گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ
 
شەپۆلێکی بەفربارین باکووری کوردستانی گرتووەتەوە و رێگەی 185 گوندی شەش پارێزگای داخستووە. لە پارێزگاکانی قەرس، ئەردەخان، وان، ئەرزەڕۆم، ئاگری، مووش، سێرت، بەدلیس، جۆلەمێرگ و شرنەخی باکووری کوردستان بەفربارین بەردەوامە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەزگای کەشناسیی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە 23ی کانوونی دووەمی 2024 شەپۆلی بەفربارینەکە، بەتایبەتی شەش لەو پارێزگایانەی بەشێوەیەکی چڕتر گرتووەتەوە.
 
لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، قەرس، ئەردەخان، وان، مووش و جۆلەمێرگی باکووری کوردستان رێگەکانی 185 گوند بەڕووی هاتووچۆدا داخراون.
 
هەروەها رێگەکانی 106 ناوچەی ئەرزەڕۆم بەڕووی هاتووچۆدا داخراون. لە پارێزگای ئەردەخانیش بەهۆی بەفر و کڕێوەوە رێگەوبانی چوار گوند، هەروەها لە قەرس رێگەی سێ گوند بەڕووی هاتووچۆدا داخراون.
 
گەورەشارەوانیی وان رایگەیاند، بەهۆی خراپیی کەشوهەوا رێگەکانی 53 گوندی ئەو پارێزگایە داخراون. تیمەکانی شارەوانی بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ کردنەوەی رێگەی گوندەکان. هەروەها شێخموس یەنتوور سکرتێری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی تایبەتی پارێزگای مووش رایگەیاند، ماوەی دوو رۆژە لە پارێزگاکە بەفر باریوە و بەهۆی بەفربارینەوە رێگەکانی 18 گوند داخراون.
 
یەنتور گوتیشی، "بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاتووچۆ، تیمەکانمان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ کردنەوەی رێگەی گوندەکان، هەروەها تیمەکان بۆ بارودۆخی بەپەلە لە ئامادەباشیدان."
 
تیمەکانی فەرمانگەی تایبەتی پارێزگا، بەردەوامن لەسەر هەوڵەکانیان بۆ ڕاماڵینی بەفری کەڵەکەبووی سەر رێگەوبانەکان و کردنەوەی رێگەکان.