حیزبی شیوعی: لە کەرکووک بە دەنگی ئێمە بەربژێرێکی کورد سەرکەوت

22-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حیزبی شیوعی کوردستان رایگەیاند، بە دەنگی حیزبەکە و لایەنگرانیان و دەنگی بەربژێری لیستەكەیان لەگەڵ یەکێتی كاندیدێكی زیاتریان سەرخستووە، ئەگینا وەکو ئەو حیزبە دەڵێت، "ئەو كورسیەش بۆ نەیاران و ئەوانەی ناكۆكن لە بەرامبەر پرسی چارەنووسی گەلەكەمان و دیموكراسیەت دەڕۆیشت."
 
حیزبی شیوعی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "یەكێک لە ھۆكاری گرێدانی ئەو ھاوپەیمانێتییە نەفەوتان و دابەشبوونی دەنگەكانی كوردستانییانی شاری كەركووك بوو، كە ئاكامەكەی بە زیان گەڕایەوە بۆ دۆزە رەواكانمان لەو بەشە هەرە گرنگەی نیشتیمان، بۆیە لێرەدا جێی خۆیەتی پیرۆزبایی خۆمان بۆ سەركەوتنی لیستەكە رابگەیێنین و دەستخۆشی لەدەنگدەرانی لیستەكە و كاندیدی حیزبمان بكەین و ئەوەش ئاشكرا بكەین بە دەنگەكانی حیزبمان و لایەنگرانمان و دەنگی كاندیدەكەمان لیستەكە كاندیدێكی زیاتری سەرخست و ئەگینا ئەو كورسیەش بۆ نەیاران و ئەوانەی ناكۆكن لەبەرانبەر پرسی چارەنووسی گەلەكەمان و دیموكراسیەت دەڕۆیشت."
 
حیزبەکە لەو راگەیێندراوەیدا دەڵێت، هەوڵێکی زۆریان دابوو بۆ دروستکردنی یەک لیستی لە پارێزگای کەرکووک، بەڵام بە گوتەی ئەوان هەوڵەکان لەباربراون.
 
دڵشاد حەساری، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حیزبی شیوعیی کوردستان، رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەنگەکانی بەربژێرەکەی ئێمە نەبووایە لە کەرکووک ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی بۆ چوار کورسی کەم دەبوونەوە و کورسییەک بۆ هاوپەیمانێتی عرووبە دەچوو، بەڵام ئەو دەنگانە فریای یەکێتی کەوت و نەیهێشت ئەو کورسییە بفەوتێت."
 
ئاشکراشیکرد ئەوان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان رێککەوتنی سیاسییان کردووە و لە پۆستەکانی داهاتوو پارێزگای کەرکووک پشکیان دەبێت.
 
بەپێی ئەو بەرپرسەی حیزبی شیوعی ژمارەی دەنگەکانی بەربژێرەکەیان بۆ زیاتر لە دوو هەزار دەنگ زیاد دەکات دوای یەکلاییکردنەوەی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت.
 
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حیزبی شیوعی هاوپەیمانیی "کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" ژمارە 142یان دروستکردبوو، سەمیرە ئەحمەد حەسەن جاف، تاکە بەربژێری حیزبی شیوعی بوو لەو پارێزگایە و بەپێی ئەنجامەکانی بەرایی کۆمیسیۆن 1770 دەنگی بەدەستهێنابوو.
 
رۆژی 18ـی ئەم مانگە لە کەرکووک و 14 پارێزگای عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، بەپێی ئامارە بەراییەکانی 94.4٪ـی دەنگەکان، ژمارەی کورسییەکانی کەرکووک بەمشێوەیە بوو:
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: پێنج کورسی
هاوپەیمانیی عەرەبی: سێ کورسی
بەرەی تورکمانی: دوو کورسی
پارتی دیموکراتی کوردستان: دوو کورسی
عروبە: یەک کورسی
قیادە: دوو کورسی

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە