لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە دیلۆک کەسێک گیانی لەدەستدا و شەشی دیکەش برینداربوون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان و لە ئەنجامی پێکدادانی مینی پاسێک و دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت، کەسێک گیانی لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.
 
رووداوەکە درەنگانی شەوی رابردوو لە شەقامی کۆنی نیزیپ لە نزیک گوندی بەدیر روویدا. لە رووداوەکەدا ئۆتۆمبێلێک خۆی کێشاوە بە مینی پاسێک و ئۆتۆمبێلکی دیکەدا و دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تیمەکانی پۆلیس، ئاگرکوژێنەوە و تیمی پزیشکی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون.
 
کەسێک بەناوی کامیل ئاکگون لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.
 
بریندارەکان لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لەنێو ئۆتۆمبێلەکان دەرهێندراون و بۆ نەخۆشخانەکانی دیلۆک گواستراونەتەوە؛ تەرمی هاووڵاتییەکەش رەوانەی دادپزیشک کرا.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ساڵی رابردوو 485048 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و 2282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291151 کەسی دیکەش بریندار بوون. لە کۆی 485048 رووداوەکە 56861یان لە باکووری کوردستان روویانداوە و لە ئەنجامدا 372 کەس گیانیان لەدەستداوە.