زیاتر لە 23 کامێرای جێگیری تۆمارکردنی تیژڕۆیی لەناو شاری سلێمانی کەوتنەکار

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ سێشەممە کامێرا جێگیرەکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی لەناو سنووری شاری سلێمانی کارا کران و سەرپێچییەکان تۆمار دەکەن، کە زیاتر لە 23 کامێرای جێگیر دەبن. سەرچاوەیەکیش لە هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، 100%ی داهاتی کامێراکان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، لە کاژێر 10:00ی سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 23-01-2024ەوە کامێرا جێگیرەکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی ناو سنووری شاری سلێمانی کەوتنەکار بۆ تۆمارکردنی سەرپێچیی خێرایی."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو کامێرایانە پێشتر هەبوون و سەرپێچییان تۆمار کردووە، بەڵام ماوەی نزیکەی دوو ساڵ دەبێت کەمترینیان کاریان کردووە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ژمارەی کامێراکان لەنێوان 23 بۆ 30 کامێرا دەبن، زۆربەیان لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود دانراون.
 
بەشێک لەو شوێنانەی کامێراکانیان لێ دانراوە، بریتین لە، "ژێر پردەکەی سەرچنار، نزیک پردەکەی زەرگەتە، سەرەتای پردی کۆبانێ و ئەودیوی کۆبانێ، ژێر پردەکەی نزیک نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەییەکە، نزیک گوندی ئەڵمانی، لای شاری پزیشکیی فارووق، پردەکەی لای نەخۆشخانەی بەخشین، ژێر پردەکەی نزیک فاملی مۆڵ، ژێر پردی وڵووبە، پێش پردەکەی فاملی مۆڵ، بەردەم گۆڕەپانی چیا، پێش باڵەخانەی دادگە، پێش پردی پەڕینەوەی لای باڵەخانەی پارێزگا، پێش پارێزگا، بەرامبەر ماجیدی مۆڵ، نزیک پردی تاسڵوجە، ژێر پردی تاسڵوجە، نزیک فەرماندەیی گشتی، سەروو بەنزینخانەی راپەڕین، نزیک بەنزینخانەی دابان، نزیک زانکۆی ئەمریکی، ژێر و سەر پردی پەڕینەوەکەی نزیک کەمپی نوێی زانکۆ، نێوان هۆتێل تایتانیک و شاری گۆیژە، نزیک رەند گەلەری، نزیک کۆمپانیای ئاسیاسێڵ."
 
رۆژی 19ی ئەم مانگە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو کامێرایانە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ نییە و بە سیستمی یەک خاڵ خێراییەکان تۆمار دەکات.
 
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی داوا لە سەرجەم شۆفێران دەکات پابەندی ئەو خێراییە دیاریکراوانە بن کە لەسەر شەقامەکان بۆیان دیاریکراوە بەپێی هێما و تابلۆکانی هاتووچۆ.
 
لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک کامێرای چاودێری بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکان، بەتایبەت خێرایی، هەن؛ لەوانە کامێرای جێگیر، کامێرای جێگیری خاڵ بۆ خاڵ، کامێراکانی سەر ترافیک لایتەکان.