سیمیناری گەشتیاریی فیلیپین لە هەولێر بەڕێوەچوو

24-02-2019
هادی سەلیمی
هادی سەلیمی @hadiselimi
 نزیکەی 10 ملیۆن فیلیپینی لە وڵاتانی دیکە کاردەکەن
نزیکەی 10 ملیۆن فیلیپینی لە وڵاتانی دیکە کاردەکەن
نیشانەکردن فیلیپین
A+ A-

رووداو - هەولێر

سمیناری گەشتیاریی فیلیپین بۆ دەرخستنی دەرفەتە گەشتیاری و بازرگانییەکانی فیلیپین لە هەولێر بەڕێوەچوو و، باڵیۆزی فیلیپین لە بەغدا باسی وڵاتەکەی بۆ نزیکەی 50 کەس لە بازرگانان و خاوەن کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان کرد.

مێرسی، فەرمانبەرە لە کۆمپانیایەک لە هەولێر و دەڵێ "من، هەستێکی باشترم هەیە لێرە. هەست بە ئاسایش دەکەم. ئەگەر کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دیکە بەروارد بکەم، کوردستانم پێ باشترە، چونکە من پێشتر لە بەحرەینیش ژیاوم، لەوێ هەستم بە ترس دەکرد، بەڵام کە هاتمەوە هەولێر هەستم بە ئاسایش کرد و وەکە ئەوەیە لە وڵاتی خۆم بم".

فیلیپین نزیکەی 108 ملیۆن دانیشتووی هەیە، نزیکەی 10 ملیۆنیان لە وڵاتانی دیکە کاردەکەن. جولیا تێرۆسی باسی لە کردنەوەی کونسوڵخانەی فیلیپین لە هەولێر کرد لە داهاتوویەکی نزیکدا.

جولیا تێرۆسی، باڵیۆزی فیلیپین لە عێراق دەڵێ "ئێمە ئێستا پلانمان هەیە کونسوڵخانەی فیلیپین لە هەولێر بکەینەوە و ئامادەکاریمان کردووە، تاوەکو هەم خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی کوردستان دابینبکەین، هەم خزمەتگوزاری بەو نزیکەی دوو هەزار و 500 هاونیشتمانییە پێشکەش بکەین، هەروەها بۆ بازرگانە کوردەکانیشە".

هاووڵاتییانی زیاتر لە 150 وڵات دەتوانن بەبێ ڤیزا گەشت بۆ فیلیپین بکەن، بەڵام عێراق لەو وڵاتانەدا نییە بۆیە یەکێتی گەشتوگوزار و فڕۆکەوانیی کوردستان هیوادارە بەم سمینارە بتوانێت رێگەی گەشتی راستەوخۆ لە کوردستانەوە بۆ فیلیپیین بکرێتەوە.

فەلاح ئەنوەر، خاوەنی کۆمپانیای بازرگانی و گەشتوگوزار دەڵێ "پێویستمان بە دەرفەتی گەشتیاری و بازرگانیی نوێیە تاوەکو کوردستان بە وڵاتانی دیکە گرێبدەین کە لە حاڵی گەشەدان وەکو فیلیپین".

فیلیپین لە ساڵی 2017ـدا خێراترین گەشەی ئابووری لە ئاسیادا هەبووە و لە ساڵی 2018ـدا رێژەی گەشەی ئابووری گەیشتووەتە 6.3%.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ هەزار فیلیپینی هەن کە زیاتر بە کاری خزمەتگوزارییەوە خەریکن، هەرچەندە نزیکەی 80% فیلیپینییەکانی عێراق لە کوردستاندا دەژین، بەڵام تاوەکو ئێستا فیلیپین لە هەرێمی کوردستان کونسوڵگەری نەکردووەتەوە.  


 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە