رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق، شەش تێبینى لەسەر مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دەداتە نوێنەرایەتییەکەیان لە بەغدا و ئاماژە بەوە دەکات ناوی دووبارە لە لیستی مووچەی خانەنشینان و تۆڕى کۆمەڵایەتیدا هەبووە. هەروەها زانیارییان پێنەداون لە بارەى ژمارەى فەرمانبەرانى سەربازی و مەدەنى.
لە نووسراوێکى فەرمیدا کە تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق لە 28ـی کانوونى یەکەمى 2023 ئاڕاستەى نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستانى کردووە لە بەغدا، شەش تێبینى ئەو وەزارەتەى پێگەیاندوون لە بارەى ژمارەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانى تۆڕى کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستان.
لە تێبینیەکاندا هاتووە؛ زانیارییان پێنەدراوە لەبارەى رەگەزى نێر و مێى مووچەخۆران لە هەرێمى کوردستان و ئەو زانیارییانەى پێیان دراوە، خشتەى ناونیشانى وەزیفی و پلەکانیان و پارەکانیان پێنەدراوە و تەنیا ژمارەى پلەى وەزیفییان پێدراوە و زۆربەى ئەو زانیارییانەى پێیان گەیشتوون بە زمانى کوردى بووە.
ئەو نووسراوەى وەزارەتى دارایی عێراق پشتى بەستووە بە نووسراوێکى دیوانى چاودێریی دارایی عێراق، کە لە 19ـی تشرینى یەکەمى 2023 داویەتییە وەزارەتى دارایی.
وەزیرى دارایی عێراق ئاماژەى بەوە داوە، هەرێمى کوردستان میلاکى فەرمانبەرانیان بەجیا لەسەر ئاستى هەر وەزارەتێک پێنەداون تاوەکو بزانن ژمارەى مووچەخۆرانى مەدەنى و سەربازیى چەندە و ئەو زانیارییانەى هەرێمى کردستان رادەستى کردوون لەبارەى پلەى وەزیفى، جیاوازە لەوەى لە خشتەى یاسای بودجەى گشتیدا هاتووە.
خشتەى جیم لە یاسای بودجەدا تایبەتە بە ناونیشانى وەزیفیی فەرمانبەرانى عێراق، تێیدا ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە 658 هەزار و 189 کەس دیاریکراوە، کە 329ـیان لە پلە باڵاى جۆرى ئەلیف-ن، لەکاتێکدا ژمارەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار کەسە.
لە بەشێکى دیکەی تێبینییەکانى وەزارەتى دارایی عێراقدا هاتووە، تێبینى ئەوەیان کردووە دووبارەبوونەوەى ناوی مووچەخۆر هەیە لە نێوان تۆڕى کۆمەڵایەتى و خانەنشینى، هەروەها دووبارەبوونەوەی ناوی مووچەخۆر هەبووە لە خانەنشیناندا لەکاتێکدا ئەوانە فەرمانبەر بوون، بۆیە داوایکردووە ئاگاداریان بکەنەوە لە پاڵپشتى یاسایی سەبارەت بەو پرسە.
ساڵى 2023 دوو جار دیوانى چاودێریی دارایی عێراق سەردانى هەرێمى کوردستانى کردووە و، بە هاوبەشی لەگەڵ دیوانى چاودێرىی دارایی هەرێمى کوردستان وردبینىی لە لیستى مووچەخۆران و داهاتەکاندا کردووە.
ئەو هەنگاوە بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتییە، کە یەکێک لە رێکارەکانى بەر لە ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لەو بودجەیەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ