کوردێکی ئێزدی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵات دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

کوردێکی ئێزدی خەڵاتی ئازادیی ئایینیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ساڵی 2023 پێدەدرێت، بەمەش دەبێتە یەکەم کەس لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو خەڵاتە وەربگرێت.
 
رۆژی 18ـی ئەم مانگە لە واشنتن د. میرزا دنایی، کە کوردێکی ئێزدییە، لەگەڵ حەوت کەسی دیکە، خەڵاتی ئازادی ئایینی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێبەخشرا.
 
ئەوانەی خەڵاتەکانیان وەرگرتووە لە "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیوزلاند، بانی تیبت، لیتوانیا، نەیجیریا، ئەفریقیای باشوور، نیکاراگوا، پاکستان"ـن.
 
خەڵاتەکە دەدرێتە ئەو کەسانەی لە جیهاندا کاریگەرییان لەسەر رەوشی ئازادیی ئایینی و بەرگریکردن لە ئازادییەکانی ئایینی هەبووە، بەتایبەت ئەو کەسانەی بەرگری لە پێکهاتە ئایینییە ستەملێکراوەکان دەکەن و کار بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی لە بواری ئازادیی ئایینی لە جیهاندا دەکەن.
 
د. میرزا دنایی، چالاکڤانی بواری مافەکانی مرۆڤ بە رووداوی گوت "رۆژی 18ـی ئەم مانگە خەڵاتەکەم پێبەخشرا، دیاریکردنم بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە بۆ خەباتی 30 ساڵەم  لەپێناو مافی ئێزدییەکان بەتایبەت و چالاکییەکانمان لەدوای جینۆسایدی ئێزدییەکان دێت، خەڵاتەکە واملێدەکات لە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و پێکهاتەکان بەردەوام بم."
 
د. میرزا دنایی، چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەت ئێزدی، لەدایکبووی ساڵی 1973ـی قەزای شنگالە، بەهۆی چالاکییەکانییەوە لەلایەن رژێمی پێشووی بەعسەوە راونراوە و خێزانەکەی رووبەڕووی گرتن و ستەمکردن بوونەتەوە، دوای ساڵی 1991 پەنای بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە.
 
ئەو چالاکڤانە دکتۆرای لە پزیشکیی دەروونی لە زانکۆی یینا (فریدریچ شیلەر) لە ئەڵمانیا بەدەستهێناوە. 
 
لەدوای رووداوەکانی ساڵی 2014 و جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، زیاتر وەکو بەرگریکارێک لە مافی ئێزدییەکان دەرکەوت.
لەساڵی 2019 خەڵاتی ئۆروای لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا پێبەخشرا لە پای ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکێشی قوربانییانی شەڕ و نەخۆشانی لە شنگال و دەوروبەری و پارێزگای نەینەوا بەگشتی کردووە.
 
ئەو پزیشکە هەروەها رۆڵی هەبووە لە گواستنەوە و پشکنین و بەدواداچوونی هەزار و 100 ئێزدی لەوانەی لە دەستی داعش رزگار کراون.