نوێنەری کارگەکانی گازی سلێمانی: ناتوانین پێداویستیی هاونیشتمانییان لە گازی شل پڕبکەینەوە

23-01-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری کارگەکانی گازی سلێمانی دەڵێت، "لە سلێمانی گازی شل بەپێی پێویست نییە و ناتوانین پێداویستیی هاونیشتمانییان پڕبکەینەوە." نەوت و کانزاکانی سلێمانیش دەڵێت، "گرفتی گازمان هەیە، بەڵام قەیران نییە."
 
رۆژی دووشەممە 23-01-2023 کۆچەر تاهیر، نوێنەری کارگەکانی گازی سلێمانی له ‌كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌ڤانیدا رایگەیاند، "ئێستا پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجە، ئیدارەی راپەرین و پێنجوێنیشەوە رۆژانە 234 تۆن گازمان بەدەستدەگات، لە کاتێکدا پارێزگاکە پێویستی بە 400 تۆنە."
 
نوێنەری کارگەکانی گازی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو گازەی ئێستا بەدەستی کارگەکانمان دەگات، کەمیکردووە، ناشزانین لەلایەن دانا گازەوەیە یان کۆمپانیاوە."
 
کۆچەر تاهیر هۆشداریی بە لایەنی پەیوەندیدار دا بەوەی سلێمانی گازی پێویستی بەدەستناگات، لە داهاتوودا ئەوە گرفتیان بۆ دروستدەکات و دەڵێت، "گاز هەیە و لەبەردەستە، بەڵام بەپێی پێویست نییە و ناتوانین پێداویستیی هاونیشتمانیان پڕبکەینەوە. ئەگەر ئەو بڕەی ئێستا هەیە هەر ئەوە بۆ سلێمانی دابینبکرێت ئەوە بە ناچاری کارگەکانمان هەفتەی دوو رۆژ کار ناکەن و رەنگە بگاتە سێ رۆژیش."
 
نوێنەری کارگەکانی گازی سلێمانی گوتیشی، "هەندێک کات هاونیشتمانییان سەردانی کارگەکانمان دەکەن و دوو بوتڵی گازیان پێیە و دەیانەوێت پڕیان بکەنەوە، بەڵام ناتوانین بۆیان پڕبکەینەوە، چونکە بریکارەکانمان لە ئێستاوە بۆ 25 شەوی دیکە سەرەیان بۆ هاونیشتمانییان داناوە تاوەکو بوتڵی گازیان بۆ پڕبکەنەوە."
 
رێبوار عەبدوڵڵا، لیپرسراوی گازی شل لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانیش بە رووداوی گوت، "قەیرانی گاز لە سلێمانی نییە، بەڵام گرفتی کەمیی گاز هەیە. یەکێک لە کێشەکانمان ئەوەیە، ئێستا 12 تانکەر گازمان بەدەستدەگات کە پێشتر نزیکەی 250 تۆن دەبوو، بەڵام بۆ 230 تۆن کەمبووەتەوە، بۆ ئەوەش لەگەڵ دانا گاز قسەمان کردووە. ئەوان کۆمپانیا بە بەرپرس دەزانن و کۆمپانیا دانەگاز بە بەرپرس دەزانێت."
 
بە گوتەی لێپرسراوی گازی شل لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، ئەوان بۆ "وەرزی زستان پێویستیان بە 400 تۆن گازە بۆ ئەوەی هاونیشتمانیان نەوەستن و کێشەیان بۆ دروست نەبێت، بەڵام ئەو بڕەمان بەدەستناگات."
 
لەبارەی نرخی گاز لە سلێمانی رێبوار عەبدوڵڵا گوتی، "نرخی بوتڵێک گازی حکومی 8500 دینارە و گازی بازرگانی دەوروبەری 15 هەزار دینارە."
 
هەر ئەمڕۆ نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی گوت، "رۆژانە 14 تانکەر گازی شل دەگاتە هەولێر، کە دەکاتە نزیکەی 280 تۆن گازی شل، لە کاتێکدا پێویستمان بە زیاتر لە 400 تۆن گازی شلە، کە بەراورد بە زستانی 2020 بڕەکە کەمبووەتەوە. ئەو کاتە زیاتر لە 20 تانکەر گاز لە هەولێر دابەش دەکرا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو دیمەنی لافاوەکەی چەمچەماڵ

پارێزگای هەولێر: هەر کەسێک بێ مۆڵەت کەمپەین بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە بکات سزا دەدرێت

پارێزگای هەولێر رێوشوێنی بۆ رێکخستنی کەمپینەکانی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و گەرمیان دەرکرد و رایدەگەیێنێت، هەر کەسێک لەسەر شەقامەکان بە ناوی کۆمەکەوە رێگە لە هاتووچۆ بگرێت، رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.