئاوای کوردستانیان کردبوو.
 
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەم هەفتەیە 99 ژن و منداڵی قیرغستانی لە کەمپەکانی هۆل و رۆژی رۆژئاوای کوردستان گەڕێندراونەتەوە. 
 
بە پێی راگەیێندراوی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژئاوای سووریا، شاندێکی کۆماری قیرغستان بە سەرۆکایەتیی باکیت کادیرۆڤ، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە بەمەبەستی وەرگرتنەوە و گەڕاندنەوەی ژمارەیەک ئەندامی خێزانی چەکدارە داعشەکانی خەڵکی ئەو وڵاتە رۆژی چوارشەممە، 21ی شوباتی 2024 سەردانی رۆژئاوای کوردستانیان کرد.
 
شاندەکە لەلایەن رۆبێل بەهۆ، جێگری هاوسەرۆکایەتیی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر؛ خالید ئیبراهیم، ئەندامی دەستەی بەڕیوەبەرایەتیی دەستەکە و لانا حوسێن نوێنەری یەکینەکانی پاراستنی ژن - یەپەژەوە پێشوازی کرا.
 
باکیت کادیرۆڤ، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی قیرغستان لە کۆبوونەوەکەدا بە بۆنەی رەخساندنی دەرفەت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ژن و منداڵانە سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدەی کرد.
 
دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، "باکیت کادیرۆڤ لە کۆبوونەوەکەدا گوتی، کۆماری قیرغستان دان بە قوربانیدانەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە بەرامبەر داعشدا دەنێت."
 
بە پێی راگەیێندراوەکە، رۆبێل بەهۆ، جێگری هاوسەرۆکایەتیی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژە بە بەردەوامیی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانیان کرد و رایگەیاند، "هێرشەکانی تورکیا زیان بە شەڕی دژی داعش دەگەیێنێت، چالاکییەکانی رزگارکردنی خێزانەکانی داعش لاواز دەکات و دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی داعش بتوانێت دووبارە ریزەکانی رێکبخات."
 
رۆبێل بەهۆ هەروەها ئاماژە بەوەش کردووە، "هێرشەکانی تورکیا لە دژی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، پێشێلکردنی یاسا و پەیماننامە نێودەولەتیەکانە، بە تایبەت پێشێلکردنی رێککەوتننامەی جنێڤ و ئامانج لەو هێرشانەوە چۆڵکردنی ناوچەکە و ئاوارەکردنی خەڵکە."
 
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بەڵگەی رادەستکردنی 27 ژن و 72 منداڵی خێزانە داعشەکان لە نێوان دوو لایەن واژۆ کرا و ئەو ژن و منداڵانە رادەستی شاندی قیرغستان کران، بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە وڵاتی خۆیان. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لە ساڵی 2023 دا، لانیکەم 4500 کەس لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ-ی رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕێندراونەتەوە وڵاتی خۆیان.