لەگەڵ رەنج؛ جیاوازیی زۆر لە نرخی دەرمان هەیە ‌و بازاڕیش 'پڕە' لە دەرمانی قاچاخ

23-01-2023
هیدایەت جان
بەرنامەی لەگەڵ رەنج
بەرنامەی لەگەڵ رەنج
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جیاوازی لە نرخی دەرمان و هەبوونی دەرمانی بێ ستیکەر لە هەرێمی کوردستان زۆرە و ئەندامێکی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی کوردستانیش ئەو دۆخە بە "کارەسات" ناودەبات. بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی جۆریی دەرمانیش دەڵێت، هەموو رێکارەکانیان تەواو کردوون بۆ یەکدەستکردنی نرخی دەرمان لە دەرمانخانەکانی هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی یەکشەممە 22-01-2023 بەرنامەی "لەگەڵ رەنج" بە بەشداریی دكتۆر شێروان سادق، بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان؛ دكتۆر باریف زاهیر، سەرۆكی سەندیكای دەرمانسازانی ‌‏كوردستان؛ لوقمان وەردی، ئەندامی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی ‌‌‌‏كوردستان؛ خەسرەو جەوهەر، خاوەنی كۆمپانیایەكی هاوردەكردنی دەرمان؛ دكتۆر هەڵدێر محەممەد، پزیشكی دەرمانساز و دكتۆر ئیدریس ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی باڵا لە لیژنەی ‏هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی، نرخی دەرمان لە هەرێمی کوردستان و هەبوونی دەرمانی قاچاخ تاوتوێ کرا.
 
دۆخی دەرمان لە هەرێمی کوردستان
 
ئەندامەکەی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی ‌‌‌‏كوردستان دۆخی دەرمان بە "کارەسات" ناودەبات و دەڵێت، "لە ساڵی 2021ـەوە راپۆرتێکمان لەسەر کوالێتی و جیاوازیی نرخی دەرمان داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە تێیدا 32 رێکارمان خستووەتەڕوو بۆ باشکردنی دۆخەکە، بەڵام تائێستا خاڵێکی جێبەجێ نەکراوە."
 
لوقمان وەردی، ئەندامی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی ‌‌‌‏كوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "لە لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی کوردستان، لیژنەیەکی تایبەت بە بەدواداچوونی دەرمانمان پێکهێنا و لە ماوەی چوار ساڵدا بەدواداچوونی وردمان لەبارەی نرخ و کوالێتیی دەرمانەوە کرد. بەپێی راپۆرتەکە دەردەکەوێت، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت کارەساتە و هیچ ویژدانێک پێی قبووڵ ناکرێت."
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی ‌‌‌‏كوردستان، "دەرمانی ساختە و بەسەرچوو و کوالێتی نزم، نەک هەیە، بەڵکو پڕاوپڕی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانە و ئێستا لە سەرووی 70%ی دەرمانەکانی کوردستان ستیکەریان پێوە نییە."
 
لوقمان وەردی گوتیشی، "دوای تەواوبوونی بەدواداچوونی لیژنەکە لەبارەی دەرمان، راپۆرتێکمان ئامادە کرد و رادەستی ئەنجوومەنی وەزیرانمان کرد، کە 32 خاڵمان تێدا کۆکردبووەوە لە کەموکوڕییەکانی بواری دەرمان و کەرتی تەندروستی. بەڵێنیان دا کۆمەڵێک رێکار بگرنەبەر، بەڵام دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر رادەستکردنی راپۆرتەکە، یەک هەنگاو نەنرا."
 
"جیاوازیی نرخی دەرمان 700%ـە"
 
لوقمان وەردی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، "لە هەندێک لە دەرمانخانەکان دەرمان 700% گرانتر بە هاووڵاتی دەفرۆشرێت، پشکنینی ڤیتامین D لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بە 50 هەزار دینارە، هەمان پشکنین لە شەقامی پزیشکانی هەولێر بە 7000 دینارە."
 
ئەندامەکەی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی ‌‌‌‏كوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل نەبێت لە هیچ فڕۆکەخانە و دەروازەیەکی سنووریی هەرێمی کوردستان کۆگایەکی دەرمانی لێ نییە تایبەتمەندی هەڵگرتنی دەرمانی تێدابێت."
 
لە ماوەی دوو ساڵدا، وەکو لوقمان وەردی دەڵێت، "حکومەت چاپکردنی ئەو ستیکەرانەی لەسەر دەرمان دەدرێن داوەتە کۆمپانیایەک و نرخەکەی بۆ 10 هێندەی جاران لەسەر کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی دەرمان گران کردووە، ئەوەش وایکردووە باری گرانییەکە بکەوێتە سەر شانی نەخۆش لە هەرێمی کوردستان."
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "پێشتر نرخی یەک ملیۆن ستیکەری دەرمان 3700 دۆلار بوو، ئێستا کە دراوەتە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت، نرخی یەک ملیۆن ستیکەر بووەتە 37 هەزار دۆلار، لە کاتێکدا بۆ وەرگرتنی تەندەرەکە سێ کۆمپانیا پێشبڕکێیان کردووە بۆ کەمکردنەوەی نرخی ستیکەر، کامیان زیاترین نرخی لێداوە، تەندەرەکە بۆ ئەو دەرچووە."
 
"پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆری کەلاوە بوو"
 
دكتۆر شێروان سادق، بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان دەڵێت، "دوو ساڵ لەمەوبەر بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆری لە هەرێمی کوردستان کەلاوە بوو، بەڵام ئێستا لە هەموو روویەکەوە گۆڕانکاریی تێدا کراوە و هیچ کێشەیەک لە کوالێتی کۆنترۆڵ نەماوە بۆ دەرمان."
 
بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان پێیوایە، ستیکەر بەسەر دەرمانەوە هەبێت و نەبێت وەکو یەک وایە و هیچ گرنگییەکی نییە؛ لەبارەی یەکدەستکردنی نرخی دەرمان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش گوتی، "نرخمان بۆ نزیکەی 11 هەزار دەرمان دیاریکردووە و هەموو دەرمانێک ئێستا لای ئێمە مۆڵەتی بەکارهێنان وەردەگرێت. یەکەمجارە لە مێژوودا وەزارەتی تەندروستیی عێراق دان بە مۆڵەتی بەکارهێنانی هەرێمی کوردستاندا دەنێت."
 
بە گوتەی د. شێروان سادق، "پێشتر ستیکەری دەرمان لەلایەن کۆمپانیایەکەوە چاپ دەکرا و ئێمە لەگەڵ ئەوە بووین حکومەت خۆی ئەو ستیکەرە چاپ بکات و وەکو بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتی کۆنترۆڵ داوای فەرمیمان لە داواکاری گشتی کردووە بۆئەوەی ئەو ستیکەرە لەلایەن ئێمەوە لە دەرمان بدرێت کە داهاتیش زیاد دەکات، بەڵام رێگە نادەن."
 
بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان ئەوەی خستووەتەڕوو، "ئەگەر ئێستاش سەرۆکی حکومەت و پەرلەمان و دادگا پشتگیریمان بکەن، زۆربەی کێشەکان ناهێڵین، بەڵام ئەگەر منداڵێک لە دادگا سکاڵامان لەسەر بکات، سەرجەممان بانگ دەکرێینە دادگە. کێشەی دەرمانم خستووەتە بەردەم داواکاری گشتی و گوتوومە رایبگرن و وەڵامیان نەداوینەتەوە، کەچی بەرپرسی چاودێریی بازاڕ لە دهۆک لەسەر ئەوەی رێکاری بەرامبەر قاچاخچی و دەستگێڕی دەرمان گرتووەتەبەر، فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە."
 
د. شێروان سادق داوا دەکات بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تایبەت بە دەرمان دابمەزرێت و دەڵێت، "تاوەکو ئێستاش پزیشک بڕیار لەسەر دەرمان لە هەرێمی کوردستان دەدات. کاتێک داواکارییەکی کوالێتی کۆنترۆڵ دەبەم بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، کەسێکی یاسایی لەگەڵم دادەنیشێت کە پسپۆڕیی لە دەرمانسازی نییە و لە داواکارییەکەم تێناگات."
 
هەزار و 700 دەرمانخانەی فەرمی و 12 هەزار نۆرینگەی لاکۆڵان لە هەرێمی کوردستان هەن
 
سەرۆكی سەندیكای دەرمانسازانی ‌‏كوردستان دەڵێت، ئەو خەڵکەی لە لاکۆڵان و شوێنی نایاسایی دەرمان دەکڕن، بەراورد بەوانەی کە لە دەرمانخانە فەرمییەکان دەرمان وەردەگرن، 10 بەرامبەرە.
 
دكتۆر باریف زاهیر، سەرۆكی سەندیكای دەرمانسازانی ‌‏كوردستان رایگەیاند، "ناومان لە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆ دانانی هیچ پلانێک لەبارەی دەرمان و تەندروستییەوە پرس و راوێژمان پێ نەکراوە."
 
سەرۆكی سەندیكای دەرمانسازانی ‌‏كوردستان روونیدەکاتەوە، "ساڵی 2021 لەگەڵ 200 دەرمانسازی بەئەزموون لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پرۆژەیەکمان لەبارەی کەموکوڕییەکانی دەرمان و کێشەکانی ئامادەکرد و ئاراستەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و سەرۆکی هەرێممان کرد، بەڵام کێشەکان تائێستا بەردەوامن."
 
د. باریف زاهیر پێیوایە، "ئەو خەڵکەی لە لاکۆڵان و شوێنی نایاسایی دەرمان دەکڕن، بەراورد بەوانەی کە لە دەرمانخانە فەرمییەکان دەرمان وەردەگرن، 10 هێندەیە" و دەشڵێت، "لە هەرێمی کوردستان هەزار و 700 دەرمانخانەی فەرمی هەیە، بەڵام 12 هەزار شوێنی نافەرمی هەن کە سەرچاوەیەکن بۆ دابەشکردنی دەرمانی قاچاخ."
 
"کۆمپانیاکان بە سێ ژمێریارەوە فریای زەریبەی حکومەت ناکەون"
 
خاوەن كۆمپانیایەكی هاوردەكردنی دەرمان ئاماژە بە رۆتیناتی هاوردەکردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستان دەدات و دەڵێت، "هەموو ئەو باج و پارەیەی لە کۆمپانیاکان وەردەگیرێت، زیادی دەکەینە سەر نرخی دەرمانەکان و گرانییەکە دەکەوێتە سەر شانی نەخۆش."
 
خەسرەو جەوهەر، خاوەنی كۆمپانیایەكی هاوردەكردنی دەرمان دەڵێت، "حکومەت کە پارەی ستیکەری دەرمانی بۆ 10 هێندە گران کردووە لەسەرمان، ئێمەش ناچارین ئەو پارە زیادەیە بخەینە سەر نرخی دەرمان، بەدەر لەمەش کە دەرمانێک لە سنوورەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەین بە چەندین قۆناخ حکومەت پارەمان لێ وەردەگرێت و دواتریش کە گەیاندمانە کۆگاکان، لەوێش ساڵانە باجمان لێ وەردەگرێت."
 
بە گوتەی خەسرەو جەوهەر، "دەرمان هەیە لە کۆمپانیای وڵاتێکەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە لەناو وڵاتەکەدا بەکارنایەت و ئێستاش ئەو دەرمانانە لە هەرێمی کوردستان هەن و بە فەرمی و لە رێگەی دەروازەکانەوە دەهێندرێنە نێو هەرێمی کوردستان."
 
دكتۆر هەڵدێر محەممەد، پزیشكی دەرمانساز باس لەوە دەکات، "دەرمانی بێ ستیکەر و قاچاخ لە هەرێمی کوردستان زۆر زیادی کردووە، ئەگەر قاچاخچێتیی دەرمان کۆنترۆڵ ناکرێت، کۆنترۆڵکردنی شوێنی ساخکردنەوەی دەرمان ئاسانە."
 
بە بۆچوونی د. هەڵدێر محەممەد، "ئێستا گەورەترین کێشە لە دەرمانخانەکان جیاوازیی نرخی دەرمانە. داوای یەکخستنەوەی نرخی دەرمان دەکەین. ئەو دەرمانە فەرمییانەش کە نرخیان جیاوازە، هۆکار ئەو کۆمپانیایانەن کە دەرمان هاوردە دەکەن، لەبەر ئەوەی شیرینییەکی زۆر دەدەن بە هەندێک دەرمانخانە و بە هەندێکی نادەن."
 
ئەو دکتۆرە دەرمانسازە رێنوێنی دەداتە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، "دەرمانێک کە ستیکەری پێوەبوو لەسەر ستیکەرەکە ژمارەی باجی پێوەیە، دەبێت هەمان ژمارە لەسەر پاکەتەکە هەبێت و لەسەر دەرمانەکەی ناو پاکەتەکەش هەمان ژمارە هەبێت، بەوەدا دەتوانی راستیی دەرمانەکەت بۆ دەربکەوێت و هەر دەرمانێکیش ستیکەری پێوە نەبوو، جێی گومانە."
 
"80%ی دەرمانە قاچاخەکان لە نۆرینگەکانن"
 
ئەندامێکی لیژنەی باڵا لە لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیێنێت، "80%ی ئەو دەرمانانەی لەلایەن لیژنەکانمانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، لە نۆرینگە لاکۆڵانەکان بوون."
 
دكتۆر ئیدریس ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی باڵا لە لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، "20%ی ئەو دەرمانە نایاسایی و بێ کوالێتییانەی لەلایەن لیژنەکانی قایمقامیەتەوە گیراون، لە دەرمانخانەکانن و 80%ی لە نۆرینگەکانی لاکۆڵان بوون."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵا لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەشڵێت، "لە هەزار و 700 جۆر دەرمان کە نزیکەی 10 هەزار پاکەت بوون و لە سلێمانی دەستیان بەسەردا گیراوە، هەشت هەزاری لە نۆرینگەکانی لاکۆڵان بوون کە بە تەنیا چوار هەزار پاکەتی لە یەک شوێن گیراوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە