دەروێش تاهیر تاوەکو کۆچی دواییکرد بۆ هاوژینەکەی 'دەگریا و نزای دەکرد'


رووداو دیجیتاڵ 

چیرۆکی خۆشەویستیی دەروێش تاهیر و ئامینەی هاوژینی نموونەیی بوو، دەروێش تاهیر تاوەکو کۆچی دواییکرد، بەردەوام نزای بۆ هاوژینە کۆچکردووەکەی دەکرد کە لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو کۆچی دواییکردبوو. 
 
چالاک سابیر، کوڕەزای تاهیر سابیر مەحموودی تەمەن 93 ساڵانە کە بە دەروێش تاهیری شێخبزێنی ناسراوە، بە رووداوی گوت، "نەنکم لە 3-8-2020 کۆچی دواییکرد، باپیرم بە کۆچی دوایی ئەو خەمێکی زۆر دایگرت. بەردەوام نزای بۆ دەکرد و بۆی دەگریا".
 
خێزانەکەی دەروێش تاهیر خەڵکی گوندی کانییە رەشی سەر بە شارۆچکەی شوانن لە سنووری کەرکووک. ئەو نزیکەی 74 ساڵ بوو لەگەڵ ئامینە مستەفای هاوژینی ژیانی هاوژینییان پێکهێنابوو. تاوەکو دوایین ساتەکانی تەمەنیشیان، لە ماڵێکدا لە گەڕەکی ئازادیی کەرکووک پێکەوە دەژیان.
 
چالاک ئاماژەی بەوە کرد، "باپیرم نەنکمی زۆر خۆشدەویست، هەندێک جار دوای کۆچی دوایی نەنکم باسی بەسەرهاتە خۆشەکانی دەکرد و بۆی دەگریا". 
 
دەروێش تاهیر هەرچەندە تەمەنی لە سەرووی 90 ساڵانەوە بوو، بەڵام بە گوتەی کوڕەزاکەی، هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنی نەبووە. گوتی، "رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر خەمی پێدا و کەمێک لەپێی خست، بەڵام تاوەکو کۆچی دواییکرد هەر تەندروستیی باش بوو و شیرینی و چەوریشی دەخوارد". 
 
دەروێش تاهیر رۆژی دووشەممە 22-2-2021 لە کەرکووک کۆچی دواییکرد. چالاک دەڵێت، باپیری خاک و نیشتمانی زۆر خۆشویستووە و "هەمیشە دەیگوت، 'ئەو کەسانەی خاک و نیشتمانیان خۆشبووێت، هەرگیز رەزیلی بەردەستی کەس نابن' ". 
 
پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات، چالاک باپیری بردووەتەوە بۆ گوندەکەی خۆی، دەڵێت، "کاتێک دەچووینە ئەو شوێنانەی لەگەڵ نەنکمدا پێکەوە بوون، دەگریا". باسی لەوەشکردووە، کە چۆن بە گاجووت پارچە زەوییەکیان لە گوندەکە کێڵاوە بۆ ئەوەی بژێویی ژیانیان پەیدا بکەن. چالاک ئاماژەی بەوە کرد، "باپیرم پێی گوتم، ئێستا جوانی زۆر بووە، بەڵام خەڵک نایبینێت، ئەوان زیاتر دوای پارە کەوتوون".