فازڵ میرانی: ئامادەی رێککەوتنی نوێین لەگەڵ یەکێتی


رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت لەگەڵ یەکێتی راوێژیان کردووە و بڕیاریشیان داوە لیژنەی هاوبەش بۆ پرسە جیاوازەکان دروستبکرێت. ئاماژە بەوەش دەدات کە ئەوان ئامادەن بۆ ئەوەی "رێککەوتنی نوێ" لەگەڵ یەکێتیدا بکەن. لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماریش گوتی: "کاتی هات رایدەگەیێنین".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 22-12-2021، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی، لە وەڵامی چەند پرسیارێکی سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکەشکاری بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی لەسەر چەند پرسێک دایەوە، پۆستی سەرۆککۆمار، پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتی و رێککەوتنی نوێ لەگەڵ یەکێتی.
 
فازڵ میرانی، لەبارەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ یەکێتی گوتی: "کۆبوونەوەکانمان راوێژکاری بوون و هەروەها بڕیایشی لێدرا. کۆبوونەوەکە پێویست بوو، زۆریش موجامەلەی یەکدیمان کرد، چونکە غەریبی یەکترمان کردبوو، بڕیاری باشیشماندا، بڕیاردرا لیژنەی تایبەتمەند دروست بکەین، بۆ هەر بابەتێک لیژنەیەک هەبێت، بە هاوبەشی لە ئەندامانی سەرکردایەتی و ئەوانەی تایبەتمەند بە ئیش و کارەکانی وەکو، یاسای هەڵبژاردن، دەستووری کوردستان، کۆمیسیۆن، چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا و راگەیاندن، پێویستە راگەیاندنەکانی ئێمە و ئەوان هاوکارمان بن شەڕی میدیایی نەهێڵین".
 
بە گوتەی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەوان لەگەڵ یەکێتی لەسەر پرسی "کوردایەتی، پاراستنی ئەو ئەزموونە، پرەنسیپی هاوبەشیکردن لەگەڵ عێراق نەک بەشداریکردن کۆکین. گرنگ پۆستەکان نین، بەڵکو گرنگە ئێمەی کوردستانی رۆڵمان هەبێت لە بەڕێوەبردنی عێراق و داڕشتنی سیاسەتی عێراق، پرسە ئەمنی و ئابوورییەکانی عێراق، ئێمە ئەگەر هاوبەش بین دەتوانی".
 
فازڵ میرانی، ئەوە ناشارێتەوە کە ئەوان لەگەڵ یەکێتی ناکۆکییان هەیە و دەشڵێت: "بێگومان ناکۆکیمان هەیە، ئەگەر ناکۆکی نەبێت ئەی بۆ بووینە دوو حیزب، ناکۆکییەکەش لەسەر پرەنسیپەکە نییە، بەڵکو لەسەر شێوازەکەیەتی، ئەگەر دیدی هاوبەش نەبێت کاری هاوبەش ئەنجام نادرێت، ئێمە و ئەوان بە شوێن تێگەیشتنی هاوبەشدا دەگەڕێین".
 
سەبارەت بە هەنگاونان بەرەو رێککەوتنێکی نوێی ستراتیژی لەنێوان پارتی و یەکێتی، فازڵ میرانی گوتی: "ئێمە ئامادەین بۆ رێککەوتنێکی تازە.. هێشتا گیانی رێککەوتنی ستراتیژیی کۆن ماوە، ئەوەی ئەمڕۆ هەیە.. بەرهەمی ئەو رێککەوتنەیە".
 
فازڵ میرانی لەبارەی گفتوگۆیەکانیان لەگەڵ یەکێتی لە دوایین کۆبوونەوەیان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار، گوتی، " لە کۆبوونەوەکە باسی ئەو بابەتە نەکراوە، کە کاتی خۆی هات پارتی رای خۆی دەردەبڕێت، سوپرایزە بۆ خەڵک، پۆستی سەرۆککۆمار ئەوەندەش گرنگ نییە تاوەکو سوپرایز دروست ببێت".