وەزارەتی پێشمەرگە: هێزەکان لە ناوچەکانی سەرکردایەتیدا رێکدەخرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاریدا، دوو ناوچەی سەرکردایەتیی بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر سەرکردایەتیی وەزارەتی پێشمەرگەدا دابمەزرێندرێت کە بە "دەستپێکی قۆناخێکی نوێ" بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێناسەی دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەنێو باڵەخانەی وەزارەتدا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای کرد کە هەریەکە لە کە عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەت؛ فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان؛ لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداریی گشتیی فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی 70 و 80ــی هێزی پێشمەرگە؛ فەرماندەی فیرقەی 2 و 4ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە و کۆڵۆنێڵ براندستێتەر، بەرپرسی تیمی راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و تیمی یاوەری تێیدا بەشداربوون."
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتیی بووە لە "گفتوگۆکردن و بڕیاردان لەسەر پڕۆژەیەکی ئامادەکراو بۆ دامەزراندنی دوو ناوچەی سەرکردایەتیی کە لە 11 فیرقەی سەربازیی پێکهاتوون لەژێر سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەستبەکاردەبن."
وەزیری پێشمەرگە لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە: "دوو ناوچەی سەرکردایەتیی دادەمەزرێنین بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر سەرکردایەتی وەزارەتی پێشمەرگەدا کاروبارەکانیان رێکدەخەنەوە و دەستپێکی قۆناخێکی نوێ دەبێت بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە لەسەرەتای ساڵی 2025 جێگیردەبن."
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دەکات، "لە کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە دامەزراندنی ژێرخانی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە، هەمووان هاوڕابوون کە ئەم ژێرخانە پاڵپشت و پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت لە بنیاتنانی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتووی کوردستانی کە پارێزگاری لە خەڵک و خاکی کوردستان دەکات لە هەر مەترسییەک کە لە ئێستا و ئاییندەدا رووبەڕوومان دەبێتەوە."
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بە کۆی دەنگی هەمووان رەزامەندی دراوە لەسەر بنیادنانی بنەماکانی یەکەیەکی یەکگرتووی ژمێریاری سەربازیی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.