بەرگریی شارستانیی هەولێر: گەڕان لە ماڵی پێشڕەو دزەیی کۆتاییهات و چارەنووسی دایەنی ژینە نادیارە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر دوای هەشت رۆژ لە رووداوی هێرشکردنە سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، کۆتایی بە گەڕان و پشکنین لە ماڵەکە هێنا و دەڵێت "تاوەکو ئێستا چارەنووسی میشێل، دایەنی ژینەی تەمەن 11 مانگ نادیارە."
 
رۆژی سێشەممە 23ـی کانوونی دووەمی 2024 موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند؛ "لەدوای بەئامانجگرتنی ماڵی پێشڕەو دزەیی، نزیکەی 300 کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بەشدارییان لە گەڕان و پشکنین لە شوێنی رووداوەکە کردووە و، ئەمڕۆ دوای هەشت رۆژ گەڕان لە باڵەخانەکە، کۆتایی پێدەهێنین."
 
هەر لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا عەقیدی مافپەروەر کۆچەر عەبدوڵڵا، لەبارەی چارەنووسی میشێل، دایەنی ژینە پێشڕەو دزەیی گوتی "دوای هەفتەیەک گەڕان و پشکنین بەدوای میشێل، کارگوزارە بە رەچەڵەک فیلیپینییەکەی ماڵی پێشڕەو دزەیی، تاوەکو ئێستا چارەنووسی دیار نییە."
 
کۆچەر عەبدوڵڵا گوتیشی "دوای گەڕان و پشکنین لەماوەی هەفتەیەکدا، تەنیا چەند پارچەیەکی بچووکمان دۆزیوەتەوە و رەوانەی تاقیگەمان کردووە بۆ پشکنین و بەراوردکردن لەگەڵ قوربانییەکان."
 
بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر؛ شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییە فلیپینییەکە لە بەشی پێشەوەی ڤێلاکە بووە و لە بۆردوومانەکەدا ئەو بەشە بەتەواوەتی خاپوور بووە، بەڵام پارچەیەکی لەشی مرۆڤیان دۆزیوەتەوە، کە پێدەچێت هی کەسی گەورە بێت و ئێستا رەوانەی تاقیگە کراوە بۆ ناسینەوە.
 
شەوی 15-1-2024 سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و زیاتر لە نیوەیان بە ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن، بەهۆیانەوە پشڕەو دزەیی، منداڵێکی و هاوڕێیەکی گیانیان لەدەستدا، بەپێی لێدوانی ئەمڕۆی بەرگریی شارستانیی هەولێریش دایەنەکەی ژینە، چارەنووسنادیارە تاوەکو پشتڕاست دەکرێتەوە لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستداوە، هەروەها 17 کەسیش بریندار بوون.

 

لە سۆشیاڵ میدیای رووداوەوە: