نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئيسماعيل بێشكچى دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە ئيسماعيل بێشكچى کرد و لە دیدارەکەدا "سوپاس و پێزانينى گه‌لى كوردستانى بۆ پشتگيرى و به‌رگريكردنى له‌ مافه‌كانى گه‌لى كورد دووپات كرده‌وه‌".
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ ئيسماعيل بێشكچى، بيرمه‌ند و كۆمه‌ڵناس و نووسه‌رى ديارى تورک و دۆستى گه‌لى كورد دیداری کردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئيسماعيل بێشكچى، بيرمه‌ند و كۆمه‌ڵناس و نووسه‌رى ديارى تورك و دۆستى گه‌لى كورد، سوپاس و پێزانينى گه‌لى كوردستانى بۆ پشتگيرى و به‌رگريكردنى له‌ مافه‌كانى گه‌لى كورد دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشيى له‌ ئه‌رك و كاره‌كانى وه‌قفى ئيسماعيل بێشكچى، به‌تايبه‌تى له‌ بواری كوردۆلۆژيدا كرد"
 
ئاماژە بەوەشکراوە، "لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز بێشكچى، خۆشحاڵيى خۆى به‌ سه‌ردانى بۆ هه‌رێمى كورستان و پێشكه‌وتنه‌كانى ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌ پشتگيريى به‌رده‌وامى خۆى و وه‌قفى ئيسماعيل بێشكچى بۆ مافه‌ ره‌واكانى گه‌لى كوردستان كرده‌وه‌، به‌ڕێزيان هه‌روه‌ها به‌ گه‌شبينييه‌وه‌ ديد و بۆچوونى خۆى ده‌رباره‌ى داهاتووى گه‌لى كوردستان، خسته‌ڕوو".
 
له‌ ديداره‌كه‌دا، پارێزگارى هه‌ولێر و ژماره‌يه‌ك له‌ مامۆستايانى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دين و به‌ڕێوه‌به‌رانى وه‌قفى ئيسماعيل بێشكچى، ئاماده‌ بوون.