لە کەرکووک هێڵێکی گاز شکا و خەڵکی گوندێکی ئاوارە کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
لە سنووری گوندێکی کەرکووک هێڵێکى گواستنەوەى گاز لەکاتی کارکردنی شۆڤڵ شکا و بڕێکی زۆر گاز دزەی کرد، بەوهۆیەوە خەڵکی گوندەکەیان چۆڵکرد و قوتابیانی قوتابخانەی گوندەکەش لە مەترسییەکە دەربازکران.
 
لە ڤیدیۆی ئەم بابەتەدا، چرکەساتی دەربازکردنی قوتابیانی قوتابخانەی قزلیارە لەو کاتەی بۆرییەکی گازی شل لەنزیک گوندەکەیان دەتەقێ بڵاوکراوەتەوە.
 
پاش تەقینەوەکە، بڵاوبونەوەی گاز بە هەوادا و بۆنە بێزارکەرەکەی، خەڵکی گوندی قزلیاری ئاوارەکرد.
 
میکایل محەممەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی قزلیار دەڵێت، "تیمەکانی بەرگری و شارستانی هەردوو کۆمپانیای نەوت و گازی باکوور لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەدان، وێڕای ئەوەی لە سەرچاوەی بەردانەوەی گازەکەوە گیرایەوە و لە هەردوولاوە هەوڵی دەرهێنانەوەی گازی نێو بۆرییەکەش دەدرێت، بەڵام دوای پێنج کاژێر هێشتا گازی شل بەهەوادا دەڕوات.
 
بەهۆی رووداوەکەوە 12 کەس لە کارمەندانی کۆمپانیای نەوت و خەڵکی گوندەکە بە سووکی بریندار بوون، کە زۆربەیان تووشی هەناسەتووندی بوون بەهۆی کاریگەری گازەکە، هەندێکیان لەهۆش خۆیان چوون.
 
خەڵکی ناوچەکەش کە لە ماڵەکانیان دەرچوون، لە دوورەوە چاویان لەسەر خانوو ماڵیانە.
 
جەمال عوسمان، خەڵکی گوندی قزلیار باس لەوە دەکات، "ئەم بۆرییە بە دووری 23 کم لە کۆمپانیای گازی باکوورە، گازی شل دەگوازێتەوە بۆ کۆمپانیای نەوت، بۆرییەکە گازی شلی پاڵێوراو دەگوازێتەوە کە بۆ گازی ماڵان و ئۆتۆمبێل بەکاردێت.
 
لەلایەکی دیکە، لقی کەرکووکی بەرهەمە نەوتییەکان رایگەیاندووە، "ئەو رووداوە کاریگەری لەسەر دابەشکردنی گازی ماڵان نابێت".