گوتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور: ئاگاداری فێڵبازەکان بن

23-01-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی ناوچەی یەکی ھێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق رایگەیاند، هیچ رێکارێکی نوێ لەبارەی دامەزراندنی پاسەوانانی سنوورەوە نییە و دیار نییە کەی ناوی ئەو کەسانە رادەگەیێندرێت کە فۆرمی دامەزراندنیان پڕکردووەتەوە. دەشڵێت: "هەندێک کەس بانگەشەی ئەوە دەکەن دەتوانن ئەو کەسانە دابمەزرێنن کە ناویان تۆمارکردووە بەرامبەر بە پارە"، داوا دەکات کەس بەو "فێڵانە هەڵنەخەڵەتێت." 
 
رۆژی دووشەممە 23-1-2023، عەقید کاروان خۆشناو، گوتەبێژی ناوچەی یەکی ھێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی دامەزراندنی پاسەوانانی سنوور لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای داخستنی سیستم و لینکی تایبەت بە دامەزراندنی پاسەوانانی سنوور دەرکەوت 2 ملیۆن  و 182 هەزار کەس فۆرمیان پڕ کردووەتەوە، بەڵام تەنیا 2 هەزار و621 کەس دادەمەزرێندرێن."
 
لە سۆشیاڵمیدیاوە چەند دەنگۆیەک لەبارەی دامەزراندنی ئەو کەسانە بڵاوبووەتەوە، لەوانە دامەزراندن بە پارە، بەڵام عەقید کاروان خۆشناو سەرجەم دەنگۆکانی رەتکردەوە.
 
عەقید کاروان خۆشناو گوتی: "بەداخەوە هەندێک کەس پەیدابوون بانگەشەی ئەوە دەکەن دەتوانن ناوی ئەوانە لە بەغدا بهێننەوە کە داواکارییان بۆ دامەزراندن پێشکێش کردووە. یان هەندێک پەیج لە سۆشیاڵمیدیا هەواڵی سەیر بڵاودەکەنەوە، هەموو ئەوانە ناڕاستن و داواکارین کەس نەکەوێتە داوی ئەو فێڵبازانە. ئەگەر بەفەرمی پێشهاتی نوێ هەبێت رایدەگەیێنین."
 
سەبارەت بە راگەیاندنی ناوی دامەزراوانیش کە دەنگۆیەک هەیە مانگی داهاتوو بە کورتەنامە ئاگادار بکرێنەوە. عەقید کاروان خۆشناو گوتی:  "هێشتا هیچ رێکار یان پاڵاوتنێک بۆ ناوەکان و دامەزراندن و شێوازی گەڕانەوەی ناوەکان دیاری نەکراوە، هەر شتێکی نوێ هەبێت رایدەگەیێنین."
 
بەپێی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی ئەو 2621 کەسەی دادەمەزرێن، زۆربەیان لە هەرێمی کوردستان دەبن.
 
دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دامەزراندنی پاسەوانانی سنووری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 16-01-2023 لینکی پڕکردنەوەی فۆرمی دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور کاراکرا و رۆژی 18-01-2023 کاژێر 12:00ی شەو راگیرا.
 
بەپێی زانیارییەکانی پاسەوانی سنوور زیاتر لە 12 ملیۆن کەس سەردانی لینکەکەیان کردبوو، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 182 هەزار کەس خۆیان ناونووس کردبوو، کە بڕیارە دوو هەزار و 621 کەس لە هەموو عێراق دابمەزرێن. 
 
دامەزراندنی ئەو پاسەوانانە تایبەتە بۆ ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور کە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی بە درێژایی نزیکەی هەزار و 30 کیلۆمەتر دەگرێتەوە.
 
مەرجەکانی دامەزراندنەکە بریتین لە: کەسەکە دەبێت تەمەنی لەنێوان 17 ساڵ بۆ 35 ساڵ بێت، لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت، فۆرمەکە بە زمانی عەرەبی پڕبکاتەوە و تەنیا پێویستە بڕوانامەی سەرەتایی و دواناوەندیی هەبێت. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دایکەکە لەگەڵ دوو منداڵە ئۆتیزمەکەی. وێنە: رووداو

پیاوێک لە هەولێر ژنەکەی و دوو منداڵی ئۆتیزمی جێدەهێڵێت: داوای پیتزا دەکەن و پارەم نییە بیکڕم بۆیان

دایکێک لە هەولێر بە دوو منداڵی ئۆتیزمەوە، بەبێ هاوژین و ماڵی تایبەتی خۆی، ململانێ لەگەڵ سەختییەکانی ژیان دەکات. چیرۆکی ناخۆشییەکانی ئەم دایکە لەگەڵ هاوژینەکەی، ئەو کاتە دەستپێدەکات کە ژنەکە دوای پشکنین بۆی دەرکەوتووە دوو کچەکەی ئۆتیزمیان هەیە، دوای ئەوەش بڕیار دەدات منداڵەکانی بنێرێت بۆ سەنتەرێکی تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم، بەڵام "هاوژینەکەی رێگر بووە منداڵەکان بۆ راهێنان بچنە سەنتەر، رێگرییەکەش بووە هۆی لێکترازانی خێزانەکە."