نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ: هەفتەی داهاتوو لە هەولێر و دهۆک مووچەی وانەبێژان دابەشدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە پەروەردەکانی هەولێر و دهۆک مووچەی مانگی کانوونی دووەمی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت.
کارۆخ عەبدولڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 23-2-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پارەی مامۆستایانی وانەبێژ کراوەتە چەک و هەفتەی داهاتوو لە هەولێر و دهۆک دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک دەکرێت، رەنگە بەشێک لە پەروەردەکانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش هەر ئەوکاتە مووچە دابەشبکەن".
زۆرجار بەهۆی نەبوونی پارە لە بانکەکانی سلێمانی، مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ لەو سنوورە دوادەکەوێت، کارۆخ عەبدولڵا لەوبارەوە گوتی: "ئەوەندەی ئاگاداربین، تائێستا گرفتی نەبوونی پارە نییە و دوای خانەنشینان مامۆستایانی وانەبێژی ئەو سنوورەش مووچە وەردەگرن، بەڵام رەنگە بکەوێتە کۆتایی هەفتەی داهاتوو".
بەگشتی کەمترین مووچەی مانگانەی مامۆستایانی وانەبێژ 250 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان 400 هەزار دینارە، بەڵام مووچەکانیان بەگوێرەی بڕوانامەکانیش دەگۆڕێت.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 33 هەزار وانەبێژ هەن؛ 11 هەزاریان لە پارێزگای هەولێر، 10 هەزار لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و 12 هەزاریش لە سنووری پارێزگای دهۆکن.