دوو ئەندامی ئەنجوومەنی شاری سەرپێل زەهاوی کرماشان دوورخرانەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوو ئەندامی ئەنجوومەنی شاری سەرپێل زەهاوی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کارەکانیان دوورخرانەوە، قایمقامی شارەکەش دەڵێت، بریاری دوورخستنەوەیان بەهۆی سەرپێچیکردنیان لە یاساکان بووە و دادگەیی دەکرێن.
 
سەدروڵڵا بابوولی، قایمقامی شاری سەرپێل زەهاوی کرماشان رایگەیاند، بەهرام ئەکبەری و کەیوان ئەمینی، دوو لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەکە بەهۆی گەندەڵی، سەرپێچیکردن لە یاساکان و بوونی دۆسیە لە دژیان لە دادگە، بەپێی بڕیاری دادگە لە ئەنجوومەنەکە دوورخرانەوە.
 
سەدروڵڵا بابوولی گوتی "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ژمارەیەک لە تۆمەتبارانی دۆسیەکەی ئەنجوومەنی شار و شارەوانی سەرپێل زەهاو پۆستی حکومییان هەبوو، بەپێی یاسا داوا لە لایەنی پەیوەندیدار کرا، ئەو دوو ئەندامە لە ئەنجوومەنی شار دوور بخرێنەوە."
 
بەگوتەی سەدروڵڵا بابوولی، شێرزاد سەیدی و مەسعود مرووەتی، دوو لە ئەندامانی یەدەگی ئەنجوومەنی شاری سەرپێل زەهاو، لە جێگەی ئەندامە دوورخراوەکان دەستبەکار دەبن.
 
قایمقامی شاری سەرپێل زەهاو گوتیشی، ئەندامە دوورخراوەکان بۆ هەمیشە دوورخراونەتەوە و دوای دەرچوونی بریاری دادگە سەبارەت بە دۆسیەی گەندەڵی و سەرپێچییەکانی ئەنجوومەنی شار و شارەوانی، بۆیان نییە بگەڕێنەوە نێو ئەنجوومەنەکە.
 
شاری سەرپێل زەهاو دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای کرماشان، بەپێی سەرژمێری فەرمیی ساڵی 2016ـی ئێران، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 90 هەزار کەسە. ئەنجوومەنی شاری سەرپێل زەهاو پێنج ئەندامی هەیە.