بەهۆی بێئاوییەوە ژمارەیەک گوندی خانەقین مەترسیی چۆڵبوونیان لەسەرە
رووداو - خانەقین
ئاراس مەجید جووتیارێکی گوندی مێخاسە لە خانەقین و 250 دۆنم زەویی بەراوی هەیە؛ ساڵی رابردوو بەهۆی کەمئاوی و وشکەساڵییەوە 20 ملیۆن دینار زیانی بەرکەوتووە، ئەمساڵیش بێئاوی هەڕەشە لە بەرهەمەکەی دەکات.
ئاراس مەجید دەڵێت، "پێشتر ئەم جۆگە لەخۆیەوە ئاوەکە هەڵدەستا و دەڕۆشت، ئێستا ئەوەتا، بەخوا ساڵی رابردووش زیانێکی زۆرمان کردووە، راستی ئەگەر ئەمساڵیش زیان بکەم، ئێمەش گوندەکە بەجێدەهێڵین لە سنووری خانەقین. نازانم چەند گوندە، هەر گوندەکەی ئێمە بە تەواوەتی ماوە."
زیاتر لە 150 جووتیار لە هەریەکە لە گوندەکانی مێخاس، مەلا رەحمان، دارا و عەلی خان لەسەر رووبەری 4000 دۆنم دانەوێڵە دەچێنن.
عەبدوڵڵا هەیاس، جووتیار دەڵێت، "گوتراوە ئاو و ئاوەدانی، زۆربەی باخەکانی خانەقین و ئەم ناوچەیە لەناوبران و سووتێندران، کرا بە شوێنی نیشتەجێبوون، لەبەر ئەوە بێ ئاوییە، خەرجیی ئەوە دەرناکات بە ماتۆڕ ئاوی بدەیت یان بە شتێکی دیکە ئاو بدەیت."
ئەدهەم حاتەم، جووتیار گوتی، "وشکەساڵییە و ئاو نییە، حکومەتیش نایەت بەهانای کەسەوە و ڤێتێرنەریش دەرمانمان بۆ ناهێنێت؛ گشتی لە حسابی خۆتە، مەترسی هەیە لەسەر ناوچەکە و زەویی گشتی وشکی کردووە."
بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی گەرمیان سکاڵای لەسەر 83 کەس تۆمار کردووە کە زیادەڕۆییان کردووەتەوە سەر ئاوی باڵەجۆ.
موئەیەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاودێریی گەرمیان دەڵێت، "بەداخەوە گوندەکانی مێخاس و خانەقین ئاویان بە شێوازێکی پێویست پێناگات لەبەر دوو هۆکار، یەکەم دابەزینی ئاوی سیروانە بە شێوەیەکی گشتی؛ دووەمیش، کاتی خۆی ئەم پرۆژەی ئاوی باڵەجۆ بە شێوازێکی نادادپەروەرانە دروستکراوە لە هەر لە گوندەکانی دەورەوە تاوەکو مێخاس."
ساڵی رابردوو لە خانەقین 79 ملیمەتر باران باری، کە کەمترین ئاست بوو لە هەرێمی کوردستان. ئەمساڵ 124 ملیمەتر باران باریوە و زیاتر لە 100 ملیمەتر بارانی دیکە پێویستە بۆئەوەی دەربازبێت لە وشکەساڵی.