کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان: بەڵێنمان پێدراوە ئەمساڵ 7 ملیۆن دۆلارمان بۆ خەرجبکرێت


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان رایگەیاند، بەڵێنیان پێدراوە ئەمساڵ حەوت ملیۆن دۆلاریان بۆ خەرجبکرێت بۆ ئەوەی دەست بە کارکردن لە پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان بکەن. دەشڵێت، ئەگەر ئەو پارەیە خەرجبکرێت ئەمساڵ پڕۆژەکە تەواو دەکەن.
 
قەزای دەربەندیخان گرفتی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی هەیە، بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکەش لە ساڵی 2013 بەردی بناخەی پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان دانرا، بەڵام بەهۆی نەدانی پارە، کۆمپانیای جێبەجێکار کارەکانی راگرتووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 23-2-2023، هێمن سلێمان، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نازانین ئەو حەوت ملیۆن دۆلارەی بۆمان خەرج دەکرێت بە یەکجاری پێمان دەدرێت یاخود بە چەند هەنگاوێک، بەڵام ئەگەر بۆمان خەرجبکرێت ئەوە ئەمساڵ پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان تەواو دەکەین، چونکە نزیکەی 55٪ بۆ 60٪ی کارکردن تێدا تەواوبووە." 
 
رۆژی 1ی ئەم مانگە، بەشێک لە هاونیشتمانییانی دەربەندیخان دەستیان بە گردبوونەوە کرد و داواکاریی سەرەکییان دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کارەبا بوو. 
 
بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان رۆژی 6ـی شوبات، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر فرۆشتنی زەوییەک بە 20 ملیۆن دۆلار دا بۆ ئەوەی بەشێک لەو بودجەیە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان خەرجبکرێت. 
 
بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکەش دەڵێت: "دووشەممەی داهاتوو لەگەڵ نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت کۆدەبینەوە و ئەو کات دەزانین هەنگاوی یەکەم چەندمان بۆ خەرجدەکەن و راستەوخۆ دوای ئەوە دەستبەکارکردن دەکەینەوە." 
 
بودجەی پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان 19 ملیۆن دۆلارە. هێمن سلێمان دەشڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا چوار ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجکردوون و کۆمپانیاکە لەسەر حیسابی خۆی بە گوژمەی زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار کاری کردووە."