تورکیا کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی چواری دیکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند

22-12-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای تورکیا کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی چواری دیکەی لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەیەک لە دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەمشەو، 22ـی تشرینی دووەمی 2023، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، کوژرانی ئەفسەرێک بە پلەی ملازم بەناوی رەمەزان گونای و دوو سەربازی دیکە بەناوەکانی محەممەد سەرینکان و چاغاتای ئەرەنئۆغڵو و برینداربوونی چوار سەربازی دیکەی لە ئەنجامی هێرشێکی گەریلاکانی پەکەکە لە سنووری ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە خاڵی سفری سنووری باشووری کوردستان لەگەڵ باکووردا، راگەیاند. 
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، "دوای هێرشەکەی گەریلاکانی پەکەکە، دەستبەجێ بەچڕی سەرچاوەکانی هێرشکردنیان بۆردوومان و تۆپباران کردووە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان چوار گەریلا گیانیان لەدەستداوە."
 
وەک لە راگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، "ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە لە هەرێمی کوردستان کوژراون، گەیشتە 118 سەرباز."
 
لەلایەکی دیکەوە، سەلچوک تورکئۆغڵو، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئیی پارتی، لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویکردووەتەوە، "گەریلاکانی پەکەکە لە خاڵی سفری سنووری باشووری کوردستانەوە، هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی کۆماندۆی جۆلەمێرگی سوپای تورکیا لە نزیک گوندی بێسۆسین سەر بە شارۆچکەی شەمزینان لە پارێزگای جۆلەمێرگ."
 
ئەو پەرلەمانتارەی ئیی پارتی راشیگەیاندووە، "شەش سەرباز کوژراون و دوو گوندپارێز بە سەختی برینداربوون و هێزەکانی سوپای تورکیا وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە و لە ئەنجامدا پێنج گەریلا کوژراون." 
 
بەڵام وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەم زانیارییانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. 
 
رۆژی 19ـی کانوونی یەکەمی 2023، ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هەپەگە، کوژرانی سەربازێکی سوپای تورکیا و برینداربوونی سەربازێکی دیکەی لە ناوچەی زاپ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 48 کاژێردا هەشت جار هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی تورکیا.  
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 841 گەریلا و کوژرانی 118 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 63 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 401 گەریلای راگەیاندووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک مەسعود بارزانی لە رۆژی نزای نیشتمانی

سەرۆک بارزانی: جەوهەری دین، ئەخلاقە

سەرۆک بارزانی لە 'رۆژی نزای نیشتمانی' گوتارێکی پێشکێش کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "جەوهەری دین، ئەخلاقە." ئەوەیشی خستەڕوو، "یەکدی قبووڵکردن بەشێکی سەرەکیی بیروباوەڕی ئێمەیە، ئەمەش بە پشتبەستن بە ئایەتی خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا."