یەکێتیی زانایان لەبارەی سووتاندنی قورئان لە سوێد: هەستی ملیاران موسڵمانی بریندار کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی سووتاندنی قورئان لە سوێد پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی ئەو کارەی کردووە و دەڵێت، ئەو کارە هەستی "ملیاران موسڵمانی جیهانی" بریندارکرد.
 
رۆژی هەینی 20-01-2023 لە خۆپێشاندانێکدا لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد، راسموس پالودان، کەسایەتیی سیاسیی راستڕەوی تووندئاژۆی سوێدی-دانیمارکی کۆپییەک لە قورئانی پیرۆزی سووتاند.
 
لە پەیامەکەیدا یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، ئەو کەسە لە وڵاتی سوێد "بەمەبەستی سووکایەتی و بریندارکردنی هەستی موسڵمانان" قورئانی پیرۆزی سووتاند.
 
هەروەها یەکێتییەکە ئەو کارەی بە "پێچەوانەی هەموو یاسا و رێسا ئاسمانی و زەمینییەکان" ناوبردووە و دەشڵێت، "بریندارکردنی هەستی ملیاران موسڵمانی جیهانە و دەبێتە هۆکاری تووندڕەوی و تێکدانی سەقامگیری کۆمەڵگەکان و ئاشتیی جیهانی و پێکەوەژیان، کێماسی و پەڵەیەکی رەشی گەورەشە بۆ وڵاتێک بانگەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ بکات."
 
یەکێتیی زانایان بە "تووندی" سەرکۆنەی ئەو جۆرە کارانەی کردووە و هیوا دەخوازێت، "رێز لە بەهای ئایینی بگیرێت و پیرۆزییەکان نەشکێندرێت و رێکاری یاسایی و لێپێچینەوە بەرامبەر بکەرانی ئەم جۆرە کارانە بگرێتە بەر."
 
ئەوە یەکەم جار نییە راسموس پالودان ئەو کارە دەکات، بەڵکو لە ساڵانی پێشوودا کاری هاوشێوەی کردووە و ناڕەزایی موسڵمانانی جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەمجارەش بەشێک لە وڵاتانی زۆرینە موسڵمان ئەو کارەیان "بە تووندی" سەرکۆنە کرد.