لە سۆران کارگەیەکی بەرهەمهێنانی قیر داخرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە، کارگەیەکی بەرهەمهێنانی قیر بەهۆی پابەندنەبوونی بە ڕێنماییە تەندروستی و ژینگەییەکان، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داخرا.
هەژار ماهیر، بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران لەوبارەوە بە ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''لیژنەیەکی باڵا لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی فەرمانگەی ژینگە، قایمقامییەتی قەزای سۆران، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان و بەرگریی شارستانی، سەردانی کارگەکەی کردووە و هەر ئەمڕۆش بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییە تەندروستی و ژینگەییەکانەوە دادەخرێت".
بەگوتەی هەژار ماهیر هەفتەیەک لەمەوپێش سەردانی کارگەکە کراوە و مۆڵەتی پێدراوە رێنماییەکان جێبەجێ بکات، ''بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئەم کارگەیە هەر بە شێوەی پێشوو کار دەکات".
بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران گوتی: ''ماوەی دوو یان سێ مانگ مۆڵەت بە کارگەکە دەدەین کە هەموو رێنماییە ژینگەییەکان جێبەجێ بکات، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنیان، ناتوانێت دەستبەکار ببێتەوە".
هەژار ماهیر ئاماژەی بەوەدا، لە ئەنجامی کارکردنی کارگەکە، دووکەڵێکی رەش دروست دەبێت و هیچ فلتەرێکی ئەوتۆی لەسەر نییە، هەروەها تاوەکو ئێستا چاودێری ژینگەی لێ نەبووە و شوێنی حەسانەوەی کارمەندانیشی هەر لە نێو خۆیدایە کە ئەمە پێچەوانەی رێنماییە تەندروستییەکانە".
کارگەکە لەسەر شەقامی سەرەکییە و دەکەوێتە سنووری شارەوانیی قەزای ناوەندیی سۆران، ئەو بەرپرسەی فەرمانگەی ژینگە دەڵێت: ''دەبێت نزیکەی 500 مەتر لە شەقامی سەرەکی و دوو کیلۆمەتر لە سنووری شارەوانی دوور بێت، بەڵام پابەندی ئەم مەرجانەش نەبووە".
نزیکەی پێنج کارگەی بەرهەمهێنانی قیر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەن، کە تەنیا ئەم کارگەیە کار دەکات. هەژار ماهیر گوتی: ''ئەگەر کارگەکانی دیکەش رێنماییەکان جێبەجێ نەکەن، رێگەی کارکردنیان پێ نادرێت.'' ئاماژەی بەوەشدا، ''جیا لە پابەندکردنی کارگەکان بە رێنماییە تەندروستی و ژینگەپارێزییەکان، لە داهاتووشدا ئەگەر شوێنێکی گونجاویان بۆ دیاری بکرێت، بێگومان دەگوێزرێنەوە، بۆ ئەوەی کەمترین مەترسییان بۆ سەر ژینگە هەبێت".
بەگوێرەی رووپێوییەکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە حەوت هەزار موەلیدەی ئەهلی هەن هەژار ماهیر گوتی، ''پابەندکردن بە رێنماییە تەندروستی و ژنگەپارێزییەکان، موەلیدە، کارگە و هەموو ئەو ئامێرانە دەگرێتەوە کە ئەگەری پیسکردنی ژینگەیان هەیە".
بەگوێرەی ئاماری پارێزگای هەولێر، 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر هەن.سەرەتای نیسانی ئەمساڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پاڵاوگەی نایاساییەکان دادەخەن، بەڵام 12ـی هەمان مانگ رایگەیاند، "پاڵاوگەکان سەرچاوەی ژیانی بەشێکی خەڵکن، بەڵام نابێت بەشێک بن لە تێکدانی ژینگەی شار. بڕیاری داخستنی پاڵاوگەکان هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام کار دەکرێت لە دەرەوەی شارەکان زەوییان بۆ دابین بکرێت".