رووداو دیجیتاڵ
کەسێک لە ئاکرێ دەچێتە سەر ماڵێکی هەژار ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن خێرخوازانەوە بۆ نەشتەرگەریی خاوەنی ماڵەکە دابینیان کردبوو، لێیان دەدزێت، بە گوتەی ئەندامێکی ئەو خێزانەش لە کاتی ئەنجامدانی دزییەکە ئەوان لە ماڵەوە نەبوون.
محەممەد عەبدولڕەحمان، کوڕی ئەو ماڵەیە کە دزییەکەیان لێکراوە بە رووداوی گوت، "کاژێر 09:30ـی شەو بوو، ئێمە لە ماڵەوە چووینە دەرەوە، دەرگەکەمان داخستبوو، دزەکە هاتبووە ژوورەوە، کە گەڕاینەوە دەرگەکەمان کردەوە و هاتینە ئێرە، بینیمان پەنجەرەکەی شکاندبوو چووبووە ژوورەوە و کەنتوور[ـی جلوبەرگەکەی]شی شکاندبوو."
سەربانی ماڵەکەیان نیشانەی هەژاریی ئەو ماڵباتە دەردەخات، بە نایلۆن و تایە، سەقفی خانووەکەیان داپۆشیوە، دزەکە لەو سەربانەوە چووەتە حەوشەی ماڵەکە و دواتر چووەتە ژوورەوە و ئەو پارەیەی خێرخوازان پێی دابوون هەمووی بردوون.
ئەو پارەیە بڕیاربوو بۆ چارەسەری عەبدولڕەحمان خەرجبکرێت کە 9 مانگ و 19 رۆژ بەهۆی کۆرۆناوە لەژێر ئامێری ئۆکسجین دا بوو.
رزگار محەممەد برای عەبدولڕەحمانە، لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت، لەڕێگەی رووداوەوە هەموو خێرخوازان بە تایبەت ئەوانەی ئاکرێ هاتن، برا گەورە خۆیی کردە خاوەنمان، پارێزگاری دهۆک و قایمقامی ئاکرێ و بەرپرسان هەموو خەڵک هاتنە سەرخەت، هاوکاریی خێزانەکەی کردین، ئێمە 9 نەفەرین کەسمان کارمان نییە، حەوت دانەمان کچن، سێ کوڕمان تەمەنیان 10 بۆ 12 ساڵە، هەندێکی 100 هەزار و هەندێکیان ملیۆنێک، پارەکەیان گەیشتبووە 9 تاوەکو 12 ملیۆن، مرۆڤ نازانێت لەسەر ئەم راستییە چی بڵێت."
ئەو ماڵباتە لە پۆلیسی ئاکرێ سکاڵایان تۆمارکردووە بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر ئەو رووداوە هیچ کەس دەستگیرنەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ