سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران: ئەمڕۆ هەشت بارهەڵگر هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە دەنێرین

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەشت بارهەڵگر هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە کۆکراوەتەوە و ئەمڕۆ بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان دەنێردرێن. سەرپەرشتیاری ئەو ئیدارەیە دەڵێت، نزیکەی 280 ملیۆن دیناریش پارە کۆکراوەتەوە و بەپێی پێویست کەلوپەلی پێ دابین دەکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە 23-02-2023 هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە بەختیار قادر، پەیامنێری رووداوی گوت، "چەند رۆژێکە تیمە خۆبەخشەکان، هەموو کەلوپەلە کۆکراوەکانیان بە شێوەیەکی رێکوپێک لێک جیاکردووەتەوە و خستوویانەتە سندووقی خۆیان، ئێستا ئامادە کراون بۆئەوەی رەوانەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان بکرێن."
 
دوو رۆژ دوای بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا یەکەمین کاروانی فریاگوزاری و هاوکاریی هەرێمی کوردستان گەیێندرایە باکووری کوردستان و تورکیا و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت.
 
لە کۆبوونەوەکە پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان راسپێردراون کە کەمپینێکی بەرفراوانی گەیاندنی هاوکاری و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ زیانلێکەوتووانی کارەساتەکە" رابگەیێنن.
 
هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی، ئەو هاوکارییانە لە هەشت بارهەڵگردا رێکخراون و لەسەر ئاستی قایمقامییەتەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، قەزای مێرگەسۆر، بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی، زیاترین هاوکاری کۆکردووەتەوە و تەنیا لەو قەزایە، هەشت بارهەڵگر هاوکاری دابینکراوە.
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتیشی، جگە لەو کەلوپەلە، نزیکەی 280 ملیۆن دیناریش کۆکراوەتەوە، کە بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی ناوخۆ، زیانلێکەوتووان پێویستییان بە هەر کەلوپەلێک هەبێت، لە رێگەی لیژنەیەک ئامادە دەکرێن و لەگەڵ ئەم هاوکارییانە رەوانەیان دەکەین. 
 
هەڵگورد شێخ نەجیب ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو ئاسانکارییەک لەسەر سنوور کراوە و ئەمڕۆ هاوکارییەکان بە دەستی لێقەوماوان دەگات، "بە ئێمە راگەیێندراوە لیستی کەلوپەلەکە، بە هەموو زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی و کوردی بنووسین."
 
بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک کە چەقەکەی مەرەش بوو، 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان، هەروەها رۆژئاوای کوردستان و سووریاشی گرتەوە. تائێستا زیاتر لە 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان هەزار کەسیش بریندار بوون.
 
رۆژی دووشەممە 20ی شوبات، دوو بوومەلەرزەی دیکە بە گوڕەکانی 6.4 و 5.8 پلە بە پێوەری رێختەر لە شارۆچکەکانی دەفنە و سامانداغ سەر بە پارێزگای هاتای تورکیا روویاندا، کە بەهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستدا و 562 کەسیش بریندار بوون.