رووداو دیجیتاڵ
سەرکردایەتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی- مەهەپە بڕیاری داخستنی بارەگای رێکخستنەکانی لە شارۆچکەی چەرموگ دەرکرد و رایگەیاند، لەو بارەگایەیدا پەیڕەوی نێوخۆیی پێشێلکراوە.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 23-1-2024 بڵاوکرایەوە، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کە پارتێکی نەژاد و تورکپەرستە، بڕیاری داخستنی بارەگای پارتەکەی لە شارۆچکەی چەرموگی ئامەد بڵاوکردەوە. بڕیارەکە بە واژۆی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتەکە و سەمیح یاڵچن، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی مەهەپە خرایە واری جێبەجیکردنەوە.
لە بڕیارەکەدا هاتووە، "بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لە بڕگەکانی 52 و 54ی پەیڕەوی نێوخۆی پارتەکەمان ئاماژەی پێدراوە، هەروەها بە گەڕانەوە بۆ بڕگەی 34ی پەیڕەوی نێوخۆمان، بڕیاری هەڵوەشانەوەی بارەگای مەهەپە لە چەرموگ دراوە".
میقداد ئاسڵان، پەرلەمانتاری مەهەپە لە ئامەد رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو بڕیارەکە روون دەکەنەوە.
پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی- مەهەپە رۆژی 9-2-1969 لەلایەن ئاڵپئارسڵان تورکەش دامەزرا. مەهەپە بە پارتی گورگەبۆرەکان ناسراوە و ئێستا دەولەت باخچەلی سەرۆکی گشتییەتی. مەهەپە لە پەرلەمانی تورکیادا 49 کورسیی هەیە و هاوپەیمانە لەگەڵ ئاکپارتی کە پارتی دەسەڵاتدارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ