بۆردوومانەکانی تورکیا لە سنووری حاجی ئۆمەران و زاخۆ زیانی بۆ مەڕوماڵاتی هاونیشتمانیان هەبوو
رووداو دیجیتاڵ
فرۆکەکانی تورکیا دەڤەری باڵەکایەتیان لە سنوری پارێزگای هەولێر و شارۆچکەی چەمانکێیان لە سنووری دهۆک بۆردوومانکرد، بۆردوومانەکان لە گوندی ئاڵانە بارەگایەکی پەکەکەی وێرانکردووەو لە چەمانکێش ئۆتۆمبێلێکی پەکەکەی کردووەتە ئامانج، لە گوندی چیکانی قەزای چۆمانیشدا زیاتر لە 300 سەر مەڕی کوشت.
گوندی چیکانی قەزای چۆمان کەوتووەتە بەر بۆردوومانەکەی فڕۆکەکانی تورکیا و، نزیکەی 250 سەر مەڕ و زیاتر لە سەد بەرخی تێدابووە بەتەنها 50 سەر مەڕ دەربازیان بووە.
فەرهەنگ مەحموود، خاوەنی مەڕو ماڵاتەکە بۆ رووداو گوتی: "لە ساڵی 91ـەوە سەرقاڵی مەڕداریم و فڕۆکە بەجارێک لە کار و کاسبی خستم زیاتر لە سەد بەرخم مردار بووە و 300 سەڕ مەڕیشم هەروەها مرداربوونەتەوە و دەبینن باخەکەشم بەجارێ لە نێو چووە".
رۆژی هەینی 22-1-2021 کاژێر 02:30 خولەکی پاشنیوەڕۆ فڕۆکەی تورکیا بۆردوومانی هەر یەک لە گوندەکانی گوندەژۆر، ئالانە و کیکانیان لە سنووری قەزای چۆمان کردووە، لە گوندی ئاڵانە بارەگای پەکەکە پێکراوە و خاپوورکراوە، لە گوندەژۆر زیانی گیانی نەبووە. بەڵام زیانی ماددی بەر گوندنشینان کەتووە.
کەمال ماملێ، شۆفێر لەبارەی بۆردوومانەکەوە گوتی: "لە گوندەکەی ئێمە (گوندی ئازادی) کەم خانوو هەن شووشەی پەنجەرەکانیان نەشکابێت، بۆری ئاوی گوندەکەمان تەقیوە و خەڵک ترساون".
نزیکەی 20 ساڵە ئەم دەڤەرە لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە بۆردوومان و تۆپباران دەکرێت و یەکەمجارە بەمشێوەیە نزیک رێگای هاملتۆن و ناو ئاوەدانییەکان بگرێتەوە.
گوندی گری سەر لە شارۆچکەی چەمانکێی پارێزگای دهۆک بەر بۆردوومانەکە کەتووە، فڕۆکەی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی گەریلاکانی پەکەکەی پێکاوە کە سێ گەریلای تێدا بووەو چوار هاونیشتمانی گوندەکەش بریندار بوون.
چافشین عومەر، کە خزمێکی برینداربووە بە رووداوی گوت "ئۆتۆمبێلێکی پەکەکە لە نێو گوند بوو فڕۆکە هات و لێیدا و سووتاندی و بەهۆشیەوە چوار کەسی گوندەکە بریندار بوون و زیانی ماددیش بەر خانووەکانی گوند کەوت".
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، بەهۆی شەڕ و ناکۆکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و تورکیا 519 گوندی باشووری کوردستان چۆڵکراون و ناوە ناوەش تورکیا بە بیانووی هەبوونی گەریلاکانی پەکەکە ئەو گوندانە بۆردوومان دەکات.