زیندەشتی... کوردە و پێیدەڵێن "گەورە مافیا"، ئینتەرپۆڵ داوای دەکات و حەز ناکات پێیبڵێن ئێلچاپۆ

 
رووداو دیجیتاڵ
 
ناجی شەریفی زیندەشتی، لە راگەیاندنەکان وەک "مافیایەکی گەورە"ی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ناوی دەهێندرێت. دوایین تۆمەتی کە خراوەتەپاڵی، رفاندنی کەسایەتییەکی عەرەبی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە، بە ناوی فەرەجوڵڵا چەعب ناسراو بە حەبیب ئەسوید، تۆمەتێک کە زیندەشتی رەتیدەکاتەوە، بەڵام نایشارێتەوە کە ئاگاداری دۆسیەی حەبیبە و دەڵێت: "خوشکەزاکەم کە کۆڵبەرە حەبیبی لەسەر سنوور لە تورکیاوە پەڕاندووەتەوە بۆ ئێران".
 
زیندەشتی خاوەن نفوزێکی گەورەیە لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان و دەڵێت خاوەن سێ هەزار گەنجە و هەموویان ئامادەن گیانی خۆیان بۆ ئەو بەخت بکەن. زیندەشتی زیندانەکانی تورکیا و ئێرانی بینیوە، بەوە تۆمەتبار دەکرێت هاوکاری دەزگا ئەمنییەکانی ئێران و تورکیای کردووە، بەڵام ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە. 
 
ناجی شەریفی زیندەشتی تۆمەتبار دەکرێ کە قاچاخچییەکی گەورەی ماددەی هۆشبەرەکانە، بەڵام ئەو تۆمەتەش رەتدەکاتەوە و دەڵێت تەنیا بازرگانی و وەبەرهێنان دەکات. زیندەشتی زۆر تۆمەتی دیکەشی ئاراستەکراون. لەو هەڤپەیڤینەدا کە رووداو لە رێگەی مەسنجەر لە رۆژی 19 ئەم مانگە لەگەڵی کردووە، وەڵامی یەک بە یەکی تۆمەتەکان دەداتەوە.
 
من حەبیب ئەسویدم نەڕفاندووە و بە خواستی خۆی گەڕاوەتەوە ئێران 
رووداو: دەگوترێ حەبیب ئەسوید، لە بەرپرسانی حیزبی عەرەب لە تورکیاوە لەڕێی ئێوەوە رفێنراوە بۆ ئێران، ئەمە چەندە راستە؟
 
زیندەشتی: خوشکەزایەکم لە سنوورەکان کۆڵبەری دەکات، ئەو کابرایە و ژنێک هاتوونەتە لای و گوتوویانە بمانگەیێنە ئێران، خوشکەزاکەشم ئەوانی دەرباز کردووە، واتە وەک گەشتیار نەوەک رفاندن. چونکە خوشکەزای منە راگەیاندنەکانی تورکیا تۆمەتیان خستووەتە پاڵ من. تورکیا چەندین ساڵ بە شوێن منەوەیە، تەنیا تۆمەتم بۆ ساز دەکات. ئێستا ناوی من لە دادگاکانی تورکیا لەلای پۆلیس نییە، بەڵام چونکە کوڕی خوشکەکەی من تێکەڵی ئەم بابەتە بووە، دەڵێن، زیندەشتی ئۆپەراسیۆنی کرد و ئەم کەسەی هەڵگرت و بردی.
 
رووداو: خوشکەزاکەت لەم سنوور کۆڵبەری دەکات؟
 
زیندەشتی: بەڵێ لە سنووری گەوەری وان، کۆڵبەری دەکات، واتە ئیشی ئەوان ئەوەیە ئەفغانی دەبەن، ئینسانان دێنن، بار دەبەن، واتە ناچارن ئەو کارە بکەن.
 
رووداو: ماڵی خوشکەزاکەت لە دیوی باکووری کوردستانە؟
 
زیندەشتی: بەڵێ، لە ئەسەندەرێیە.
 
رووداو: لە سنوورەوە دوورە؟
 
زیندەشتی: دوو کیلۆمەتر لە سنوور دوورە.
 
رووداو: حەبیب ئەسوید و ئەوانە چەند کەس بوون؟
 
زیندەشتی: ژن و پیاوێک بوون، ئۆتۆمبیلێک ئەوانی هێناوە، 2 هەزار یورۆشیان بەوان داوە کە لە وانەوە تاوەکوو ئێرانیان ببەن. ئەوانە وەک گەشتیار، گوتوویانە لە ئێران کێشەیان هەیە و دەبێت بچنە ئێران. ئەو خەڵکەی لەوێن وا دەڵێن، ژن و پیاوێک هاتوون و ئێمە دەربازمان کردوون، بەڵام ئەو کەسە بە رەزامەندیی خۆی چووە و کەس نەیڕفاندووە، جا حەبیبە یان نا نازانم، بەڵام حکومەت دەڵێ: حەبیب بوو. 
 
رووداو: کام حکومەت؟
 
زیندەشتی: حکومەتی تورکیا وا دەڵێت، ئەو کوڕانەی کە گرتووە، گوتوویەتی ئێوە حەبیبتان رفاندووە.
 
رووداو: نازانن ژنەکە کێ بووە؟
 
زیندەشتی: ئەمە مانگی 10 روویداوە و ئەو خوشکەزایەی من گیراوە، من پەیوەندیم بەو بابەتەوە نییە، جگە لەوە ئەگەر پەیوەندیشم هەبووبێت، ئەوە کەسێکی تیرۆریست بووە گرتوویانە و بە ئێرانیان داوەتەوە، بۆ ئێمە کێشەیەک نییە. کەسی تیرۆریست تیرۆریستە.
 
رووداو: نەتپرسیوە ژنەکە کێ بوو؟
 
زیندەشتی: بە منیان گوت، ژنی بووە. ژنەکەی هێناویەتی و گوتوویەتی دەچینە ئێران، مێردەکەم لە ئێران کێشەی هەیە، بە پاسپۆرت ناچین لە چیاوە دەچن، بە ویستی خۆی چووە.
 
رووداو: تەنیا ئەو دوو کەسە بوون؟
 
زیندەشتی: نازانم، بە ئۆتۆمبێلێک هاتوون. ئۆتۆمبێلێک هاتووە و گوتوویانە ئەمانە ببەنە سنوور، ئەوانیش لە وان ئەوانەیان وەرگرتووە و هێناویانن بۆ سنوور. 
 
رووداو: ئەگەر ئەسوید بێت ئەو کەسە، بە گوشار نەهاتووە؟
 
زیندەشتی: نە ئەسڵەن، بە ئیرادەی خۆی هاتووە، هاتوون چاییان خواردووەتەوە نانیان خواردووە، دانیشتوون دوایی رۆیشتوون.
 
رووداو: راگەیاندنەکان دەڵێن، کەسانێکی نزیک لە ئێوە لە ئیستەنبووڵەوە ئەو کەسانەیان هێناوە، ئەسوید بێهۆشکراوە و بە ئۆتۆمبێلێک هێنراوەتە سنوور.
 
زیندەشتی: تورکەکان دەڵێن، 13 کەسن، بەڵام من تەنیا من بەختیار فرات دەناسم، کە خوشکەزامە. میتی تورکیا 40 یان 50 رۆژ لەمەوبەر بەختیاری دزیوە، بردوویانە ئەشکەنجەیان داوە، بۆ ئەوەی بڵێ، زیندەشتی گوتوویەتی ئەم کارە بکە، بەڵام ئەو هیچی نەگوتووە. ئەو ژن و پیاوەکە هاتوون، میوان بوون، ئەوێ سنوورە رۆژانە 100 کەس دەبێتە میوانی ئێمە و دەربازیان دەکەین، کەس ئەوی نەبردووە و ئێمەش کاری لەوجۆرە ناکەین.
 
لە تورکیا بە سوڵتانی ماددەی هۆشبەر ناسراوم، بەڵام لە ژیانمدا حەبێکی ئەسپرینم لێنەگیراوە 
رووداو: بەختیار دانپێدانانی هەبووە، وانییە؟
 
زیندەشتی: هەر ئەوەیە، ئەو شتەی کە من دەیڵێم هەر وایە، قسەی دیکەی نەکردووە. بەڵام راگەیاندنی تورک دوژمنایەتییەکی تایبەتیان لەگەڵ من هەیە، دەڵێن ئەوە سوڵتانی ماددە هۆشبەرەکانە، بەڵام لە ژیانمدا حەبێکی ئەسپرینم لێ نەگیراوە. پێشینەم نییە.
 
رووداو: حەبیب ئەسوید ویستوویەتی خۆی رادەست بکات؟
 
زیندەشتی: حەبیب لەگەڵ ئەو ژنە هاتووە. جگە لەوە من نازانم ئەوە حەبیب بووە یان نا. بەختیار ئەوە دوو مانگە میت گرتوویەتی، گوتوویانە، تۆ کەسێکی لەم شێوەیەت بردووە، گوتوویەتی بردوومە، گوتوویانە: رفاندووتە، ئەویش دەڵێت: نەمڕفاندووە، ئەوانە پارەیان بە مندا و منیش ئاودیوم کردن. 
 
رووداو: لەو کاتەوە بەختیار گیراوە، قسەت لەگەڵی کردووە؟
 
زیندەشتی: بەختیار لە زیندانە، لەگەڵ پارێزەرەکەی قسەم کردووە. 
 
رووداو: بەختیار بە تەنیا بووە؟ 
 
زیندەشتی: بەختیار لەگەڵ چەند کەسی دیکەی گوند کۆڵبەری دەکەن، هەموو شەوێک دێن و دەچن، هەموو کەلوپەلێک دێنن و دەبەن.
 

رووداو: بۆچی بە تەنیا بەختیار گیراوە؟ 
 
زیندەشتی: لە گرووپی گەوەری وان، تەنیا بەختیاریان گرتووە، ئەوانی دیکە ناناسم، دەڵێن، 13 کەس گیراون، لەو 13 کەسە من تەنیا بەختیار دەناسم.
 
رووداو: 12 کەسەکەی دیکە لەسەر ئەم بابەتە هیچیان نەگوتووە؟ یان لەسەر تۆ شتێکیان گوتبێت؟ 

 

 زیندەشتی: بەپێی ئەو بەڵگانەی پارێزەری دادگا بە منی داوە، هیچ کەسێک ناوی منی نەهێناوە، لە بەڵگەکانی دادگاشدا 7 کەس گیراوە، بەڵام تەلەفزیۆنەکان دەڵێن، 13 کەس.

رووداو: جگە لەمە، راگەیاندنەکان باس لە بابەتێکی دیکەش دەکەن، کوژرانی مەسعود مەولەوی لە پاییزی 2019 و بەڕێوەبەری کەناڵێکی تەلەگرامی، کە ماوەیەک بوو لە تورکیا بوو، لەگەڵ سەعید کەریمیان بەرپرسی کەناڵەکانی جێم، کە کەسانی نزیک لە ئێوە دەستیان لە کوشتنیاندا هەبووە؟
 
زیندەشتی: ئەو رۆژە کە سەعید کەریمیان، خاوەن کەناڵەکانی جێم، تیرۆرکرا، شۆفێر و منداڵەکانم لە تیڤییەکە بەناوی تیڤی 8، بەشداری بەرنامە میوزیکییەکەی موراد بۆزیان کردووە. چوار منداڵەکەم و شۆفێرەکەم دەچنە ئەو کۆنسێرتە، لەو کۆنسێرتەدا ئەو شتە روودەدات، بەڵام کۆنسێرت 4 کیلۆمەتر دوورترە، ئەو دەکوژرێت، پۆلیس دەڵێت: چونکە شۆفێرەکەی تۆ لەوێ بووە، بەڵام باسی کوڕ و کچی من ناکەن، دەڵێن تەنیا شۆفێرەکەت لەوێ بووە، دۆسیەکە چوار ساڵیش بوو نەکرابووەوە. 
 
کوژرانی مەسعوود مەولەوی هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نییە، هیچ دادگایەکیش لەگۆڕێدا نییە، تەنیا لە میدیادا هەیە، پۆلیس و دادگا سەبارەت بە مەسعود مەولەوی هیچ شتێکیان بە پارێزەری من رانەگەیاندووە.
 
ئەگەر لە تورکیا نفوزم هەبووایە چوار جار حوکمی هەتاهەتاییم بەسەردا نەدەسەپێندرا 
رووداو: لە پەیوەندیی لەگەڵ سەعید کەریمیان راگەیاندنەکان دەڵێن، بە نفووزێک کە لە نێو دادگا هەیە، لێکۆڵینەوەکان بەهیچ ئاکامێک نەگەیشتوون، چونکە توانیوتە رێگری و کۆسپ دروست بکەی؟
 
زیندەشتی: لە کوردەواری قسەیەک هەیە، دەڵێن، ئێمە یان نێچیرین یان نێچیرڤان، ئێمە قەت نابینە سەگ بچین نێچیر بگرین. ئێمە ئەو کارانە ناکەین. دوژمنی ئێمە هەیە کە ئەو کارانە دەکەن، بەڵام ئێمە قەت نابینە سەگی کەس. ئەگەر نفوزم هەبووایە چوار جار حوکمی هەتاهەتاییم بەسەردا نەدەسەپێندرا.
 
رووداو: دەڵێن مەسعوود مەولەوی لەلایەن عەبدولوەهاب کوچاک کوژاوە کە باخەوانی ئێوە بووە؟
 
زیندەشتی: وەهاب و عەلی دوو بران، هەردووکیشیان کار بۆ من دەکەن، یەکێکیان شۆفێرە و یەکێکیشیان برایەتی، بەڵام بەڵگەیەک نییە ئەوان دەستیان لەوکارەدا هەبووبێت، ئەوە تەنیا قسەی میدیایە، ئەگینا ئەو دۆسیەیە لە دادگا نییە.
 
رووداو: لە تورکیا قاچاخی؟
 
زیندەشتی: بەڵێ قاچاخم، ئێستا تورکیا ناوی منی بە ئینتەرپۆل داوە، ئەویش بە تۆمەتی کوژرانی پەرویز کیشاوەرز، کە لە تورکیا بە چەتین قۆچ دەناسرێت، پارێزەرێک لە ئیستانبوڵ کوژراوە، بە ناوی قوتبەدین کایا، کەسێک بەناوی ئیلهان خەڵکی ئەرزڕووم کوژراوە، واتە سێ چوار تاوانە، دۆسیەکەی من لەسەر تاوانکارییە.
 

رووداو: ئەمانە ساڵی چەند بووە؟
 
زیندەشتی: پەرویز کیشاوەرز ساڵی 2016 لە دوبەی کوژراوە، قوتبەدین کایا لە ساڵی 2017، ئیلهان ساڵی رابردوو کوژراوە. بنەماڵەی کیشاوەرز خەڵکی ورمێن، باوکیان لەسەر مادەی هۆشبەر لە سێدارە دراوە. ئەوانە بازرگانی مادەی هۆشبەرن. ئەو کەسانەی شەریک بوون لە کەشتی "نوور وان"دا هەموو کوژران، کچەکەی منیش کوژرا. 
 
رووداو: پشکت لەو کەشتیەدا هەبووە؟
 
زیندەشتی: نا، من پشکم نەبووە، ئەوە کەسێکی پاکستانی هەڤاڵم بوو، لە پاکستان ناوی شاهد ئەحمەدە، چونکە شاهد دۆستم بوو، لەبەر ئەوەی دەزگای هەواڵگریی یونان "دی ئای ئەی" دەستی بەسەردا دەگرێت، ئەوانە دەڵێن ناجی پۆلیسی لێ ئاگادارکردووە و دێن من بکوژن، لە کەمیندا کچەکەم و شۆفێرەکەم دەکوژن. شاهد ناوی خۆی لە ئێران ئیسفەندیار رەیگییە. خەڵکی بەلوچستانی ئێرانە.
 
رووداو: تۆ ئاگات لە کەشتییەکە بوو؟
 
زیندەشتی: کەشتییەکە دوو تۆن ماددەی هۆشبەری تێدا بووە، تۆنێکی لە دێپۆ لە ئەنبار گیرا، کە گیرا شاهد لە یۆنانەوە هاتە ئیستەنبووڵ بۆ لای من، گوتی دەربازم بکە بچمە ئێران و لەوێوە بۆ پاکستان، دوای 15 رۆژ تۆنەکەی دیکە لە هۆشبەرەکە لە کەشتییەکەدا گیرا، تۆنی دووەم بنەماڵەی کیشاوەرز گوتیان زیندەشتی ئاشکرای کردووە.
 
رووداو: دەڵێن بۆ تۆڵکردنەوەی کچەکەت هەموو ئەوانەی لە باری کەشتییەکەدا شەریک بوون لەنێوت بردوون؟
 
زیندەشتی: ئەوانە پڕوپاگەندەن. دادگا هەیە، با لە دادگا بیسەلمێنن کە منم.
 
رووداو: بۆچی بۆ کوژرانی کچەکەت لە تورکیا سکاڵات تۆمار نەکرد؟
 
زیندەشتی: سکاڵا لە تورکیا! کێشە ئەوەیە کە کوردین، لەوێ کورد پلە دووە، ئەوانەی کچەکەی منیان کوشت، هەموو ئازادکران. 
 
رووداو: دەزانن کێ کچەکەتانی کوشت؟
 
زیندەشتی: بنەماڵەی کیشاوەرز بوون، هەموو ئەوانەی کوژران بە دەستی بنەماڵەی کیشاوەرز بوو.
 
دوژمندارین و حکومەتی ئێران 40 پارچە چەکی پێداوین 
رووداو: ئێوە لە پرسەی دایکتاندا، بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوبوونەتەوە، پاسەوانتان هەیە، لە راپۆرتەکاندا دەگوترێ ئێوە لە ترسی بنەماڵەی کیشاوەرز گیانی خۆتان دەپارێزن، بۆیە پاسەوانتان هەیە؟
 
زیندەشتی: (بەپێکەنینەوە) من هیچ پاسەوانێکم نییە، رۆژی سەرەخۆشیی دایکم، کوڕی خوشکم، کوڕی برام لەگەڵم بوون چونکە ئێمە عەشیرەتین، حکومەت 40 چەکی پێداوین، ئێمە دوژمنمان هەیە، دوژمنەکانمان هی ئەمڕۆ نین، ئەوە 50 ساڵە دوژمنمان هەیە، ئەوە چەکی عەشیرەتە، لە کوردستان هەموو بنەماڵەیەک چەکی هەیە.
 
رووداو: دوژمنەکانتان کێن؟
 
زیندەشتی: هەندێ کەس پێشتر جاش بوون، کوژراون، دەڵێن ئێمە ئەوانەمان کوشتووە. جا لە بنەماڵەی کیشاوەرز و هی دیکەش، ئەمە سەردەمی باوکم بووە و ئێستا نییە.
 
رووداو: هاوبەشەکانی کەشتی نووروان هەر شەش کەسیان کوژران، کێ ئەوانی کوشت؟
 
زیندەشتی: جا ئەو پرسیارە لە من مەکە، ئەوانە خودا کوشتیانی، خودا
 
ئەوانەی کچەکەمیان کوشت، هەموویان ئازادکران، خواش دەزانێت تۆڵەم کردەوە 
رووداو: دوای کوژرانی کچەکەت (ئەوین شەریفی) 13 کەس کوژراون، سەرچاوەکان دەڵێن، پیاوەکانی ئێوە کوشتوویانن
 
زیندەشتی: هەر ئەو کاتەی منداڵەکەم کوژرا، ئیفادەم هەیە، لەودا دەڵێم، بنەماڵەی کیشاوەرز کچەکەمیان کوشتووە، هەر کاژێرێک دوای رووداوەکە ئەوەم گوتووە. چوار مانگ بوو دەمزانی دەیانەوێ بمانکوژن. چونکە خاوەن ماددە هۆشبەرەکەی کەشتی نووروان بنەماڵەی کیشاوەرز بوو.
 
رووداو: ئێوە وەک خۆتان تۆڵەتان لە بنەماڵەی کیشاوەرز نەکردەوە؟
 
زیندەشتی: ئەوە خودا دەزانێت.
 
رووداو: لەگەڵ ئیسفەندیار رەیگی دۆستایەتی کۆنتان هەیە؟
 
زیندەشتی: 30 ساڵە دۆستین.
 
رووداو: دەزانی چۆن کوژرا؟
 
زیندەشتی: ئەو نەکوژراوە، هەڵاتووە، تەرمەکەی دیار نییە، چۆن دەڵێن کوژراوە؟! کوا کوژراوە؟ هیچ شتێک لەبەردەستدا نییە.
 
رووداو: بەپێی راپۆرتەکان ئەو لە ئیستانبوڵ بە گوللە کوژراوە و تەرمەکەی بە لەنگەری کەشتییەوە بەستراوەتەوە؟
 
زیندەشتی: ئەوانە هەموو فیلمی سینەمایین (بە پێکەنینەوە)، دەنا کوا وێنەکەی؟، کوا تەرمەکەی؟، هەموو فیلمە (بە پێکەنینەوە).
 
رووداو: ئێوە دەزانن لە کوێیە؟
 
زیندەشتی: بەوجۆرەی من دەزانم هەڵاتووە، چونکە ئەمریکا و ئینتەرپۆل بە شوێنییەوەن، ئیدی من نازانم، وەکو دیکە خودا دەزانێت.
 
رووداو: واتە نەمردووە؟
 
زیندەشتی: کەسێک تەرمی هەبێت دەڵێن مردووە، کاتێک تەرمەکەی نەبێت نەمردووە. بەپێی یاساش نابێت بڵێی مردووە.
 
رووداو: ساڵی 1995 لە ئێران گیراوی؟
 
زیندەشتی: بەڵێ.
 
رووداو: لەگەڵ ئیسفەندیار رەیگی گیراوی؟
 
زیندەشتی: نەخێر، رووداوێکی هاتووچۆ روویدا و کەسێک گیانی لەدەستدا، من چوومە زیندان و لەوێ ئیسفەندیارم ناسی. 
 
رووداو: بەڵام راپۆرتەکان شتێکی پێچەوانەی ئێوە دەڵێن، بەپێی ئەوانە لە رووداوی هاتووچۆکەدا بنەماڵەی کوژراوەکە لێتخۆشبوون و کێشەکە کۆتایی هاتووە؟
 
زیندەشتی: راستە، بەڵێ وایە. عەشیرەت کۆبوونەوە و لێخۆشبوونیان بۆ وەرگرتم. بەڵام ئەو راگەیاندنانە دەڵێن ئەو لەسەر ماددەی هۆشبەر گیراوە و لە زیندان پاسەوانێکی کوشتووە و هەڵاتووە، بەس من کێم کوشتووە؟ کوا دۆسیە؟ لەکوێ روویدا!
 
رووداو: راپۆرتەکان دەڵێن، ساڵی 1995 لەگەڵ ئیسفەندیار لەکاتی ئاڵوگۆڕی ماددەی هۆشبەر لەماڵی خۆتان لە ورمێ گیراون و ساڵی 1997 لە زیندانی ئێڤینی تاران و کاتێک ئێوەیان بۆ شایەتیدان لەسەر دۆسیەیەک بردووە، هەڵاتوون. تۆ دەچیە تورکیا و ئیسفەندیاریش بۆ پاکستان؟
 
زیندەشتی: ئێمە لە زیندان پێکەوە بووین، من ئازاد بووم، ئیسفەندیار لە زیندانی زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، چەکی بردبووە نێو زیندان، بەیانی زوو کە هاتبوون دەرگاکانی زیندان بکەنەوە دوو ئەندامی سوپای پاسدارانی کوشت و هەڵات. ئەو دۆسیەی هەیە، بەڵام من ئازاد بووم، هەڵنەهاتم. 
 
رووداو: بەڵام تۆ لە ورمێ لەسەر رووداوی هاتووچۆ گیرابووی، چۆن گەیشتییە ئێڤینی تاران؟
 
زیندەشتی: ساڵی 1995 کەسێک بەسیجی بەناوی مستەفا تەمەرزادە هەبوو، ئەو بەسیجییە لە شاری سەڵماس کوژرابوو، کوڕەکەی دەڵێ ناجی شەریفی کوشتوویەتی، منیان لەسەر ئەوە بردە تاران. دۆسیەکەی من سیاسی بوو، نەک ماددەی هۆشبەر. ئەو کات بە گەرەنتی 400 هەزار تمەن دوای 9 مانگ لە زیندان هاتمە دەرەوە، ئیسفەندیار 1997 هەڵات.
 
رووداو: 9 مانگ لە ژووری تاکەکەسی بووی؟
 
زیندەشتی: بەڵێ.
 
رووداو: کە لە ژووری تاکەکەسی بووی چۆن ئیسفەندیارت ناسی؟
 
زیندەشتی: دوای ئەوەی کە بەڕێکراین بۆ بەشە گشتییەکانی زیندان، جگە لەوە لە ژووری تاکەکەسیش یەکدیمان دەبینی، چونکە ئەوێش گەرماوی هاوبەش و رێستی هاوبەشی هەیە.
 

رووداو: دوای ئەوەی ئازاد بووی، چووی بۆ تورکیا؟
 
زیندەشتی: بەڵێ، تورکەکان بانگهێشتیان کردم.
 
رووداو: بانگهێشت کرای؟
 
زیندەشتی: کەسوکارمان لەوێ هەیە، داوایانکرد بچینە ئەوێ، گوتم بچینە تورکیا، چونکە لە ئێران کێشەم هەبوو.
 
رووداو: لەوێ لە شاری وان مایەوە؟
 
زیندەشتی: نەخێر چوومە ئیستەنبووڵ.
 
رووداو: دەڵێن ماوەیەکی زۆر لە ماڵی خوشکەکەت بووی لە گوندی بەنت.
 
زیندەشتی: ماڵی خوشکمە، ساڵانە دەجار دەچمە ئەوێ، بەس قەت لەوێ نەژیاوم.
 
رووداو: لەو راپۆرتانەی لەسەر ئێوە بڵاوبووەتەوە، باس لەوە دەکەن ئێوە هەمیشە خۆتان لە بەرپرسان نزیک کردووەتەوە، بۆ ئەوەی ئاسایشتان پارێزراو بێت و نەگیرێن.
 
زیندەشتی: من کەسێکی بازرگانم، من لە ئاستێکی زۆر گەورەدا بازرگانی دەکەم، لە تورکیا، ئێران، کوردستان، دوبەی، پاکستان، لە هەموو شوێن ئەو کەسانەی پەیوەندییان لەگەڵ من دەبێت، پلەی بەرزیان هەیە. 
 
رووداو: ئێوە ساڵی 2018 لە تورکیا گیران، وایە؟
 
زیندەشتی: لەسەر هەر ئەوەی کە دەیانەوێ چوار جار بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکومم بکەن، گیرابووم. 
 
رووداو: گیرانەکەت پەیوەندی بە کوژرانی شەش کەس لە هاوبەشەکانی باری هیرۆینی کەشتییەکەی یۆنان بوو؟
 
زیندەشتی: بەڵێ بەڵێ هەر ئەوە.
 
پۆلیسی ئیستەنبووڵ بۆ داخستنی دۆسیەکەم داوای سێ ملیۆن یورۆیان لێکردم 
رووداو: ئەو کات باس لەوە دەکرێ بە گوشاری بورهان کوزۆ، لە بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدان و راوێژکاری ئەردۆغان ئازاد بووی. وایە؟
 
زیندەشتی: بورهان کوزۆ دەناسم، بەڵام من ئەگەر هێندەی نینۆکێک تاوانبار بام، ئازاد نەدەکرام. پێش ئەوەی من بگرن، پۆلیسی ئیستەنبووڵ بە منی گوت 3 ملیۆن یورۆ بدە، دۆسیەکەت بۆ دادەخەین. ئەو کەسەی پێشنیازی کرد جێگری ئەمنیی ئیستەنبووڵ بوو. من لەلای ئەردۆغان سکاڵام کرد، من بە ئەردۆغانم گوت، چونکە ئەو پۆلیسە پێشتر بەرپرسی پاسەوانەکانی ئەردۆغان بوو، لە نامەیەکدا بۆ ئەردۆغان گوتم ئەم بەرپرسەی تۆ 3 ملیۆن یورۆی لە من دەوێ و دەڵێ ئەگەر نەیدەی ئێمە وەک تاونبار و قاچاخچی ماددە هۆشبەرەکان دەتناسێنین، ئەمە دوو ساڵ لەمەبەرە و بەڵگەم هەیە، دوای ئەوە بوو کە منیان گرت.
 
رووداو: بەڵام کوزۆ وادیارە بە دادوەرەکانی گوتووە، ئەگەر شەریفی زیندەشتی ئازاد ببێت، کاریگەری ئەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا دەبێت؟
 
زیندەشتی: پێموانییە وایگوتبێت، چونکە پارێزەرەکەی من سەردانی کرد، پێیگوتبوو، تۆ دەزانی ئەوە سکاڵای تۆمار کردووە و ئەو شتە شانۆگەرییە، لەگەڵ دادوەر قسە بکە و پێی بڵێ دۆسیەی ئەو کەسە چاولێبکە، چونکە ئەو کەسانە مافیای ماددە هۆشبەرەکانن و سیناریۆیان بۆ دروستکردووە بۆ ئەوەی بکەوێتە زیندان. دادوەریش دۆسیەکەی خوێندەوە و بینی بەڵگەیەک لە دۆسیەکەدا نییە، منیان ئازادکرد. 
 
رووداو: ئەگەر هەندێ بگەڕێینەوە دواوە بۆ ساڵی 2007، ئەو کات لە ناوچەی بیوک چەکمەجەی ئیستەنبوڵ گیراوی؟ بۆچی گیرای؟
 
زیندەشتی: نەخێر لەوێ نەبوو، لە ماڵەوە گیرام، ئەویش ئۆپەراسیۆنێکی ماددە هۆشبەرەکان بوو، کەسێک بەناوی جەماڵ نائیر بە پۆلیسی ئۆپەراسیۆنەکەی گوتبوو چوار خانووی پێدەدات کە 75 کیلۆ ماددەی هۆشبەر بە ناوی ئەو لە قەڵەم نەدەن، بەڵکوو بیخەنە ئەستۆی من، ئەمە بەڵگەم لەسەری هەیە. لەسەر ئەمە گیرام.
 
رووداو: ماددە هۆشبەرەکە هی تۆ بوو؟
 
زیندەشتی: جەماڵ نائیر دادگایی کرا و سزا درا، دۆسیەی هەیە. ماددە هۆشبەرەکە هی من نەبووە. جەماڵ قاچاخچی ماددەی هۆشبەرە و لە ئاستی زۆر گەورەدا کار دەکات. 
 
لە دۆسیەی ئەرگەنەکۆندا یارمەتی تورکیام نەداوە، بەڵام بەرتیلی دادوەرێکم بۆ ئاشکرا کردن 
رووداو: دەڵێن، بۆیە ئازاد بووی، چونکە لە دۆسیەی ئەرگەنەکۆن و رێگاکانی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر هاوکاری حکومەتی تورکیات کردووە؟
 
زیندەشتی: نەخێر، پۆلیس پارەی وەردەگرت، من چووم داوای مافی خۆم کرد، 300 کیلۆ کۆکایین گیرابوو، کە حوکمەکەی بەندکردنی هەتاهەتاییە، دادوەری دۆسیەکە پارەی وەرگرتبوو و لە ماوەی چوار مانگدا هەموویانی ئازاد کرد. منیش باسی ئەوەم کرد. من ئەو هاوکارییەم کرد، هاوکاری دیکەم نەکرد. گوتم ئەو کەسە ئەو پارەیەی وەرگرتووە، لێکۆڵەر هات و گوتی راستە، من 35 مانگ لە زیندانی ئیستەنبووڵدا بووم. ئەگەر دانپێدانانم هەبووایە هەر یەکەم رۆژ ئازاد دەبووم. هەموو ئەوەش دوای ئازادبوونم بوو، 18ی مانگی 8ی 2010 ئازاد بووم و یەکی مانگی 11 چووم لە ئەنقەرە سکاڵام تۆمار کرد. ئەمانەم بە بەڵگە هەیە.
 
لەسەر داوای کەسوکارەکەم و بە پاسپۆرتی ئامۆزاکەم چوومە تورکیا 
رووداو: لە تورکیا بە ناوی کەمال شەریفی سەیدانی دەناسرای؟ وایە؟ بۆ؟
 
زیندەشتی: بەڵێ، وایە. ئەوە ناسنامەی ئامۆزاکەمە. من ساڵی 1974 لە دایکبووم، ئەو کات لە دایکبووانی 1974 دەبوو عەسکەری بکەن، منیش پێمخۆش بوو بچمە تورکیا، بە ناسنامەی کەماڵ شەریفی کە لە دایکبووی 1967 بوو، دەتتوانی بە پارە خزمەتی سەربازییەکەت بکڕیتەوە، ئەگەر سەربازیشت نەکردبێت پاسپۆرتت پێنادەن، منیش سەربازیم نەکردبوو، بەڵام چونکە تەمەنی کەمال گەورە بوو، خزمەتی کڕی و بەوە پاسپۆرتم وەرگرت. 
 
بازرگانم، کارگەی پارچەی ئۆتۆمبێل و هۆتێل و نووسینگەی دراوم هەیە 
رووداو: گوتت بازرگانی دەکەم، چ جۆرە بازرگانییەک؟
 
زیندەشتی: لە بواری وزەدا بازرگانی دەکەم، وزەکانی رۆژ و با، هەروەها هۆتێلم هەیە، کارخانەی بەرهەمهێنەری کەلوپەلی ئۆتۆمبیلم هەیە، بەرهەمەکەی بۆ ئەڵمانیایە، نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوم هەیە. 
 
رووداو: کوژرانی قازی مەنسووری لە رۆمانیا، دەگوترێ ئێوە بەهاوکاری حوسێن کەریمی ریکابادی خاڵۆزاتان، بۆ دەزگایەکی ئەمنیی ئێران کوشتووتانە؟
 
زیندەشتی: لە راپۆرتێکدا دەگوترێ حوسین کەریمی هەزاران تۆن ماددەی هۆشبەری بۆ ئەمریکا و ئەوروپا نارد، بەڵام دوایی راپۆرتەکە دەڵێ: ناجی ماڵێکی بۆ کڕی لە ورمێ، کەسێک کە هێندە دەوڵەمەند بێت، چۆن من خانووی بۆ بکڕم، ئینسان خانوو بۆ هەژاران دەکڕێت. ئەوانە تەنیا خەیاڵیان تێکەڵ بە راپۆرتە کردووە، حوسێن کەریمی ئەگەر پیاوی ئیتلاعات بووایە، ئەوە چەند ساڵە بێ پاسپۆرت نەدەبوو، پاسپۆرتی نییە بچێت بۆ رۆمانیا، ئیتلاعات پێی نادات. چوونە دەرەوە لە ئێرانی لێ قەدەخەکراوە.
 
باپیرم لە دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستانە 
رووداو: راگەیاندنەکان دەڵێن، هاوکاری ئیتلاعات یان دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکەی ئێران دەکەی، بۆیەشە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاشکرا دەگەڕێی؟
 

زیندەشتی: ئەوانە هەموو قسەی راگەیاندنەکانن،
 
باوکم و برایەک و ئامۆزایەکم پێشمەرگە بوون و شەهید بوون، بەڵام من کەسێکی مەدەنیم 
 
باپیری من لە دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا بەشدار بووە، باوک و برا و ئامۆزام پێشمەرگەی حدکا بوون و شەهید بوون، هێڵی من دیارە. ئێستا کەسێکی مەدەنیم. 
 
ئیتلاعات نیم دەتوانم بچمە ئەمریکا و هەرێمی کوردستانیش 

 

رووداو: ئەو راپۆرتانە باس لەوانەش دەکەن، بەڵام دەڵێن ناجی رێگای خۆی لەوان جیا کردووەتەوە؟
 
زیندەشتی: من ئەو تۆمەتە قبوڵ ناکەم. با ئەوانە بەڵگە بخەنەڕوو. من سەر بە ئیتلاعات نیم، دەتوانم بچمە ئەمریکا، بچمە هەرێمی کوردستان، هەموو شوێنێک. 
 

 

قبوڵناکەم بە ئێلچاپۆ بەراورد بکرێم ، چونکە ئەو هەڤاڵانی خۆی دەفرۆشت 

 

رووداو: راگەیاندنەکان دەڵێن، یەکێک لە مافیا گەورەکانی جیهانی، وەک ئێلچاپۆ (گەورە مافیای مادەی هۆشبەر لە مەکسیک) ناوت دەبەن؟
 
زیندەشتی: من ئێلچاپۆ قبوڵ ناکەم، چونکە ئەو هەڤاڵانی خۆی دەفرۆشت.
سێ هەزار گەنجم هەن و ئامادەن گیانی خۆیان بەخت بکەن 
من قەت هەڤاڵانی خۆم نافرۆشم. ئێمە عەشیرەتین، ئەگەر بمانەوێت تۆڵە لە کەسێک بکەینەوە، دەتوانین ئەوە بکەین، سێ هەزار گەنجی 20 تاوەکوو 30 ساڵیمان هەیە، هەمووشیان ئامادەن گیانی خۆیان بەخت بکەن،
پێمخۆشە قوتابخانە و رێگا دروست بکەم، نەک خەڵک بکوژم 
پێویست ناکات بچم مافیا بگرم، ئێستا کاری من ئەوەیە، پێمخۆشە قوتابخانە و رێگا دروست بکەم و خزمەت بکەم، نەک ئەوەی کە خەڵک بکوژم. 
 
رووداو: دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران داوای هاوکارییان لێت نەکردووە؟
 
زیندەشتی: هیچ تێکەڵاوییەکم لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران و تورکیادا نییە.