دوو هەفتەیە نرخی پیاز گران بووە؛ 'خەڵک لە جاران زیاتر دەکڕن و نازانین هۆکار چییە'
رووداو - سلێمانی
لەبەر بەلەدێکەی سلێمانی نرخی هەموو سەوزە و میوەکان وەکو خۆیەتی جگە لە پیاز کە دوو هەفتەیە نرخەکەی گران بووە، ئەویش بووە بە باسی گەرمی خەڵک.
عائیشە ئیبراهیم، کابانی ماڵە و دەڵێت، "هەرگیز بینیوتە پیاز ئەوەندە گران بێت؟ خەتایی بازاڕ نییە، خەتای دۆلارەکەیە، سەوام کرد گران بوو و نەمکڕی، بە حەیاتی نەبووە پیاز ئەوەندە گران بێت، لە هەزار کەمتریش بوو کە دەمان کڕی."
جەمال 20 ساڵە لە هەمان جێگە و هەمان بازاڕ بەقاڵی دەکات، گرانبوونی پیاز جگە لەوەی بازاڕی گەرم کردووە، بووە بە هۆکاری دڵخۆشییان، چونکە هەموو نوکتە و پێکەنینەکانیان لەسەر گرانبوونی پیازەکەیە.
جەمال ئەنوەر، بەقاڵ دەڵێت، "کە گران بوو، خەڵکەکە دێن دەیکڕن. جاران نیو یان یەک کیلۆی کڕیبایە ئێستا دەڵێت سێ چوار کیلۆم پێبدە، نازانین چی تێدایە وا خەڵک ئەوەندە حەزی لێیە بەم گرانیە بیکڕێت."
تیمی رووداو چوونە عەلوەی سلێمانی، سێ جۆر پیاز لە بازاڕەکە مامەڵەیان پێوە دەکرێت، کە لە ئێران، سووریا و میسرەوە هاوردە دەکرێن.
رەحیم 25 ساڵە لە گەڕەکەکانی سلێمانی بەقاڵی گەڕۆکە، زیاتر لە دوو هەفتەیە هەر کیلۆیەک لەو پیازەی دەیفرۆشێت، لە 500 دینارەوە تاوەکو نزیکەی 3000 دینار بەرزبووەتەوە.
رەحیم ئەحمەد، بەقاڵی گەڕۆک ئاماژە بەوە دەکات، "نرخەکە تاوەکو 2400 دینار بەرزبووەتەوە، خەڵک هەر دەیکڕن و لە جاران زیاتریش، وادەزانن نامێنێت."
گرانبوونی نرخی پیاز هۆکارەکەی زیادکردنی گومرکە لە دیوی وڵاتی ئێران بە شێوەی 100%. بۆ هەرزانبوونی نرخەکەی بازرگانانی عێراق و هەرێمی کوردستان پەنایان بۆ وڵاتی هیندستان بردووە و لەوێ پیاز هاوردە دەکەن.
عەتا محەممەد، نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی دەڵێت، "لە هەفتەی داهاتوودا نرخی پیاز هەرزانتر دەبێت، چونکە جگە لەو پیازەی لە بازاڕ هەیە، لە هیندستانەوە دوو باخیرە پیاز بەڕێگەوەیە کە نزیکەی هەزار تۆن دەبن، ئەمەش وا دەکات نرخەکەی هەرزانتر بێت."
بەپێی ئامارەکانی عەلوەی سلێمانی، رۆژانە 250 بۆ 300 تۆن پیاز دێتە بازاڕەکە، کاریش بۆ هەرزانکردنی نرخەکەی دەکەن کە ئێستا بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو 500 دینار نرخەکەی هەرزانتر بووە.