رووداو - سلێمانی
رۆژێک دوای رووداوی تەقەکردن لە تیمەکەی پۆلیسی سلێمانی، لەنێو بازاڕ باس و خواسی رووداوەکە گەرم بوو. لە رووداوەکەدا پۆلیسێک گیانی لەدەستدا و پۆلیسێکی دیکە و هاونیشتمانییەکیش بریندار بوون. خاوەنی ئەو هۆتێلەی سەرەتا گومان هەبوو تۆمەتباری رووداوەکە لەوێ بووبێت دەڵێت، "ئەوەی روویدا هاوشێوەی نەبوو."
سەرکۆ ئەنوەر، خاوەنی ئەو هۆتێلەی گومان هەبوو تۆمەتبارەکە تیایدا مابێتەوە، نزیکتر ئاگاداری وردەکاریی رووداوەکەیە و گوتی، "دوو پۆلیسەکە تۆمەتبارەکەیان گرتبوو، بە پێی دەهاتنەوە خوارەوە، گەیشتنەوە لای هۆتێلەکە و یەکسەر تەقەیان کرد، پۆلیسەکەی کە گیانی لەدەستدا، بینیم دەستی شایەتومانی بەرز کردەوە و شایەتومانی هێنا."
ئەو کارمەندەی پۆلیسی سلێمانی کە لە رووداوەکەی شەوی 21 لەسەر 22ی ئەم مانگە گیانی لەدەستدا ناوی رزگار ئەحمەدە و تەمەنی 40 ساڵە، بە گولـلەی دەمانچەی هاوڕێی ئەو داواکراوەی دەستگیر کراوە گیانی لەدەستدا. رزگار 15 ساڵە پۆلیس بووە و باوکی چوار منداڵ بوو؛ کەسوکارەکەی تەنیا داوایان بەسزاگەیاندنی تۆمەتبارانە.
هەڵکەوت حەمید، پورزای رزگار دەڵێت، "تەنیا داوامان ئەوەیە، بەپێی ئەو یاسایەی کوڕەکەمان لەپێناوی شەهید بوو، تووندترین سزای بکوژەکان بدرێت."
دوای شەش کاژێر لە رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان هەردوو تۆمەتبارەکەیان دەستگیر کرد، کە تەمەنیان 31 و 27 ساڵان بووە و دانیشتووی سلێمانین.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "تیمەکەمان داواکراوێکیان دەستگیر کردووە، هاوڕێیەکی داواکراوەکە دوای تیمەکەمان کەوتووە و تەقەیەکی زۆری لێکردوون."
بە گوتەی تەندروستیی سلێمانی، بریندارەکان تەندروستییان جێگیرە. بەپێی زانیارییەکانی ئاسایش و پۆلیس، دوو تۆمەتبارەکە چەند هەفتەیەکە لە زیندان ئازاد بوون و پێشینەی تاوانی دزیکردن، چەک هەڵگرتن، شەڕ و ئاژاوەیان هەبووە و لە بەشێک لە بنکەکانی پۆلیس سکاڵا لە دژیان هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ