گۆڕە بەکۆمەڵەکەی ژن و منداڵانی کورد لە سەماوە هەڵدەدرێتەوە؛ تائێستا نازانرێت خەڵکی کوێی کوردستانن
رووداو دیجیتاڵ
رووفاتی نزیکەی 150 ژن و منداڵی کورد کە نزیکەی چل ساڵە لە تەنیشت یەک دوای گولەبارانکردنی لاشەی بێ گوناحیان پێکەوە ژێر خاک کراون، لە سەماوە دۆزرانەوە.
ژن و منداڵەکان تا ئەو کاتەی جاڕی بردن بۆ مردنیشیان درا هەر جلی رەنگاورەنگیان پۆشیبوو و هەندێکیان تەسبیحەکەیان ملوانکەی ملیان بوو؛ بە ئاگا لەوەی دەبێتە دوا بەڵگەی ناسینەوەی دوای مردنیان.
لە کەنار هەر تەرمێک ئاڵایەکی سوور دانراوە، ئاڵا سپییەکانیش بۆ کەرەستەکان دانراون.
لە مانگی ئایار لە رێگەی درۆنەوە، شوێنی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە دۆزراوەتەوە، نزیکەی 150 رووفاتن، هەموویان ژن و منداڵن، زۆرێکیان فیشەک بە کەللەی سەریانەوە نراوە.
گۆڕە بەکۆمەڵەکە لە بیابانێکی دوورەدەستی سەماوەیە لە باشووری عێراق.
ئەحمەد قوسەی، بەڕێوەبەری تیمەکانی کنەوپشکنین لە تیمی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە رووداوی گوت: "بەڵێ، بەڵێ جلوبەرگی خانمانی تێدایە، جلە دۆزراوەکانی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکە دەریدەخەن کە سەرجەمیان ژن و منداڵن، بە کەرەستە تایبەتەکانیان و جلوبەرگ و تەنانەت دەرمانەکانیان و کەلوپەلی چێشتخانەشەوە زیندەبەچاڵکراون."
پەری نووری، راوێژکاری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە رووداوی گوت: "ئەمانە هەر لە نێو گۆڕەکان شەهید کراون و فیشەک بەسەریانەوە نراوە. بەپێی ئەو گوللانەی کە دۆزراونەتەوە."
خانمی یەکەمی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد چووەتە سەماوە، سەرپەرشتیی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەکات.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق بە رووداوی گوت: چوار قۆناخی پشکنینی دی ئێن ئەی لە کوردستان بەڕێوەچوون. ئەوە لە کۆیە و کەلار و چەمچەماڵ و لەسەر ئەو پڕۆسەیە بەردەوام دەبین و ئەو رووفاتانەشی تازە دۆزراونەتەوە لێرە پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ ئێسکەکانیان دەکەین تا بزانین کێن و خەڵکی کوێن."
تاوەکو ئێستا نازانرێت رووفاتەکان خەڵکی کامە ناوچەی کوردستانن، بڕیارە پشکنینی DNA چارەنووسیان یەکلایی بکاتەوە.