پەرلەمانی عێراق ئامادەکاری بۆ دانیشتنی تایبەت بە هێرشەکەی سەر هەولێر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق ئامادەکاری بۆ دانیشتنێکی تایبەت بە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات، بڕیارە لە دانیشتنەکەدا هەریەک لە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە دەزگا ئەمنییەکانی دیکە ئامادەبن.
دوای لیژنە تایبەتەکەی حکومەتی عێراق، پەرلەمانیش بۆ لێکۆڵینەوە لیژنەیەکی ناردە هەولێر، دوای تەواوبوونی ئەنجامەکەی، راپۆرتەکە دەدرێتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
محەمەد شەمەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری بە رووداوی گوت، "ئێمە راپۆرتی خۆمان بەرزدەکەینەوە و حکومەت بڕیاری خۆی لەو بارەیەوە دەبێت، بەڵام من پێموایە چارەسەری سیاسی بۆ ئەم بابەتە دەبێت نەک گرژی سەربازی، دەکرێت لە رێگەی دادگەی نێودەوڵەتی یان رێگەی دیکەی یاسایی گوشار بکرێت، ئێمە پشتمان بەم رێگەیانە بەستووە".
لەگەڵ ئەوەی هێزەکانی نزیک لە ئێران دەڵێن، لەگەڵ پاراستنی سەروەری خاکی عێراقن، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا پاساو بۆ هێرشەکانی ئێران دەهێننەوە.
محەمەد بەلداوی، ئەندامی پەرلەمان لە هاوپەیمانی سادیقون بە رووداوی راگەیاند، "رێککەوتنی ئەمنی لە نێوان عێراق و ئێراندا هەیە و پێویستە پێوەی پابەندبن و دەستی پێوەبگرن، بەدڵنیاییەوە ئێمە رەتی دەکەینەوە هەر هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری لە خاکی عێراقدا هەبێت، جا ئەم هێزانە تورکی بێت و پارتی کرێکاران بێت یان ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بێت بۆ ئەوەی نەبنە بیانووی لێدان لەو ناوچانە".
شەوی 15-1-2024 سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و زیاتر لە نیوەیان بە ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن، بەهۆیانەوە پشڕەو دزەیی، منداڵێکی و هاوڕێیەکی گیانیان لەدەستدا، بەپێی لێدوانی بەرگریی شارستانیی هەولێریش، چارەنووسی دایەنەکەی ژینە نادیارە تاوەکو پشتڕاست دەکرێتەوە لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستداوە، هەروەها 17 کەسیش بریندار بوون.
لەدوای هێرشەکە کاردانەوەی نێوخۆیی و دەرەکیی بەدواوە هاتن.
بۆ پەرلەمانێکی زۆرینە شیعەی نزیک لە ئێران ئاسان نییە بڕیارێک دەربکات دڵی ئێرانییەکانی پێ زویر بێت بۆیە ئاسانترین بژاردە دەرکردنی بەیاننامەی ناڕەزاییە بۆ هێورکردنەوەی شەقام و رزگاربوون لە دۆخەکە.