لە سلێمانی، هەڵەبجە، سۆران و راپەڕین هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر سەرکۆنە کران

 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەردوو پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و راپەڕین گردبوونەوە بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر و کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیل بەڕێوەچوو.
 
رۆژی سێشەممە 23ی کانوونی دووەمی 2024 گردبوونەوەی ناڕەزایی دژی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی 15ی مانگی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر بەڕێوەچوو کە بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لەدەستدا و 17 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
کاژێر 11:00ی ئەم بەیانییە لە پارێزگای هەڵەبجە ژمارەیەک رێکخراو و چالاکڤانی مەدەنی رێپێوانێکیان بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر کرد؛ بەشداربووان لەبەردەم پەیکەری عومەری خاوەرەوە رێپێوانەکەیان بەرەو باخی گشتیی شارەکە کرد.
 
هەر ئەمڕۆ کاژێر 11:00ی بەیانی ژمارەیەک چالاکڤان و رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی گردبوونەوەیەکیان لە باخی نالی لەسەر شەقامی سالمی شاری سلێمانی کرد و داوای راگرتنی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستانیان کرد.
 
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی ژمارەیەک لە رێکخەرانی گربوونەوەکەی سلێمانی دواندووە، رێکخەرانی گردبوونەوەکە دەڵێن، لەژێر دروشمی "یەک دڵ، یەک جەستە.. یەک برین، یەک ئازار" دەمانەوێت لە سلێمانییەوە پەیامی یەکبوون و هاوخەمیمان بە هەولێر بگەیێنین و سەرکۆنەی ئەو هێرشە مووشەکییەی شەوی 15ی مانگ بکەین، کە هاووڵاتییانی سڤیلی بەئامانج گرت.
 
 
لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دژی هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆسەر هەولێر، لەنێو شاری رانیە بەڕێوەچوو، بڕیاربوو گردبوونەوەکە کاژێر 11:00ی بەیانی بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی بەشداریی زۆریی خەڵک، گردبوونەوەکە کاژێر 10:00ی بەیانی بەڕێوەچوو.
 
هاووڵاتییانی ئیدارەی راپەڕین بە ئاڵای کوردستان و بەرزکردنەوەی کۆمەڵێک دروشم بۆ وەستاندنی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لەبەردەم پارکی دەروازەی شاری رانیەوە خۆپێشاندانیان دەستپێکرد، بە رێپێوان و دروشمدان بەرەو بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی راپەڕین رۆیشتن.
 
بە گوتەی ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە رانیە، خۆپێشاندانەکە لەلایەن رێکخراوە مەدەنییەکان و چالاکڤانانی ئیدارەی راپەڕینەوە کرا؛ هەر ئەوانیش مۆڵەتی فەرمییان بۆ وەرگرتووە، بەهۆی ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان، گردبوونەوەکە کاژێرێک زووتر دەستیپێکرد.
 
 
هاوکات لەگەڵ گردبوونەوەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین، بۆ جاری دووەم ئەمڕۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش گردبوونەوەی ناڕەزایی دژی هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
 
کاژێر 10:30ی ئەم بەیانییە گردبوونەوەکە لەنێو کەمپی زانکۆی سۆران بە بەشداریی زیاتر لە 3000 قوتابیی زانکۆ بەڕێوەچوو. د. رزگار سەعید، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران دەڵێت، ئەو خۆپێشاندانە لەسەر داوای قوتابییانی زانکۆی سۆران بەڕێوەچووە.
 
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران بە ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "نوێنەری قوتابیان داوایانکرد وەکو زانکۆی سۆران گربوونەوەی ناڕەزایەتی دژی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بکەین."
 
 
ناسیح حەمە، هاونیشتمانییەک لە سەیدسادقەوە کۆمەڵێک ڤیدیۆی بۆ رووداو ناردووە و دەڵێ ئەمڕۆ "ئێمەش کە نزیکەی 1000 کەس دەبووین لە سەیدسادقەوە بۆ پاڵپشتی و بەشداریکردن لە خۆپێشاندان لەدژی هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر، چووینە هەڵەبجە و لەگەڵ ئەواندا ناڕەزاییمان دژی ئەو هێرشانە دەربڕی."