رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە رێوڕەسمی رێزلێنان لە زاناری کورد، د. فەریاد فازیل عومەردا کرد و گوتی، "خزمەتێکی زۆری زمان و وێژە و مێژووی کوردی کردووە." ئاماژەی بەوەش کرد، "زانایان، داهێنەران، خاوەن توانا و بەهرەداران سامانێکی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانەكەمانن."
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 23-01-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداریی لە رێوڕەسمی رێزلێنان لە زانای كورد د. فەریاد فازیل عومەردا كرد، كه لەلایەن ئهكاديمیاى كوردى، زانكۆی سەڵاحەدین و پارێزگاى هه‌ولێره‌وه رێكخرابوو و گوتی، "رێزلێنان لە توانا و بەهرە و بەرهەمی هەر زانا و داهێنەرێکمان، رێزگرتنە لە ناسنامە و مێژووی گەلەکەمان. وەفادارییە بۆ هەموو ئەو ماندووبوون و تێکۆشانەی کەسانی دڵسۆز و خۆشەویست، كە لەپێناو خزمەتکردنی گەل و نیشتمانەکەیاندا، لە هەر بوارێک‌دا، له هه‌ر كوێ بێت، پێشکەشیان كردووه."
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی د. فەریاد گوتی، "یەکێکە لەو ناوە دیارانەی کە دڵسۆزانە، خزمەتێکی به‌رچاوى بە گەل و نیشتمانەکەی کردووە. زیاتر لە نیو سەدە، بە شیعر و وتار، توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمی، وانەگوتنەوە، وەرگێڕان و پرۆژەی رۆشنبیری، بەردەوام بووە لە پاراستن و خزمەتکردنی زمان و فەرهەنگ و مێژووی گەلەکەمان."
لە رێوڕەسمەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "وێنەی کورد و خه‌ڵكى كوردستان، پێشتر تەنها لە رێگەی رۆژهەڵاتناسان و کوردناسانی بیانییەوە بۆ گەلانی دیکە گواستراوەتەوە. لە باشترین حاڵەتیشدا، وێنەی (جەنگاوەرێکی ئازا)یان پێ بەخشیوین، ئەمەش وێنەیەکی ناکامڵە دەرهەق بە ناسنامە و دەرهەق بە مێژوومان."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی گوتیشی، "گرنگە ئەو وێنانەی پێشوو لە زەینی جیهانی دەرەوە کاڵ بکرێتەوە، تاكو وێنەی راستەقینەی خۆمان ببینن كه له رێگه‌ى گه‌ياندنى بير و وێژه و كولتووره‌كه‌مانه‌وه ده‌بێت. دەبێت جیهانی دەرەوە هزر و بیری کوردی ببینن و بیخوێننەوە، ئەمەش بەر لە هەمووان ئەرکی زانایان، ئەکادیمستان و رۆشنبیرانی گەلەكەمانە. گرنگە بۆ ئەم ئه‌ركه، دامەزراوەی کارامان هەبێت، لە کەسانی شارەزا و خاوەن توانا و به ئەزموون، لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمڕۆ لە سەردەمێکداین کە هیچ چەکێک، هێندەی زانست و زانیاری، کاریگەر نییە بۆ مانەوە و پاراستن و بەهێزبوونمان. مانەوە و پێشکەوتنی هەر گەلێک لە جیهان، پەیوەستە بە ئاستی بەرهەم و توانای داهێنانی رۆڵەکانییانەوە و لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا، بە میتۆدی زانستی و سەردەمییانە. بۆیە زانایان، داهێنەران، خاوەن توانا و بەهرەداران سامانێکی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانەكەمانن."
دەقی گوتەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا:
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە رێوڕەسمی رێزلێنان لە زاناری کورد، د. فەریاد فازیل عومەردا کرد و گوتی، "خزمەتێکی زۆری زمان و وێژە و مێژووی کوردی کردووە."https://t.co/MOFMRZBGcp pic.twitter.com/IVeQLbwXUj
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 23, 2023
ئامادەبووانی بەڕێز
رۆژتان باش..
هه‌موو لايه‌كتان به خێر بێن.
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێکدا ئامادە دەبم بۆ ڕێزلێنان لە زانایەکی ديارى گه‌له‌كه‌مان کە خزمەتێکی زۆری زمان و وێژه و مێژووی كوردى کردووە. دەستخۆشی لە ڕێکخەران و ئامادەکارانی ئەم ڕێوڕەسمە دەکەم.
ڕێزلێنان لە توانا و بەهرە و بەرهەمی هەر زانا و داهێنەرێکمان، ڕێزگرتنە لە ناسنامە و مێژووی گەلەکەمان. وەفادارییە بۆ هەموو ئەو ماندووبوون و تێکۆشانەی کەسانی دڵسۆز و خۆشەویست، كە لەپێناو خزمەتکردنی گەل و نیشتمانەکەیاندا، لە هەر بوارێک‌دا، له هه‌ر كوێ بێت، پێشکەشیان كردووه.
هەر بەم بۆنەیەوە، دەستخۆشی لە زانکۆی سەڵاحەدین دەکەم، بۆ بەخشینی بڕوانامەی دکتۆرای شانازی بە دکتۆر فەریاد فازیل، بۆ ئەو خزمەتەی كە کردووتەتى.
ئامادەبووانی بەڕێز..
دکتۆر فەریاد، یەکێکە لەو ناوە دیارانەی کە دڵسۆزانە، خزمەتێکی به‌رچاوى بە گەل و نیشتمانەکەی کردووە. زیاتر لە نیو سەدە، بە شیعر و وتار، توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمی، وانەگوتنەوە، وەرگێڕان و پرۆژەی ڕۆشنبیری، بەردەوام بووە لە پاراستن و خزمەتکردنی زمان و فەرهەنگ و مێژووی گەلەکەمان.
کە هێشتا قوتابیی زانکۆ بووە، پاراستن و خزمەتکردنی زمان و فەرهەنگ و مێژووی كوردستانى کردووه‌تە ئامانجێکی سەرەکيی خۆى و به‌رده‌وام لەو بوارەشدا كاری كردووە. دوای تەواوکردنی خوێندنی باڵا و بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا لە ئەڵمانیا، وێڕای ڕۆڵی ئەکادیمی و دەیان ساڵ مامۆستايه‌تى، لە زانکۆی (ئازاد) لە بەرلین، ئینستیتووتی خوێندنی کوردى دامەزراند کە زیاتر لە ٣٣ ساڵە لە خزمەتکردن بە زمان و وێژه و مێژوومان بەردەوامە.
دکتۆر فەریاد جگه له پێشکەشكردنى ٤٤ کتێب بە کتێبخانەی کوردی، لە ڕێگەی وەرگێڕانیشەوە پردێکی پەیوەندیی بەهێز بووە بۆ ناساندنی هزر و بیری نەتەوەکەمان بە جیهانی دەرەوە، بەتايبهتيش بۆ کۆمەڵگای ڕۆژئاوا. ئه‌مه وێڕای دانانی فەرهەنگی ئەکادیمیی کوردی بە هەردوو زاراوەی کرمانجی و سۆرانی، فەرهەنگی کوردی ـ ئەڵمانی و ڕێزمانی کوردی بە زمانی ئەڵمانی و چەندین بەرهەمی زمانەوانیی گرنگی دیکە.
هه‌روه‌ها وەرگێڕانی شاكارى ئەحمەدی خانی (مەم و زین)، لەگەڵ دیوانی نالی، شیعرەکانی گۆران و شێخ نووری شێخ ساڵح، بۆ زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی، لە کارە به‌نرخه‌كانى دکتۆر فەریادن، بۆ ناساندنی وێژه‌ى باڵا و زمانە زیندووەکەمان. بۆ ناساندنی وێنەی ڕاستەقینەی گەلى كوردستان بە هزر و ویژدانی گەلانی جیهان. گەلێک کە خاوەنی زمانێکی زیندوو، وێژهيهكى باڵا، فەرهەنگێکی دەوڵەمەند بە بەهای جوانی و مرۆیی.
لێره‌دا دووباره پيرۆزبايى له د. فهرياد ده‌كه‌م كه به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو خزمه‌ته‌ى له بوارى ئه‌كاديمى و زمان و ئه‌ده‌ب و كولتوورى كورديدا كردوويه‌تى، كۆتاييى ساڵى ڕابردوو، خەڵاتی لێهاتووييی سەرکۆماری ئەڵمانیاى پێ به‌خشرا. هه‌روه‌ها دەمەوێ هەر لەم بۆنەیەدا پيرۆزبايى له هه‌ردوو به‌ڕێزان نيهاد قۆجه و سه‌ڵاح ئه‌حمه‌د بكه‌م كه پێشتر هه‌مان خهڵاتيان به ده‌ست هێناوه، بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ى له بوارى مرۆيى و دۆستايهتيدا پێشكه‌شيان كردووه.
بەڕێزان..
وێنەی کورد و خه‌ڵكى كوردستان، پێشتر تەنها لە ڕێگەی ڕۆژهەڵاتناسان و کوردناسانی بیانییەوە بۆ گەلانی دیکە گواستراوەتەوە. لە باشترین حاڵەتیشدا، وێنەی (جەنگاوەرێکی ئازا)یان پێ بەخشیوین، ئەمەش وێنەیەکی ناکامڵە دەرهەق بە ناسنامە و دەرهەق بە مێژوومان.
بۆیە، گرنگە ئەو وێنانەی پێشوو لە زەینی جیهانی دەرەوە کاڵ بکرێتەوە، تاكو وێنەی ڕاستەقینەی خۆمان ببینن كه له ڕێگه‌ى گه‌ياندنى بير و وێژه و كولتووره‌كه‌مانه‌وه ده‌بێت. دەبێ جیهانی دەرەوە هزر و بیری کوردی ببینن و بیخوێننەوە، ئەمەش بەر لە هەمووان ئەرکی زانایان، ئەکادیمستان و ڕۆشنبیرانی گەلەكەمانە. گرنگە بۆ ئەم ئه‌ركه، دامەزراوەی کارامان هەبێت، لە کەسانی شارەزا و خاوەن توانا و به ئەزموون، لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش.
بەڕێزان..
ئەمڕۆ لە سەردەمێکداین کە هیچ چەکێک، هێندەی زانست و زانیاری، کاریگەر نییە بۆ مانەوە و پاراستن و بەهێزبوونمان. مانەوە و پێشکەوتنی هەر گەلێک لە جیهان، پەیوەستە بە ئاستی بەرهەم و توانای داهێنانی ڕۆڵەکانییانەوە و لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا، بە میتۆدی زانستی و سەردەمییانە. بۆیە زانایان، داهێنەران، خاوەن توانا و بەهرەداران سامانێکی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانەكەمانن.
دەبێ سیستمی پەروەردە و خوێندن لە کوردستان لە سەرجەم قۆناغەکاندا، لە باخچەی ساوایانەوە تا قۆناغی زانکۆ، لە ئاستێک‌دا بێت کە وەڵامدەرەوەی پێداویستی و پرسەکانی ئەم سەردەمە بێت و ده‌رگاى بير و داهێنان و ئافراندن به‌سه‌ر قوتابياندا بكاته‌وه.
زمان کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ناسنامەی نه‌ته‌وه‌كانه و دەبێ لەو ڕوانگەیەوە لێی بڕوانین و بایەخی پێ بدەین. دەبێ زانستیش وەک بەهایەکی گرنگ لێی بڕوانرێت. خوێندن تەنها بۆ وەدەستهێنانی بڕوانامە نەبێت، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی زانست و زانیاری و لەپێناو پێشکەوتن و گەشەپێدانی کۆمەڵگاشدا بێت.
لەنێو کوردستانییانی تاراوگه و له كوردستانيش له زۆر بواردا، توانا و بەهرەی لێهاتوومان هەیە و هەموویان پێكەوە سامانێکی گرنگی ئەم گەلە و ئەم نیشتمانەن كە دەبێت ڕێزیان لێ بگرین و كاری جددیش لەسەر ئەو بابەتانە بكەین. هەر یەکێکیان دەتوانێ باڵيۆزی هزر و بیر و فەرهەنگی گەلەکەی بێت، لەپێناو ناساندنی وێنە و ناسنامەی ڕاستەقینەی گەلەکەیدا، بە میتۆدی زانستی و زمانی سەردەم كه ئه‌مه هێزێكی نه‌رمه و كاريگه‌رييه‌كى گه‌وره‌ى له جيهانى ئه‌مڕۆدا هه‌يه.
فەرهەنگی کوردی دەوڵەمەندە و خاوەن چەندین ناو و بەرهەمی مەزنە كه نەک تەنها خزمەتیان بە کورد، بەڵکو خزمەتی زۆریشيان بە نەتەوەکانی ديكه و سەرجەم مرۆڤایەتیش كردووه و دەیکەن. دەبێ ئەو بەها جوانانەی کە لەنێو فەرهەنگەکەماندا هەن، پێكه‌وه‌ژيان، يهكترقبووڵكردن، لێبورده‌يى، ئاشتيخوازى، ژياندۆستى، دوڕ و گه‌وهه‌ره‌كانى نێو هونه‌ر و ئه‌ده‌بيات و وێژه‌ى قووڵ و ده‌وڵه‌مه‌ندى كوردى، بابەتێک بن بۆ بینین و خوێندنەوە لای گەلانی جیهان، تا ڕوونتر ڕەسەنایەتیی فەرهەنگمان، زیندوویيی زمان و مێژوومان، باڵایيی وێژه و هونەرمان، تایبەتمەندیی ناسنامە و کەسایەتیی نەتەوەییمان ببینن و ڕێزی لێ بگرن.
له كۆتاييدا دووباره ده‌ستخۆشى له ڕێكخهرانى ئه‌م ڕێوڕه‌سمه دەكەم، دەستخۆشی لە ئه‌كاديمياى كوردى، زانكۆى سه‌ڵاحه‌دين و پارێزگاى هه‌ولێر ده‌كه‌م كە زۆر زەحمەتی كێشا بۆ سازدانی ئەم ڕێوڕەسمە، بۆ دهستپێشخهرييان و بۆ خه‌ڵاتكردنى د. فهرياد. سوپاسيان ده‌كه‌ين.
هه‌ر له‌م ده‌رفه‌ته‌دا ده‌مه‌وێ بڵێم ئێمه ده‌مانه‌وێت له سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ڕێزلێنان و خه‌ڵاتكردنى زانا و نووسه‌ران و ڕۆشنبيران و هونه‌رمه‌ندان و به‌هره‌مه‌ندانى كوردستان له هه‌ر بوارێكدا، چ له وڵات و چ له ده‌ره‌وه‌ى وڵات بن، بكه‌ينه كولتوورێك و پێزانينمان بۆ به‌رهه‌م و داهێنانيان ده‌رببڕين، پشتيوانييان لێ بكه‌ين و یارمەتیدەریان بین لە چاپكردن و بڵاوكردنەوە و وەرگێڕانی بەرهەمەكانیان.
هيواى ته‌مه‌ندرێژى و ته‌ندروستيى باش و به‌رده‌وامى و سه‌ركه‌وتن بۆ د. فهرياد فازيل عومه‌ر و ڕۆژێكى خۆشیش بۆ هه‌موو ئێوەی بەڕێز ده‌خوازم. زۆر بەخێر بێن.
زۆر سوپاس..
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ