دەمیرتاش بۆ سەردانی دایکی بە فڕۆکەیەکی تایبەت چووە ئامەد

رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستیی دایکی، سەلاحەددین دەمیرتاش بە فڕۆکەیەکی تایبەت گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی ئامەد تاوەکو سەردانی بکات.
دوو رۆژ بەر لە ئێستا، سەعدییە دەمیرتاش، دایکی سەلاحەدین دەمیرتاش، بەهۆی تێکچوونی لەناکاوی تەندروستییەوە، گوازرایەوە نەخۆشخانە و ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی کانوونی دووەمی 2024، بەهۆی خراپبوونی زیاتری تەندروستییەوە، گوازرایەوە بەشی چاودێریی چڕی هەمان نەخۆشخانە.
رۆژی 22ـی مانگ، سەلاحەدین دەمیرتاش لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە داوای کردبوو رێگەی پێ بدرێت بۆ سەردانی دایکی. ئەمڕۆش لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئەدیرنەوە بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیێندرایە ئامەد و بە یاوەری پارێزەرانی سەردانی دایکی کرد.
دایکی دەمیرتاش، دوای کۆچی دوایی تاهیر دەمیرتاشی هاوژینی، تەندروستیی خراپ بوو. لەم ماوەیەدا دوو جار لە نەخۆشخانە خەوێندراوە.