لە مانگێکدا چوار کۆڵبەری رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و 42 کۆڵبەریش بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی مانگێکدا چوار کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و 42 کۆڵبەریش بریندار بوون.
 
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان راپۆرتێکی مانگانەی لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، لە 30 رۆژی رابردوودا چوار کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی ئەحمەد سادقی، شۆڕش خەرەگووشی، میرزا ئەحمەدی و سادق میرزایی لە ناوچە سنوورییەکانی بانە لە پارێزگای سنە و نەوسوود لە پارێزگای کرماشان بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران کوژراون.
 
هەر بەپێی راپۆرتەکە، لانیکەم 41 کۆڵبەر لە ئەنجامی ئەشکەنجە و لێدان یان تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بریندار بوون، کۆڵبەرێکیش بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە بریندار بووە.
 
لەم رۆژانەی دواییدا گرووپێکی نۆ کەسی لە کۆڵبەران کە چواریان منداڵ بوون، لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقەوە لە سنووری نێوان نەوسوود - بیارە دەستبەسەر کران و دوای ئەشکەنجە و لێدان و تاشینی قژیان، ئازاد کران.
 
سەرەتای ئەم هەفتەیە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ژمارەیەک کۆڵبەر لە بیارە دەنگدانەوەی دروستکرد، کە باسیان لەوە دەکرد، لەلایەن پاسەوانی سنووری عێراقەوە "ئەشکەنجە دراون و سەریان تاشراوە."
 
بەپێی ئاماری کۆڵبەرنیوز، کە بەدواداچوون بۆ دۆخی کۆڵبەران دەکات، لە ماوەی ساڵی 2023دا، 32 کۆڵبەر لە سنووری پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بە هۆکاری جیاواز وەکو تەقەکردنی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، کەوتن لە بەرزاییەوە، تەقینی مین و رەقبوونەوە گیانیان لەدەستداوە و 267 کۆڵبەریش بریندار بوون.