کەسایەتییەک لە پرسەی حەیدەر قوربانی: خودا بە کورد دروستی کردووین ئەی بۆ دەمانکوژن؟

رووداو دیجیتاڵ

پرسەی زیندانییەکی کوردی لەسێدارە دراو لە رۆژهەڵاتی کوردستان بووە کۆڕی گریان و ماتەمین بۆ "هەژاریی و بندەستیی کورد".کەسایەتییەکی خەڵکی ناوچەی کامێران گوتارێکی پێشکێشکرد و بەدەم گریانەوە باسی لەوەکرد کە "هیچ گەلێک لە جیهان نییە هێندەی کورد ستەمی لێبکرێت و بەش خوراو بێت". ئەو دەڵێت، ئەگر کوردبوون تاوانە "خوا وا دروستی کردووین، بۆ دەمانکوژن".
 
لە ڤیدیۆیەکدا کە تۆڕی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە و دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، محەممەد میرزا رەحمانی کەسایەتییەکی خەڵکی کامێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە رێوڕەسمی پرسەی حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە سەر لەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19-12-2021 لە زیندانی سنە لە سێدارەدرا، گوتارێک پێشکێش دەکات و لە بەشێکیدا باسی ئەو "زوڵم و ستەمانە دەکات کە لە گەلی کورد دەکرێن".
 
ئەو هاونیشتمانییە لە دەستپێکی قسەکانیدا دەڵێت: "میللەتی کورد هەر هەبووە، پێکەوەژیانمان، حورمەت و رێزگرتنمان، ئەو هەموو شتەمان هەبووە، بەڵام هیچ حیسابێکمان بۆ ناکەن.. خوا دەفەرمێت ئێوەمان خەلق کردووە بە جیاوازیی زمانیشەوە، یەکێک لەوانەی کە بەشی منی داوە، کوردبوونی منە".
 
لە قسەکانیدا محەممەد میرزا رەحمانی چیرۆکێک باس دەکات و دەڵێت: "برادەرێک لە عێراقدا ( باشووری کوردستان) دەیگێڕایەوە دەیگوت، عێراقییەکان و عەرەبەکان هاتن، سەربازەکانی سەدام هاتن و ئێمەیان گرت و پرسیان ئێوە بۆچی کوردن؟ لێمانیاندا، گوتمان ئێمە گوناهمان چییە؟ گوتیان ئێوە کوردن". 
 
محەممەد میرزا رەحمانی بە گریانەوە دەڵێت "دەی خوایە گیان تۆ ئێمەت بە کورد خەلق کرد، خودایە گیان بۆ مافمان نییە؟ هەموو شتێکمان هەیە، ئاومان هەیە، هەوامان هەیە ئاڵامان هەیە، وڵاتمان هەیە. تەنیا گوناهمان ئەوەیە خوا ئێمەی بە کورد خەڵق کردووە، خوایە بگەیە بە هاوارمان".
 
لە درێژەی قسەکانیدا ئەو هاونیشتمانییە باس لەوە دەکات کە هیچ گەلێک هێندەی کورد ستەمی لێنەکراوە و روو لە دانیشتووانی پرسەکە دەکات و دەڵێت: "مادام ئێمە خۆمان یەکدی نەپارێزین، کەس نامانپارێزێت. هەموو گۆی زەوی گەڕەکێکە لەناودەستماندایە، دەی بڕوانە چ گەلێک هەیە هێندەی کورد زوڵمی لێبکرێت؟ کێ بەوشێوەیە مافی دەخورێت؟".
 
محەممەد میرزا رەحمانی باس لە ئاشتیخوازیی کورد دەکات و دەڵێت: "ئێمە رێز و حورمەتمان هەیە بۆ هەموو گەلانی دیکە، عەشیرەتەکان، دینەکان، مەزهەبەکان، بەڵام توخوا با ئەوانیش رێز و حورمەتێک دابنێن بۆ ئێمە. ئێمە بێکەسین لەم گۆی زەوییە ئێمە بێبەشین، ماڵەکەی خۆشمان لێمان حەرامە".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا محەممەد میرزا رەحمانی داوا دەکات، کورد ئاگای لەخۆی بێت، ئەو دەڵێت" نەبینە هۆکاری نائومێدی یەکدی، نەبینە هۆکاری ئەوەی منداڵەکانمان هەتیو بن، براکوژی نەکەین". محەممەد میرزا رەحمانی بە گریانەوە باس لەوە دەکات کە "کوردبوونمان خودا پێی داوین، ئەی بۆ وامان لێدەکەن؟ تاوانمان چییە؟ هیچ تاوانێکمان نییە. بە درێژایی مێژوو کورد ستەمی لە هیچ گەلێکی دیکە کردووە؟ بەڵام ئەوان بەناوی ئایینەوە کانییەکانمان پڕ دەکەنەوە و دارەکانمان دەبڕن و ناوی دەنێن ئەنفال کە سوورەتێکی قورئانە".
 
حەیدەر قوربانی تەمەن 48 ساڵ ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو. باوکی پێشمەرگە بووە و ساڵی 1980 گیانی لەدەستداوە. 
 
حەیدەر قوربانی پێش دەستبەسەرکردنی، لە شاری کامێران دووکاندار بوو. چوار مانگ پێش ئێستا سەتان کەس لە دانیشتووانی کامێران و هەورامان لە نامەیەکدا بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایانگەیاند، حەیدەر بێ تاوان سزادراوە و داوایانکرد بڕیاری لەسێدارانەکەی هەڵبوەشێندرێتەوە.