بەرپرسێک لە وەزارەتی ناوخۆ: زەحمەتە ئەمساڵ کەمپی ئاوارەکان دابخرێن

23-01-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەدووری دەزانێت ئەمساڵ کەمپەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دابخرێن و ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. دەشڵێت: "ئێستا رۆژانە حەوت بۆ هەشت ماڵ دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، بەڵام داواکارییش هەیە خەڵک لەنێو شارەکانەوە بچنە کەمپەکان."
 
رۆژی دووشەممە 23-1-2023، حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەدووری دەزانین حکومەتی عێراق بتوانێت ئەمساڵ ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و کەمپەکان دابخرێن؛ هۆکارەکەشی ئەوەیە هێشتا خەڵک ئامادەیی بۆ گەڕانەوە زۆر کەمە." 
 
ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکانن لە دوای شەڕی داعشەوە لە ساڵی 2014 روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەشی زۆریان بە پاساوی دۆخی ئەمنی نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان. 
 
حوسێن کەلاری دەڵێت: "هێشتا ژێرخانی ئابووریی ناوچە رزگارکراوەکانی دەستی داعش گونجاو نییە و کێشەی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکانیان هەیە، جگە لە نەبوونی دەرفەتی کار و کێشەی دیکە." 
 
بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، کە رۆژی 23ـی کانوونی دووەمی 2023 بڵاوکراوەتەوە، نزیكەی 665 هەزار و زیاتر لە 248 هەزار پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن، واتە 913 هەزار ئاوارە و پەنابەر.
 
حوسێن کەلاری باسی لەوەکرد کە داواکارییەکی زۆریان لەلایەن ئەو ئاوارانەوە پێگەیشتووە کە لەنێو شارەکانی هەرێمی کوردستانن دەیانەوێت بچنە نێو کەمپەکان و دەڵێت. بۆ هۆکارەکەشی گوتی: "ئەوان دەڵێن ژیان لە شارەکان سەختە، بەڵام لە کەمپەکان کرێی خانوو نادەن و کۆمەڵێک قورساییان لەسەر نامێنێت." 
 
رۆژی 1ى کانوونى یەکەمى 2022، ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد و لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان دۆخى کەمپى ئاوارەکانیان لە هەرێمى کوردستان تاوتوێ کرد، یەکێک لە پرسەکان تێکەڵکردنى کەمپى ئاوارەکان بوو.
 
گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی عێراق، یەکێکە لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەکەی حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی، جگە لەوە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کە رێگە بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و گەیاندنی خزمەتگوزاریی و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە دەدات. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە