نێرگز قادر: هیچ هێزێک نەهاتوونەتە سەر ماڵەکەم و هەر یەکێتیم

22-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نێرگز قادر، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لیستی 'کەرکووک هێز و ئیرادەمانە' لە پارێزگای کەرکووک رەتیدەکاتەوە هێزی دژە تیرۆری یەکێتی و هیچ هێزێکی دیکە هەڵیانکوتابێتە سەر ماڵەکەی و دەستگیریان کردبێت و دەڵێت: "بۆ لابردنی ئەو فۆکەسە میدیاییەی لەسەر من دروستبووە پەیجەکانم لە سۆشیاڵمیدیا راگرتووە." 
 
رۆژی هەینی 22-12-2023، نێرگز قادر، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لیستی 'کەرکووک هێز و ئیرادەمانە' لە پارێزگای کەرکووک، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لە دەستگیرکردنی دەکەن و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ هێزێک نەهاتووەتە سەر ماڵەکەم و ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە ناڕاستن، ئەوەشی دەگوترێت پەیجەکانیان پێسڕیومەتەوە راست نییە، بەڵکو بەهۆی ئەو ستەمەی لە من کرا لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ هێورکردنەوەی ئەو دۆخە و لابردنی ئەو فۆکەسە میدیاییەی لەسەر من هەیە، بڕیاری داخستنی پەیجەکانمم داوە." 
 
نێرگز قادر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات هاوڕێیانە هەندێک قسەی بۆ کەسێک کردووە و دواتر بڵاوکراوەتەوە، بەشێک لە قسەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "بەرپرسانی یەکێتی لە کەرکووک ستەمیان لێکردم و نەیانهێشت سەربکەوم، بە دیاریکراویش مەبەستم بەرپرسانی هەڵبژاردنە لە کەرکووک نەوەکو هەموو بەرپرسانی یەکێتی، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردایەتیی یەکێتیش بە ئەنجامەکانی من نیگەرانن و سەیریان بە دەرنەچوونی من دێت."  
 
نێرگز کە کچە راگەیاندنکارێکی دیاری یەکێتییە لە کەرکووک و ساڵانێکە لە کەناڵی ئاسمانیی کەرکووک کاردەکات، بەپێی ئەنجامەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تەنیا 2027 دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام ئەو بەربژێرە دەڵێت: "هەفتەیەک بەر لە هەڵبژاردن یەکێک لە سەنتەرەکانی هەڵبژاردن پێیانڕاگەیاندم کە من بەهێزترین بەربژێری ئافرەتم لە پارێزگای کەرکووک، بەڵام سەیرە ئێستا ئەنجامەکان بەو شێوەیەن."
 
دەشڵێت: "من نیگەران نیم لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەرنەچووم، بەڵام لە دەستکاریکردنی دەنگەکانم نیگەرانم، چونکە پێش چەند خولەکێک لە راگەیاندنی ئەنجامەکان سەرکردایەتییەک پێیگوتم کە لەگەڵ بەربژێرێکی دیکەی ئافرەتی لیستەکەمان رکابەرایەتییەکی زۆر هەیە و هەندێکجار من و هەندێک جار ئەو بە چەند دەنگێکی کەم پێش یەکتر دەکەوینەوە، بەڵام ئێستا کە ئەنجامەکان دەرکەوتوون جیاوازییەکەمان زۆرە."
 
نێرگز قادر رەتیکردەوە وازی لە یەکێتی هێنابێت و گوتی: "هەر یەکێتیم." 
 
رۆژی 18ـی ئەم مانگە لە کەرکووک و 14 پارێزگای عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، بەپێی ئامارە بەراییەکانی 94.4٪ـی دەنگەکان، ژمارەی کورسییەکانی کەرکووک بەمشێوەیە بوو:
 
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: پێنج کورسی
- هاوپەیمانیی عەرەبی: سێ کورسی
- بەرەی تورکمانی: دوو کورسی
- پارتی دیموکراتی کوردستان: دوو کورسی
- قیادە: دوو کورسی
- عرووبە: یەک کورسی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."