دادگەی مێردین بڕیاریدا 4 تۆمەتباری کوشتنی 5 هاونیشتمانییەکەی دهۆک زیندانی بکرێن

23-01-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
 کاتی گواستنەوەی تۆمەتبارەکان لە دادگەی مێردین
کاتی گواستنەوەی تۆمەتبارەکان لە دادگەی مێردین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە، پێنج تۆمەتباری دۆسیەی کوژرانی پێنج هاونیشتمانیی خەڵکی دهۆک لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە مێردینی باکووری کوردستان چوونە بەردەم دادوەر، چواریان خرانە گرتووخانەوە.
 
دادگەی مێردین دوای وەرگرتنی گوتە لێیان و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تۆمەتباران، بڕیاریدا چوار لەو پێنج کەسەی تۆمەتباری دۆسیەکەن، بخرێنە گرتووخانە و کەسەکەی دیکەش بە مەرجی دادوەری ئازاد بکرێت. 
 
هەر یەک لە تۆمەتباران (ف. ئـ)، (ئـ. ک)، (چ. ب)، (م. ی) و (م. ش) پێنج تۆمەتباری ئەو دۆسیەیەن. تائێستا بە تەواوی روون نەبووەتەوە کە بۆچی ئەو هاونیشتمانییانەی خەڵکی دهۆک کوژراون. لە دادگە (ئـ. ک) گوتوویەتی (ف. ئـ) تەقەی لێکردوون، ئەمە لەکاتێکدایە (ئـ. ک) لە بنکەی جەندرمەش هەمان قسەی کردووە. بەڵام (ف. ئـ) ئەمە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، تاوانەکە لەلایەن (ئـ. ک) کراوە. دوای ئەوە دادوەر بڕیاریدا و پرۆسەی دادگەییش بەردەوام دەبێت.
 
عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری رووداو لە باکووری کوردستان لەبەردەم دادگەی مێردین لەکاتی گواستنەوەی تۆمەتبارەکان لەلایەن هێزەکانی جەندرمەوە ئامادەبوو و ئاماژەی بەوەکرد، یەکێک لە تۆمەتبارەکان ژنە. تۆمەتبارەکان لە ژێر چاودێریی تووندی ئەمنیدا دەبن. 
 
بەرەبەیانیی 19-1-2023، پێنج هاونیشتمانی دانیشتووی دهۆک لە ئۆتۆمبیلێکدا لە شارۆچکەی نسیبینی سەر بە مێردین، لەلایەن چەند کەسێکەوە بە گولـلە لە سەریان درا و گیانیان لەدەستدا.
 
کەسەکان، حاجی عەبدوڵڵا ساڵح مستەفا (69 ساڵ)، چیمەن شاهین خالید (75 ساڵ) کە هاوژینی حاجی عەبدوڵڵایە، هەندرێن عەبدوڵڵا ساڵح (39 ساڵ) کە کچی حاجی عەبدوڵڵایە، واحیدە حەیدەر جاسم (63 ساڵ) و مەلا ئەحمەد جەلالەدین ئیبراهیم (45 ساڵ) بوون. 
 
ئەوکاتە ئەمین عەبدوڵڵا، کوڕی یەکێک لە کوژراوەکان بە رووداوی راگەیاند: "پێنج قوربانییەکە سەر بە دوو خێزانن، خێزانێکیان لە دایکێکی تەمەن 63 ساڵ و کوڕەکەی بە ناوی ئەحمەد پێکدێن. خێزانەکەی دیکەش لە شۆفێر و هاوژین و کچەکەی پێکهاتبوون."  
 
هەروەها ئەمین عەبدوڵڵا گوتی، ئەوان لە کاتی سەردانیکردنی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان لە ئۆتۆمبێلەکەی خۆیاندا دەستڕێژی گولـلەیان لێکراوە.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن لەگەڵ ماڵباتی هەردوو قوربانیی رووداوەکە قسەی کرد و رایگەیاند، له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى توركيا له‌ نزيكه‌وه‌ به‌دواداچوون ده‌كات و به‌رده‌وام ده‌بن تاوەکو ئه‌وكاته‌ى تاوانباران ده‌درێنه‌ دادگە و به‌ سزاى خۆيان ده‌گه‌ن.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییەکان راگەیاند و سەرکۆنەی تاوانەکەی کرد. هەروەها داوای لە حکومەتی تورکیا کرد هۆکارەکانی رووداوەکە روونبکاتەوە و ئەنجامدەرانیش رووبەڕووی دادگە بکاتەوە.   

 

 

پەیامنێری رووداو گوتی، لە رۆژی رووداوەکە چوار کەس دەستگیرکرابوون و رۆژی دواتر دوو کەسی دیکەش لەلایەن پۆلیسی مێردینەوە گیران کە یەکێکیان ژنە. ئەمڕۆ دادوەر گوتەی تۆمەتبارەکانی وەرگرت و دوو کەس وەکو تۆمەتباری سەرەکی ناسێنران. 
 
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، ئەوەی ئەمڕۆ لە دادگە بەڕێوەچوو، دادگاییکردنی تۆمەتباران نەبوو، بەڵکو درێژەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە بوو و گوتە لە تۆمەتباران وەرگیرا و دوای چوار مانگی دیکە بڕیار لەسەر یەکەم دانیشتنی دادگە دەدرێت.
 
بەگوێرەی لێدوانی پۆلیسی مێردین، تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکە دوو کەسن کە یەکیان ناوی "ف. ئـ"ـە و ئەویتریان بەناوی "ئـ. ک"ـە و هەردووکیان خەڵکی نسێبینن. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، تاوانبارە سەرەکییەکان لەکاتی دانپێدانانەکانیان گوتوویانە کە قەرزداربوون و زانیویانە خێزانێکی دهۆکی لە مێردینن و پارەیان پێیە، بۆیە هێرشیانکردووەتە سەریان و کوشتوویانن، بەڵام خەڵکی ناوچەکە بڕوا بەو چیرۆکە ناکەن، لەبەرئەوەی راستەوخۆ فیشەکیان بە سەری هەر پێنج ئەندامی خێزانەکەوە ناوە و دەڵێن، ئەگەر مەبەستیان پارە بووبا دەیانتوانی بەبێ کوشتن و بە زەبری چەک پارەکەیان لێ بستێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە