کوردستان
ئاهەنگی سەری ساڵی 2020 لە ئیمپایەری هەولێر. وێنەکە بۆ روونکردنەوە لەگەڵ ئەم هەواڵە دانراوەتەوە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار رایدەگەیێنێت، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ بۆنەکانی سەری ساڵ تەواو کردووە و لە بازگەکاندا بە شیرینی پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن. گوتیشی، لە رابردوودا گەشتیار چەند کاژێرێک لە بازگەکاندا ماوەتەوە، بەڵام ئەمساڵ هاوئاهەنگییان لەگەڵ ئاسایشی بازگەکان کردووە و گەشتیار "ماوەیەکی کەم" رادەگیرێت.
رۆژی پێنجشەممە 22-12-2022، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانمان لیژنەی تایبەتیان بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی سەری ساڵ پێکهێناوە؛ لیژنەی تایبەت دەچنە بازگەکان و بە شیرینی پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن و بروشەر و نەخشەی گەشتیاری و رێنوێنی دەدەنە گەشتیاران."
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، لە بازگەکان ژمارەی مۆبایل دەدەنە گەشتیاران بۆئەوەی ئەگەر رووبەڕووی هەر گرفتێک بوونەوە، پەیوەندییان پێوە بکەن و هاوکارییان بکەن.
لە ساڵانی رابردوودا یەکێک لە نیگەرانییەکانی گەشتیارانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان راگرتنیان بووە بۆ ماوەیەکی درێژ لە بازگەکاندا، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، "ئەمساڵ هاوئاهەنگیی تەواومان لەگەڵ بازگەکان کردووە، بۆئەوەی گەشتیار لە بازگەکان زۆر نەمێنێتەوە، چونکە لە رابردوودا جار هەبووە گەشتیار لە بەیانی تاوەکو ئێوارە لە بازگەکاندا بەڕێنەکراوە، بەڵام ئەمساڵ گەشتیار ماوەیەکی کەم دەمێنێتەوە و هەندێک رێکاری ئەمنی دەگیرێنەبەر و رێگەی هاتنی پێدەدرێت."
بەگوێرەی نوێترین ئاماری دەستەی گەشتوگوزار، لە هەرێمی کوردستان 3100 شوێن هەن، کە خزمەتگوزاریی گەشتیاری پێشکێش دەکەن؛ بنکەی گەشتیاری، هۆتێل، رێستۆرانت، مۆتێل، کافتریا، هۆڵی ئاهەنگگێڕان و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە دەگرێتەوە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی، لیژنەکانیان لەنێو شارەکان چاودێریی دۆخەکە دەکەن، بەتایبەت ئەو شوێنانەی ئاهەنگیان تێدا بەڕێوەدەچێت. گوتیشی: "ئێمە وەکو حکومەت هیچ ئاهەنگێکی سەری ساڵمان نابێت؛ هۆتێل و رێستۆرانتەکان ئاهەنگیان دەبێت و لە ئێستاوە سەرقاڵی رێکلامکردنی خۆیانن بۆ راکێشانی سەرنجی گەشتیاران".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری سەرەکی نەبوونی ئاهەنگ و چالاکیی حکومەت لە سەری ساڵ نەبوونی بودجەی تایبەتە. گوتیشی، "لە زۆرینەی وڵاتانیشدا کەرتی تایبەت ئاهەنگەکانی سەری ساڵ بەڕێوەدەبات، بەڵام دواجار وێنە گەورەکە ئەوەیە کە گەشتیارێکی زیاتر رووبکەنە هەرێمی کوردستان."
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ئەمساڵ زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو 4 ملیۆن و 93 هەزار و 888 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو.
نوێترین ئاماری دەستەی گەشتوگوزار ئەوە دەخاتەڕوو، لە هەرێمی کوردستان 3100 شوێن هەن کە خزمەتگوزاریی گەشتیاری پێشکێش دەکەن؛ بنکەی گەشتیاری، هۆتێل، رێستۆرانت، مۆتێل، کافتریا، هۆڵی ئاهەنگگێڕان و شوێنەگەشتیارییەکانی دیکە دەگرێتەوە.
گەشتیارانی ساڵی 2021 بەپێی پارێزگاکان:
- پارێزگای هەولێر: یەک ملیۆن و 957 هەزار گەشتیار، کە دەکاتە 48%.
- پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە: یەک ملیۆن و 375 هەزار و 216 گەشتیار، کە دەکاتە 34%.
- پارێزگای دهۆک: 753 هەزار و 542 گەشتیار، کە دەکاتە 18%.
- ئیدارەی گەرمیان: 8 هەزار و 130 گەشتیار، کە دەکاتە 0,19%.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ