سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین: هیچ وەبەرهێنەرێک ئامادە نییە یەکەی نیشتەجێبوونی کەمدەرامەتان جێبەجێ بکات

 
رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری ئیدارەی راپەڕین نزیکەی 70 پرۆژە وەستاون، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین دەڵێت، ئەمساڵ نزیکەی 30 ملیار دینار لە بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆ راپەڕین تەرخانکراوە، بەڵام ئەو پرۆژانەی وەگەڕخراونەتەوە بەهایان نزیکەی 5 ملیار دینار دەبێت و "بە نووسراو و بە ژمارە بودجە بۆ پرۆژەکانی راپەڕین تەرخان دەکرێت، کاتێک دەگاتە پارەی نەختینە، پارە نییە".
 
هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بە رادیۆی رووداوی گوت، ئەمساڵ هەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی پرۆژە وەستاوەکان دەستپێبکەنەوە و پرۆژەی نوێ لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان جێبەجێ بکرێن، بەڵام سەرەڕای ئەوەی دوو جار بانگەواز بۆ پرۆژەکان کراوە، بەهۆی ترسیان لە نەبوونی نەختینە، لەلایەن بەڵێندەرانەوە وەرنەگیراون.
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین ئاماژەی بەوە کرد، ئەمساڵ لەسەر بوجەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پارێزگاکان نزیکەی 30 ملیار دینار بۆ سنووری ئیدارەی راپەڕین تەرخانکراوە، بەڵام ئەو پرۆژانەی لە سنووری راپەڕین وەگەڕخراونەتەوە بەهاکەیان نزیکەی پێنج ملیار دینار دەبێت، هەروەک "بە نووسراو و بە ژمارە بودجە بۆ پرۆژەکان تەرخان دەکرێت، بەڵام کە دەگاتە پارەی نەختینە، پارە نییە."
 
بە گوتەی هیوا قەرەنی، "حکومەت هەموو هەوڵێکی دابینکردنی مووچەیە و ئەو بڕە پارەی هەیە لەگەڵ داهاتی ناوخۆ تەنیا بەشی مووچەی مووچەخۆران دەکات، لەگەڵ پێداویستییەکانی دەرمان و شارەوانی [کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک]." دەشڵێت، "نەبوونی پارەی نەختینە هۆکارە بۆ ئەوەی پرۆژەکانی سنووری راپەڕین، بە تەواونەکراوی بمێننەوە."
 
لەبارەی پرۆژە تەواونەکراوەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین، هیوا قەرەنی گوتیشی، نزیکەی 70 پرۆژە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین وەستاون و پرۆژەکانیش هی ساڵانی 2012 و 2013ـن، هەروەک هەوڵی زۆردراوە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆژەکان.
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەکە ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆژە هەیە 95%ی کارەکانی تەواو بووە، بەڵام بەهۆی گرفتی نەبوونی پارە و نەختیەنەوە ئەو رێژە کەمەی کە ماوە، نەتوانراوە تەواو بکرێن. باسی لە پرۆژەی بینای تۆماری خانووبەرەی راپەڕین کرد و گوتی، "پرۆژەکە هی ساڵی 2011 و 2012یە، دوێنێ [چوارشەممە 21-12-2022] وەگەڕخراوەتەوە و 80%ی کارەکانی تەواو بووە، بەڵام بەڵێندەرەکەی مایەپووچ بووە و نەیتوانیوە پرۆژەکەی تەواو بکات."
 
لەبارەی ئەو پرۆژانەی ئەمساڵ وەگەڕخراونەتەوە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین گوتی، "لە 2022دا پرۆژەکانی دەربەندی رانیە، پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی رانیە - چوارقوڕنە - حاجیاوا وەگەڕخراونەتەوە."
 
لەبارەی ئەو یەکانەی بەر سنووری ئیدارەی راپەڕین دەکەوێت، لە کۆی ئەو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونەی کە بڕیارە بۆ کەمدەرامەتان دروستبکرێت، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین گوتی، نزیکەی 1200 یەکەی نیشتەجێبوون بەر سنووری ئیدارەی راپەڕین دەکەوێت و بەگوێرەی رێژەی دانیشتووان بەسەر سنووری ئیدارەی راپەڕیندا دابەشدەکرێن، هەروەک هەزار کەسیش فۆرمیان بۆ یەکەکان پڕکردووەتەوە.
 
ناوبراو گوتیشی، "بەهۆی رێنوێنییەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە و ئەو قەرزە درێژخایەنەی دانراوە، هیچ وەبەرهێنەرێک ئامادە نییە پرۆژەکە جێبەجێ بکات و دەستەی وەبەرهێنانمان لێی ئاگادار کردووەتەوە، ئەگەر وەبەرهێنەرێک لەڕێگەی ئەوانەوە بیەوێت پرۆژەکە جێبەجێ بکات، هەموو هاوکارییەکی دەکەین."
 
لەبارەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، هیوا قەرەنی گوتیشی، لە ئیدارەی راپەڕیندا پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون هەیە لە قەڵادزێیە و نزیکەی 10 ساڵە وەستاوە بەهۆی نەبوونی کڕیارەوە؛ هەروەک پرۆژەی ناوچەی پیشەسازیی گەورەی راپەڕین، بەهۆی گرفتی نەبوونی زەوییەوە رێکارەکانی جێبەجێکردنی "کەمێک" دواکەوت، بەڵام ئێستا زەویی پێویستی بۆ تەرخانکراوە و چاوەڕوانن بدرێتە وەبەرهێنەرێک بۆ جێبەجێکردنی.
 
کارگەی شەکری چەوەندەری بیتوێن، لە نیسانی 2021دا بەردی بناخەی دانرا، بەڵام تاوەکو ئێستا تەواو نەکراوە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین گوتی، "پرۆژەی کارگەی شەکری چەوەندەر لەلایەن وەبەرهێنەرەکەیەوە هەندێک کاری تێدا کراوە، بەڵام نەیتوانیوە پرۆژەکەی تەواو بکات و پرۆژەکەی لێوەرگیراوەتەوە، ئێستا سەرمایەدارانی ئیماراتی و ئەڵمانی لە رێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە دەیانەوێت ئەو پرۆژەیە وەربگرن."