گوندێکی خەبات 1500 مەتر لە تۆڕی کارەباوە دوورە و 38 ساڵە کارەبای نیشتمانیی نییە


رووداو دیجیتاڵ

بێ کارەبایی بووەتە رێگر لە چوونی بووکێکی تازە بۆ گوندێکی سنووری قەزای خەبات. گوندی کوندەک 38 ساڵە کارەبای گشتی نییە. جگە لەوە؛ ئەو گوندە کێشەی رێگەوبان و تۆڕی ئاو هەیە و قوتابخانەیشی لێ نییە.
 
مام جەبار چاوەڕوانی پێشوازیکردن بوو لە تازە بووکی ماڵەکەی، بەڵام دەڵێت، بووکەکە پێیگوتوون کە تاوەکو گوندەکەیان کارەبای بۆ رانەکێشرێت، ئامادە نییە بچێتە ئەو گوندە و لەوێ بژی. مام جەبار لە تەمەنی گەنجییەوە لە گوندی کوندەک دەژی، ئێستا نەوەی هەیە و هێشتا گوندەکەی بێ کارەبایە.
 
جەبار سەعدۆ، دانیشتووی گوندی کوندەک بە رووداوی گوت، "[کوڕێکم] ئەمساڵ ژنم بۆ مارە کردووە هێشتا نەمگواستووەتەوە، بەڵام [بووکەکە] ئامادە نییە بێتە ئێرە، چونکە کارەبامان نییە.. گوندەکەمان بێ کارەبایە [بووکەکە] بێتە ئەم سەحرایە چی! نە ئاو هەیە نە کارەبا هەیە نە خانوو هەیە، هیچ نییە."
 
گوندی کوندەک تاکە گوندی سنوری قەزای خەباتە کە 38 ساڵە کارەبایان بۆ رانەکێشراوە لە کاتێکدا تەنیا 1500 مەتر لە تۆڕی کارەبای نیشتیمانییەوە دوورە، دانیشتووانی گوندەکە هەموویان موەلیدەی کارەبایی بچووک بەکاردەهێنن.
 
جەلیل سەعدۆ، موختاری گوندی کوندەک دەڵێت، "گەنج بووم و سەر و ریشم سپی نەببوو کارەبامان نەبوو، ئێستا سەر و ریشم سپی بووە و کارەبامان هەر بۆنەهاتووە."
 
راکێشانی تۆڕی کارەبای نیشتمانی بۆ گوندی کوندەک پێویستی بە 106 ملیۆن دینارە. ئەردەڵان کاوێس، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای خەبات باس لەوە دەکات، "دەبێت پڕۆژەکە لەسەر بودجەی 8٪ـی کارەبا جێبەجێ بکەین بەهۆی ئەوەی بودجەمان نییە، بۆیە پڕۆژەکەمان بەرز نەکردووەتەوە بۆ سەرووی خۆمان."
 
دانیشتووانی گوندەکە لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە نەبوونی کارەبا، رێگەوبان، تۆڕی ئاو و قوتابخانە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن، هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.