رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی ساڵی 2021، لەکۆی 186 بەرنامەی بەرپرسیار لەبارەی دۆسێ جیاوازەکانی پەیوەست بە ژیانی هاونیشتمانییان، 124 دۆسێی بەرنامەکە چارەسەرکراون کە دەکاتە نزیکەی 67٪ـی دۆسێکان و نزیکەی 188 ملیۆن دینار پارەیان بۆ کۆکراوەتەوە.
بۆ کۆی دۆسێکانی بەرنامەکە، 74 ملیۆن و 850 هەزار دینار و 77 هەزار و 500 دۆلار بۆ هاونیشتمانییان کۆکراونەتەوە و وەکو هاوکاریی پێیان گەیشتووە کە بەشێکیان بۆ نەشتەرگەری، بەشێک بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و خانوو بووە.
لە ماوەی ساڵەکەدا 46 کەس لەڕێگەی بەرنامەکەوە هاوکاریی ماددی کراون کە زۆرترینیان 18 هەزار دۆلار بووە.
هەر لەسەر ئەو دۆسێیانەی لە بەرنامەکەدا باسکراون، 35 لیژنە لە سەرجەم فەرمانگە و وەزارەتەکان پێکهێندراون و بەدواداچوونیان کردووە.
لە لایەنی خزمەتگوزاریشەوە بۆ ناوچەکان وەک گەیاندنی رێگەوبان، قیرتاوکردن و دروستکردنی تۆڕی ئاو و کارەبا، 22 شوێن لە رێگەی بەرنامەکەوە سوودمەندبوون و کاریان بۆ کراوە.
هەر لە ماوەی ساڵی 2021 دا، 16 نەشتەرگەری بۆ ئەو نەخۆشخانە کراوە کە لە بەرنامەکەدا دۆسێکانیان پێشاندراوە. نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکان نەشتەرگەرییان بۆ کراوە، کەمترین تێچووی نەشتەرگەریی شەش ملیۆن دینار بووە و زۆرترینیان 50 هەزار دۆلار بووە.
هاوکات سێ نەخۆش براونەتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانیان.
لە رێگەی بەرنامەکەوە، هاوکاریی نۆ خێزانیش کراوە بە دابینکردنی خۆراک و کەلوپەل بۆیان کە توانای دابینکردنی پێداویستیەکانی رۆژانەیان نەبووە، ئەوەش لە رێگەی خێرخوازان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێریی گەشەپێدانی شارەکان.
حەوت خێزانی بێلانەش دوای ئەوەی لە بەرنامەی بەرپرسیار دۆسێکانیان خرایەڕوو، خانوویان بۆ بەکرێ گیراوە. خێرخوازان لە ساڵێک تاوەکو سێ ساڵ خانووەکانیان بۆ بەکرێگرتوون بە 250 تاوەکو 400 هەزار دینار.
بەشێکی دیکە لەو دۆسێیانەی لە بەرپرسیار چارەسەر کراون:
حەوت دۆسێی گەڕاندنەوەی مووچە: هەندێک لە کۆمپانیا و نەخۆشخانەکان پارەی کارمەندەکانیان نەدەدا، بەڵام دوای ئەوەی دۆسێکانیان لە بەرنامەکەدا خرانەڕوو، هەموو پارەکانیان بۆ خەرجکردوون.
دۆزینەوەی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ شەش خێزان: دانانی سێ خێزانی رۆژئاوای کوردستان لە سێ کەمپی هەولێر کە شوێنی مانەوەیان نەبوو، لەگەڵ سێ کەسی بێکەس کە شوێنی مانەوەیان سەر شەقام بووە، دواتر بردراونەتە خانەکانی بەساڵاچووان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان.
پێکهێنانەوەی خێزانەکان: پێنج خێزان دوای دروستبوونی کێشە و دەرکردنی ژن و منداڵ و جێهێشتنی پیاوەکە یان ژنەکە خێزانەکە لێکدوورکەوتبوونەوە، دوای بەرنامەکە بە هاوکاریی خێرخوازان خێزانەکان پێکهێندرانەوە.
گەڕاندنەوەی چوار قوتابی و خوێندکار بۆ خوێندن: دوو قوتابی کە بەهۆی کەمدەرامەتییەوە وازیان لە خوێندن هێنابوو، گەڕێنرانەوە، لەگەڵ دوو خوێندکاری زانکۆ کە کەسوکاری شەهید بوون و دەرکرابوون بەهۆی نەدانی پارەی زانکۆوە، بەڵام بەبڕیاری وەزیری خوێندنی باڵا و خەرجکردنی تەواوی پارەی زانکۆ لەسەر ئەستۆی خۆی، خوێندکارەکان گەڕانەوە زانکۆ.
دەرهێنانی ناسنامە بۆ دوو منداڵانی بێ باوک: دوای جێهێشتنی باوکیان و مارەنەکردنی دایکیان لە دادگە، کێشە بۆ ناسنامەی منداڵەکان دروستببوو، بەڵام دوای بەرنامەکە، چوار پارێزەر لە ئیدارەی سۆران خۆبەخشانە توانییان ناسنامە بۆ منداڵەکان دەربهێنن.
دۆزینەوەی کار بۆ دوو سەرۆک خێزانی بێکار بە کەمترین مووچەی 500 هەزار دینار و زۆرترینی 800 هەزار دینار.
سیداد لەشکری، پرۆدیوسەری بەرنامەی بەرپرسیار رایگەیاند، 37 لە دۆسێ چارەسەرکراوەکان، دوو تاوەکو سێ هاوکاریی جیاوازکراون، بۆ نموونە خێزانێکی کەمدەرامەت، خانووی بۆ بەکرێگیراوە و سەرۆک خێزانەکە دامەزرێندراوە، هاوکاریی خۆراکیش کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ