رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی هەولێر دەڵێت، نرخی گازی شل لە دابەزیندایە و هەفتانەش شەش رۆژ گاز دەدرێتە بریکارانی گاز؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا خواست لەسەر گاز بەرزە و داوای گازی زیاتریان بۆ هەولێر کردووە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لە کاتی بەشداریکردن لە بوولتەنی ئابووری لە کاژێر 09:00، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد، لەبارەی گرانبوونی نرخی گازی ماڵان قسەی کرد و گوتی، "ئەو بڕە گازە شلەی رۆژانە لە هەرێمی کوردستان وەکو بەشی هاونیشتمانییان دابەش دەکرێت، لە رێگەی کۆمپانیای ساوز کوردستانەوەیە کە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای دانا گاز و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەیە. رۆژانە 14 تانکەر گازی شل دەگاتە هەولێر کە دەکاتە نزیکەی 280 تۆن. ئەوەش لە کاتێکدایە، پێویستمان بە زیاتر لە 400 تۆن گازی شلە. بەراورد بە زستانی 2020 بڕەکە کەمبووەتەوە، کە ئەو کات زیاتر لە 20 تانکەر گاز لە هەولێر دابەش دەکرا."
لەبارەی گرانبوونی نرخی گاز قایمقامی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، "ئێستا لە هەولێر خواست لەسەر گازی شل زیاتر بووە، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی هۆتێل و مۆتێل و رێستۆرانت و چێشتخانەکان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان. داوای زیادکردنی بڕی گازی شلمان بۆ هەولێر کردووە، چونکە ئێستا زستانە و خواست لەسەر گازەکە زیادیکردووە، هەربۆیە ئەو بڕەی بە بازرگانی دەفرۆشرێت نرخەکەی بەرزبووەتەوە."
بە گوتەی نەبەز عەبدولحەمید، "ئێستا نرخی گاز لە دابەزیندایە. پێش گرانبوونی نرخی گاز، تۆنێک گاز نرخەکەی 800 تاوەکو 900 هەزار دینار بوو، دواتر نرخەکە گەیشتە ملیۆنێک و 200 هەزار، بەڵام ئێستا نرخەکە روو لە دابەزینە و یەک تۆن گاز نرخەکەی بۆ ملیۆنێک و 50 هەزار دینار دابەزیوە."
بەشێکی هاونیشتمانییان سکاڵای ئەوە دەکەن، بریکارانی دابەشکردنی گاز، گازەکە بە گرانتر دەفرۆشنەوە. لەوبارەوە قایمقامی هەولێر دەڵێت، شتی لەو جۆرە هەبووە، بەڵام ئەو بریکارانە سزادراون، "لە هەولێر 170 بریکاری گازمان هەیە و چاودێری دەکرێن. موختارەکان بۆ چاودێریکردنیان راسپێردراون. بریکار هەبووە بەشێکی بوتڵەکانی لە بازاڕی رەش فرۆشتووەتەوە، بەڵام رێکاری تووند بەرامبەریان گیراوەتەبەر و پێبژاردن هەبووە و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلیش هەبووە. هەندێک لە بریکارانیش بەهۆی سەرپێچیکردنی رێنوێنییەکان بریکارنامەکەیان لێ وەرگیراوەتەوە، کە تووندترین سزایە. بەڵام دوای تووندکردنی رێکارەکان و چاودێریکردنیان دۆخەکە باشترە."
قایمقامی هەولێر گوتیشی، "تەنیا رۆژانی هەینی گاز دابەش ناکرێت، ئەوەش کاریگەریی باشی هەبووە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە و دابەزاندنی نرخ."
لەبارەی کوالێتیی گازی بازرگانی و ماڵان، نەبەز عەبدولحەمید گوتی، "سەرچاوەی گاز هەمووی یەکە، جگە لەوەی لە رێگەی بازرگانەکان لە موسڵ و کەرکووکەوە دێت. گازی کوردستان هەموو یەک سەرچاوەیە و لەڕووی کوالێتییەوە چاودێری دەکرێت. هەر کارگەیەک فەرمانبەرێکی وەزارەتی سامانە سرووشیتییەکانی لێیە. لە رابردوودا دەنگۆ هەبوو کە هەندێک لە بوتڵەکانی گاز ئاویان تێدا بووە، لیژنەکانمان بەدواداچوونیان بۆ ئەم مەبەستە کرد، بەڵام نەمان بینیوە هیچ بڕە ئاوێك لەنێو بوتڵەکان هەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ