سوپای تورکیا لە ژمارەیەک خاڵی سەربازی لە هەرێمی کوردستان دەکشێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سوپای تورکیا لە بەشێک لە خاڵە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان کشاوەتەوە، ئەوەش کەمێک ئارامی بۆ گوندە سنوورییەکان گەڕاندووەتەوە، بەڵام گوندنشینێک لە بناری چیای مەتین لە ئامێدی دەڵێت، ناتوانن زۆر لە گوندەکەیان دووربکەونەوە و هێشتاش مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
 
هاونیشتمانییەک دەڵێت، لە پێنج مانگی رابردوودا 40 مەڕی مردووە. ئەو ئاژەڵدارەی گوندی سەرگەلێ لە سنووری ئامێدی باس لەوە دەکات، هاوینی ساڵی رابردوو لە ترسی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە گوندەکەیان چۆڵکردووە و مەڕەکانی جێهێشتووە، ئەوەش بووەتە هۆکاری بۆئەوەی بەشێک لە مەڕەکانی بمرن.
 
پێشکەفت رەشید، ئاژەڵدار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا دۆخەکە ئارامە و هیچ کێشەیەک نییە، بەڵام بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە رێگە نادرێت بچمەوە سەر ماڵ و حاڵم، هیوادارم گوێیان لەم دەنگەی ئێمە بێت بۆئەوەی زیاتر زیان نەکەین."
 
تورکیا لە ماوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ -قوفڵ کە لە نیسانی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد، 27 خاڵی سەربازی لە سنووری ئامێدی داناوە. مانگێکە 13 لەو خاڵە سەربازییانەی چۆڵکردووە کە هەشت خاڵیان دەکەونە سنووری ناحیەکانی دێرەلووک و شیلادزێ و پێنج خاڵە سەربازییەکەی دیکەش دەکەونە سنووری ناحیەی کانی ماسێ.

 

لیوا ئەحمەد عارف، شارەزای سەربازی باس لەوە دەکات، "ئێمە دەزانین کە ئێستا پاسەوانی سنوور بە هاوئاهەنگی لەگەڵ تورکیا دەچنە سنوورەکان، بەڵام ئەگەر هەر جموجووڵێکی سەربازی [دژی تورکیا] لە سنوورەکان بکرێت، تورکیا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە خاڵە سەربازییەکانی."
 
دوای کشانەوەی سەربازانی سوپای تورکیا لە چەند خاڵێکی سەربازی، دۆخی ئەمنی لە 15 گوندی بناری چیای مەتین ئارام بووەتەوە.
 
رەمزی سەرگەلی، فەرمانبەر و دانیشتووی گوندە سنوورییەکان دەڵێت، "خەڵک تۆزێک ئاسوودە بووە و دەتوانێت بە شەوان بچێتە دەرەوە، دەرکەوتنێکی ئاسایی نەک بچێتە دەوروبەری گوندەکە، بۆ نموونە ناتوانی بچیت دارێک بهێنێت لە چیا، ئەوە نییە."
 
هێزەکانی تورکیا لە سنووری قەزای باتیفا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دهۆک و ئامێدی هەن، بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای تورکیا بە درێژایی ئەو سنوورانە بەردەوامە و نەوەستاوە.