رێکخراوێکی تایبەت بە پرسی ئەنفال: وەزارەتی شەهیدان کەمتەرخەمە لە گەڕانەوەی رووفاتی کەسوکارمان

23-02-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕێکی یاسای نێودەوڵەتی دەڵێت، حکومەتی عێراق کەمتەرخەمە لەئاست هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە کورد کراون لەلایەن بەعسەوە. سەرۆکی رێکخراوی لاهای بۆ پرسی ئەنفال دەڵێت، "حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمتەرخەمن لەئاستی بەجینۆساید ناساندنی شاڵاوی ئەنفال و گەڕانەوەی رووفاتی کەسوکاریان."
 
لە زانکۆی کوفە لە نەجەف، دووەم کۆنفرانسی تایبەت بە ناساندنی تاوانەکانی حکومەتی عێراق لە سەردەمی بەعس بەڕێوەچوو. د. هونەر ئەمین، پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی و مامۆستای زانکۆی چەرموو بە رادیۆی رووداوی گوت، ئەم کۆنفرانسە زانستییە لەلایەن زانکۆی کوفەوە، بۆ ساڵی دووەمە لەسەر تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراق بەڕێوە دەچێت و تێیدا پسپۆڕانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و تاوانە نێودەوڵەتییەکان توێژینەوە زانستییەکانیان دەخەنەڕوو.
 
د. هونەر ئەمین گوتیشی، لە کۆنفرانسەکەدا کار لەسەر ئەوە دەکرێت چۆن گۆڕە بەکۆمەڵەکان وەکو بەڵگەیەکی نێودەوڵەتی تۆمار بکرێن و لە دواڕۆژدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەکو بەڵگەیەک بۆ تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراق بەکاربهێندرێت.
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی یاسای نێودەوڵەتی، گۆڕە بەکۆمەڵەکان خۆی بە جیا تاوانێکی نێودەوڵەتییە، ئێستا ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی هەڵنەدراونەتەوە، بە تێپەڕبوونی کات ئەگەری لەنێوچوونیان لەسەرە و ئەو کارانەی لەلایەن حکومەتەوە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان و بە بەڵگەکردنیان"دۆکیۆمێنتکردن"، لە ئاستی پێویستدا نین.
 
ئەو مامۆستایەی زانکۆی چەرموو دەشڵێت، "هەڵدانەوە و تۆمارکردنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەرپرسیارێتی و ئەرکی حکومەتی فیدراڵیی عێراقە بە پلەی یەکەم، بەڵام هیچ هەوڵێکی رژد و جیددی نەبوون بۆئەوەی ئەو گۆڕانە هەڵبدرێنەوە و رووفاتەکانی بگەڕێندرێنەوە ناوچەکانی خۆیان."
 
حکومەتی عێراق، تاوەکو ئێستا نەبووەتە ئەندام لە دادگەی تاوانی نێودەوڵەت. لەوبارەیەوە د. هونەر ئەمین ئەوەی خستەڕوو، "دەبێت گوشار لە حکومەتی عێراق بکرێت بۆئەوەی ببێتە ئەندامی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی، چونکە ئەگەر عێراق نەبێتە ئەندام لە دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی، ئەگەری دووبارەبوونی ئەم تاوانانە هەیە."
 
ئەو پسپۆڕەی یاسای نێودەوڵەتی دەشڵیت، "ئەو قسەیەی دەڵێن، لەبەر ئەوەی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق پێشتر شاڵاوی ئەنفالی بە جینۆساید ناساندووە، دادگەیەکی دیکەی نێودەوڵەتی ناتوانێت ئەو تاوانە بە جینۆساید بناسێندرێت، هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، ئەوە خواستی بەشێک لە زلهێزەکانە و نایانەوێت تاوانەکە بە جێنۆساید بناسێندرێت."
 
لەکاتی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی بەرامبەر گەلی کورد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پابەند دەکرێت بۆ پاراستنی نێودەوڵەتی، بۆئەوەی پارێزراو بێت لە هەر تاوانێکی جێنۆساید بەرامبەری بکرێت لە داهاتوودا.
 
هاوکات سعود سەنگاوی، سەرۆکی رێکخراوی لاهای بۆ پرسی ئەنفال دەڵێت، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق، لە ئاستی قوربانیان و کەسوکاری ئەنفالکراواندا کەمتەرخەمن، چونکە لە ئاداری 2019وە رووفاتی 171 ئەنفالکراو لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە دەرهێندراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەڕێندراونەتەوە زێدی خۆیان.
 
سەرۆکی رێکخراوی لاهای بۆ پرسی ئەنفال دەشڵێت، "ئەوەی بۆ کەسوکاری ئەنفال کراوە (لە مردن رزگارکردنە، بژی و مەمرەیە)، چونکە ئەو مووچەیەی بۆیان دابینکراوە لە ئاستی قوربانیی ئەواندا نییە و ناکرێت ئەو مووچەیەی دەدرێتە کەسوکاری ئەنفالکراوان وەکو منەتکردن تەماشا بکرێت."
 
سعود سەنگاوی گوتیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق رژد نەبوون بۆ ئەوەی تاوانی ئەنفال وەکو جێنۆساید لەسەر ئاستی جیهانی بناسێندرێت، بۆیە پێویستە گوشارەکانی لەسەر حکومەتی فیدراڵیی عێراق زیاد بکرێت بۆئەوەی ببێتە ئەندامی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی و تاوانی ئەنفال بە جێنۆساید بناسێندرێت.
 
بە گوتەی سەرۆکی رێکخراوی لاهای بۆ پرسی ئەنفال، "جیاوازی دەکرێت لە قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی رژێمی بەعس، چونکە ئەوەی بۆ قوربانیانی دووجەیل کراوە، بۆ ئەنفال و کیمیاباران نەکراوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە