نەوەی تیکتۆک و یوتیوب دەتوانن بە کوردییەکی باش بدوێن؟

 
رووداو دیجیتاڵ

لەبەرنامەی جڤاکی رادیۆی رووداو کە رۆژان ئەبوبەکر پێشکەشی دەکات، باس لە کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر زمانی منداڵی کورد کرا و، بەشداربووان پێیانوابوو کە نەوەی نوێی کورد مەترسی لەسەر زمانەکەیەتی و پێویستە حکومەت هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە بدات.
 
لە بەرنامەکەدا هەریەکە لە د. کەریم شەریف قەرەچەتانی، پسپۆڕی دەروونناسی و مامۆستا رەسووڵ حەمەد، پسپۆڕی پەروەردەیی و نوور عەدنان رەسووڵ، خوێندکاری ئامادەیی کە لە ئەوروپا بووە و ئێستا لە هەرێمی کوردستانە و خوێندنی بە  ئینگلیزییە، بەشدار بوون.
 
نوور دوو ساڵ لە هۆڵەندا خوێندوویەتی و دواتریش کە گەڕاونەتەوە کوردستان لە خوێندنگەی ئەهلی بە ئینگلیزی دەخوێنێت.
 
 نوور عەدنان رەسووڵ ئاماژەی بەوە دا کە لە خوێندنگەکەی ئەواندا خوێندکاری کورد هەیە کوردییەکەی زۆر باش نییە و هەندێک قسە تێناگات.
 
د. کەریم شەریف قەرەچەتانی، پسپۆڕی دەروونناسی گوتی: "دەبێت منداڵ لە سەرەتادا فێری زمانی دایک ببێت، ئەوجا فێری زمانێکی دیکە ببێت. ئەمە لە هیچ وڵاتێکی پێشکەوتوودا نییە و تەنیا لە وڵاتانی دواکەوتووی وەک ئێمەدا هەیە کە هەوڵ دەدرێت منداڵ بەر لە زمانی دایکی فێری زمانی بیانی ببێت. ئەمە لاساییکردنەوەیە و بووەتە باو. بە داخەوە ئەمە ئاستی تێنەگەیشتنمانە لە نەتەوە و ناسنامەمان."
 
د. کەریم ئاماژەی بەوە دا، "فێربوونی دوو زمان لە یەک کاتدا لە سەردەمی پێش چوونە خوێندنگە زیانی بۆ فێربوونی زمانی دایکی هەیە، چونکە ئەو وزەیەی هەیەتی بەسەر هەردوو زمانەکەدا دابەش دەبێت."
 
ئەو پسپۆڕی دەروونناسییە گوتیشی: "هەموو کەسێک مافی خۆیەتی فێری زمانی دیکە ببێت، بەڵام دەبێت دایک و باوک منداڵەکانیان فێری زمانی دایکی بکەن. دایک و باوک هەست بە کەمی دەکەن کە منداڵیان ئینگلیزی نازانێت."
 
حەمەد رەسووڵ باسی لەوە کرد کە "دایک و باوک هەن دەڵین 'خوێندن بە کوردی داهاتووی نییە، بۆیە منداڵەکەمان دەنێرینە خوێندنی عەرەبی و ئینگلیزی.' ئەوە کێشەیە و دەبێت حکومەت ئاوڕی لێ بداتەوە."
 
رەسووڵ حەمەد، پسپۆڕی پەروەردەیی ئاماژەی بەوە دا، ئەو زمانانەی کەمتر بەکار دەهێنرێن، زووتر لەناو دەچن. ئەگەر نەوەی داهاتوو خۆشویستنی زمانی کوردییان بۆ دروست نەکرێت، مەترسی لەسەر زمانەکە دروست دەبێت.
 
بە گوێرەی راسپارەکانی یونسکۆ دەبێت منداڵ تا 10 ساڵی بە زمانی دایکی بخوێنێت. ئەو پسپۆڕە پەرەوەردەییە پێیوایە "ئەگەر کەسێک زمانی خۆی بە باشی نەزانێت، ناتوانێت سوود بە کۆمەڵگەکەی بگەیەنێت."
 
ئەو خوێندگە ئەهلییانەی لە هەرێمی کوردستان هەن، زۆربەیان گرنگی بە زمانی ئینگلیزی دەدەن و زمانی کوردی وەک وانەیەکی لاوەکی تێیاندا دەخوێنرێت.
 
نوور عەدنان رەسووڵ گوتی: "وانەی کوردیمان هەیە و وانەی ئایینیش هەر بە کوردی دەخوێنین. لای من وانەی کوردی و وانەکانی دیکە هەر وەکو یەکدین و خۆشەویستن."
 
خوێندن بە زمانی دایکی هۆکارێکە بۆ پێشکەوتنی زمان لە رووی زانستی و تەکنیکی و ئەدەبییەوە. هاوکات زمان و هزر پەیوەندییەکی پتەویان لەنێواندایە.
 
د. کەریم شەریف قەرەچەتانی گوتی: "مرۆڤ سەرەتا فێری چ زمانێک ببێت، بەو زمانە بیر دەکاتەوە. لەلایەنی زانستییەوە پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان بیرکدنەوە و زماندا هەیە. منداڵ لەدوای شەش ساڵییەوە فێری زمان ببێت باشترە و کاریگەریی لەسەر زمانی دایکیی نابێت."
 
ئێستا کە خوێندنگە ئەهلییەکان لە هەرێمی کوردستان ژمارەیان زیادی کردووە و مندالانێکی زۆری کوردیش لەو خوێندنگانە بە زمانی بیانی دەخوێنن، بە بڕوای بەشێک لە هاونیشتمانییان ئەوە بووەتە هۆکاری ئەوەی نەوەی نوێی پەروەردەی ئەو خوێندنگانە کوردییەکی باش نەزانن.
 
رەسووڵ حەمەد جەختی لەوە کردەوە کە "حکومەت و وەزارەتەکانی پەروەردە و رۆشنبیری بەرپرسن. ئەگەر بمانەوێت لە داهاتوودا زانکۆکانمان بەهێز بکەین، دەبێت گرنگی بە زمانی خۆمان بدەین."
 
منداڵ لە سەرەتای تەمەنیدا وزەیەکی زۆری بۆ فێربون هەیە و مێشکی بەهێز و چالاکە، بۆیە زۆر کەس هەوڵ دەدات هەر لە چەند ساڵی یەکەمدا منداڵەکەیان لەسەر زمانێکی بیانی رابهێنن.
 
د. کەریم قەرەچەتانی لەو بارەیەوە گوتی: "هەتا منداڵ لە پێنج ساڵی یەکەمیدا بە باشی فێری زمانی دایکیی نەبێت، تاوانە لەو تەمەنەدا فێری زمانی دیکەی بکەیت. دایک و باوک ئەگەر منداڵەکەیان فێری زمانی دایک کردووە، ئەوە دەستیان خۆش بێت کە دواتر فێری زمانی دیکەی بکەن. ناکرێت ئێمە لە سەردەمی حکومەتی کوردیدا بە کەم سەیری زمانەکەی خۆمان بکەین."
 
لای خۆیشیەوە رەسووڵ حەمەد باسی لەوە کرد کە "حکومەتی ئێمە لە خەمی ئەوەدا نییە گرنگی بە زمانی کوردی بدات، وەک ئەوەی بە یاسا رێکی بخات کە لە رێگەی پرۆگرامەکانی خوێندنەوە دەکرێت."
 
نوور لەبارەی قسەکردنیەوە لەگەڵ خەڵکیدا گوتی: "جاری وا هەیە لە کاتی قسەکردن بە کوردی لەگەڵ خەڵکدا کێشەم هەیە و ئەگەر بە کوردییەکی پەتی قسەم لەگەڵ بکەن تێناگەم."
 
بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەیش مامۆستا رەسووڵ جەختی لەوە کردەوە کە کاتی ئەوەیە وەزارەتی پەروەردە راپرسی بکات کە ئایا ئەو خوێندنگە ئەهلییانە چەندە گۆڕانکارییان کردووە و سوودیان هەبووە.
 
د. کەریمیش ئاماژەی بە کێشەیەکی دیکەی نێو بازاڕی شارەکانی هەرێمی کوردستان دا و گوتی: "یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە لە بازاڕدا دووکانەکان تابلۆکانیان بە زمانی بیانی دەنووسن و کوردییان لەسەر نییە. دەبێت رێگە بەوە نەدرێت کە کوردی لەسەر ئەو تابلۆیانە نەبێت."
 
میوانەکان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تیکتۆک و یوتیوب لە رووی فێربوونی زمانی دایکییەوە زیانیان بە منداڵانی کورد گەیاندووە.