بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دوو بڕیاری لەبارەی خزمەتی سەربازییەوە دەرکرد

23-02-2022
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن هەسەدە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان، بڕیاری لێخۆشبوونی گشتی بۆ هەموو ئەو کەسانە دەرکرد، کە لە خزمەتی سەربازی هەڵاتوون، بەفەرمانێکیش لەدایکبووانی ساڵی 1998 تاوەکو 2004ی بانگهێشتکردووە بۆ خزمەتی سەربازی.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ی شوباتی 2022، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان دوو بڕیاری لەبارەی خزمەتی سەربازییەوە لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەرکرد.
 
لەبڕیاری یەکەمیاندا لێخۆشبوونێکی چوارخاڵییە و ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە خزمەتی سەربازی هەڵاتوون و لە رۆژی 24ی شوباتی 2022شەوە کار بەو نووسراوە دەکرێت.
 
لێخۆشبوونەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بەپێی راگەیێنراوی هاوسەرۆکایەتیی نووسینگەی بەرگریی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوا لە کردە تیرۆریستییەکان یان تاوانەکانی کوشتن یان دزین یان دەستبەسەرداگرتن تێوەنەگلابن، ماوەی 45 رۆژ بۆ ئەو کەسانە دیاریکراوە، کە لەخزمەتی سەربازی هەڵاتوون و لەناو سووریان، بۆ ئەوەی سەردانی بنکەی ئەرکی بەرگریی بکەن، هەروەها 90 رۆژیش بۆ ئەو ‌هەڵاتووانە دیاریکراوە، کە لە دەرەوەی سووریان.
 
هەر لەو راگەیێندراوەدا هاتووە ئەو کەسەی لە کاتی خزمەتی سەربازیی هەڵاتووە ئەو ماوەیەی بۆ هەژماردەکرێت، کە خزمەتی کردووە پێش هەڵاتنی.
 
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر فەرمانێکی دیکەی دەرکردووە، ئەو کەسانەی بانگهێشت کردووە بۆ خزمەتی سەربازی، کە لە ماوەی نێوان 1/1998 بۆ 31/3/2004 لە دایکبوون، بۆ ئەوەی پەیوندییان پێوەبکەن بەمەبەستی دەستکردن بەخزمەتی سەربازی لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر.
 
بەپێی یاسای خزمەتی سەربازی کە لەساڵی 2019 لەلایەن ئەنجوومەنی گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاواوە پەسندکراوە و لە 35 ماددە پێکدێت، ماوەی خزمەتی سەربازی 12 مانگە، ئەو کەسانەی دەتوانن خزمەتی سەربازی بکەن، دەبێت پەیوەندی بە بنکەی ئەرکی بەرگری بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە